«بەهاكەی 500 هەزار دۆلارە»

لە سێ مانگدا؛ ملیۆنێك و 400 هەزار سپلیت هاوردەی عیراق كراوە

09:56 - 2022-08-11
ئابووری
801 جار خوێندراوەتەوە

لاپەڕەی ئابووری

بەگوێرەی ئامارێكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، لە سەرەتای سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵەوە، ملیۆنێك و 400 هەزار ئامێری فێنككەرە لە جۆری «سپلیت»، لە وڵاتی چینەوە هاوردەی عیراق كراوە.
ئەوەش روونكراوەتەوە: بەهۆی ئامێری سپلیتەوە، بڕێكی زۆری كارەبا بۆ ئەو ئامێرە بەكاردەهێنرێت، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانیش ئاماژە بەوەدەكات: «بازرگانان ئازادن لە هاوردەكردنی ئامێرە كارەباییەكان و عیراق بازاڕێكی ئازادە».
هاوکات، لە ساڵی 2021دا بە بەهای 17 ملیار دۆلار کە دەکاتە 24 تریلیۆن دینار، کاڵا هاوردەی عیراق کراوە.

״بازرگانان ئازادن״
بەپێی ئامارەكەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، لە ماوەی تەنیا سێ‌ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، بڕی ملیۆنێك و 400 هەزار ئامێری كارەبایی جۆری سپلێت لە چینەوە هاوردەی عیراق كراوە، هاوكات بەهۆی بەرزیی پلەكانی گەرما لە زۆربەی مانگەكانی ساڵدا، عیراق بە یەكێك لە كڕیارە سەرەكییەكانی ساردكەرەوەكان هەژمار دەكرێت.
لەوبارەیەوە، سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە: بازرگانان ئازادن لە هاوردەكردنی ئامێرە كارەباییەكان بۆ هەرێمی كوردستان یاخود عیراق، چونكە بەگوێرەی خواست و خستنەڕوو ئەو ئامێرانە هاوردە دەكرێن.

ملیارێك و 380 ملیۆن دۆلار
دەشڵێت: «ساڵانێكی زۆرە لە ناوچە جیاجیاكانی عیراق و هەرێمی كوردستان، خواستێكی زۆر لەسەر ئامێری فێنككەرەوەی سپلیت هەیە، لە بەرامبەردا بازاڕی عیراق بەگشتی، بازاڕێكی ئازادە و بازرگانان سەربەستن لەوەی چ جۆرە ئامێرێكی كارەبایی لە دەرەوە هاوردە دەكەن».
ئاماژەی بەوەشكردووە: بەهای ئەو ئامێرە كارەباییانەی كە لە ماوەی سێ‌ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا هاوردەی عیراق كراون، دەگاتە سەروو 500 هەزار دۆلار، هاوكات لە توركیاوە بە بەهای ملیارێك و 380 ملیۆن دۆلار، پێداویستیی خۆراك هاوردە كراوە، بە بەهای ملیارێك دۆلاریش پێداویستییەكانی ناوماڵ لەو وڵاتەوە هێنراوە، هەموو ئەوانەش دەریدەخات كە عیراق بازاڕێكی گونجاوە بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی وڵاتانی دەوروبەر.

بە بەهای 17 ملیار دۆلار، کاڵا هاوردە کراوە
هاوردەكردنی ئەو ژمارە زۆرەی ئامێری فێنككەرەوە لە جۆری سپلیت، لەكاتێكدایە كە بەوتەی وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم، بەهۆی زۆری خواست لەسەر كارەبا و دروستبوونی فشار لەسەر وێستگەكان، سەعاتەكانی پێدانی كارەبا بە هاووڵاتیان كەمبۆتەوە. هاوكات چەند جارێكیش بەرپرسانی باڵای وەزارەتی كارەبای عیراق ئاشكرایان كردووە، بەكارهێنانی سپلیت لە وەرزی هاوین و هیتەر لە وەرزی زستاندا، هۆكاری سەرەكییە بۆ كورتهێنانی بەرهەمی كارەبای عیراق و بەردەوامبوونی كێشەی كەمی كارەبا لە وڵاتدا.
هەروەها، سەرەتای ئەم هەفتەیە، بەڕێوەبەرایەتیی داتا و زانیاری بەغدا، ئامارێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە: لە ساڵی 2021دا عیراق بە بەهای 17 ملیار دۆلار، کاڵای هاوردە کردووە کە بەشێکی زۆری کاڵاکان بریتی بووە لە پێداویستیی رۆژانە و بەرهەمە نەوتییەکان، وڵاتی چینیش لە پلەی یەکەمدا دێت کە عیراق کاڵا و شمەکی لێوە هاوردە کردووە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، عیراق لە ساڵی 2021دا بە بەهای 17 ملیار دۆلار، کاڵای هاوردە کردووە کە دەکاتە 24 تریلیۆن دینار و بە رێژەی (٪35) بەراورد بە ساڵی 2020 زیادیکردووە کە بە بەهای 15 ملیار دۆلار کاڵای هاوردە کردبوو.
ئەوەش روونکراوەتەوە: چین لە پلەی یەکەمی ئەو ریزبەندییەدا دێت کە عیراق کاڵا و شمەکی لێوە هاوردە کردووە، وڵاتانی ئێران و تورکیاش، لە پلەی دووەم و سێیەمدان، پێشبینیش دەکرێت ئەم رێژەیە بۆ ئەمساڵ زیاتر بێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان