سێ بڕیاری نوێ لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە

10:00 - 2025-05-20
عیراق
75 جار خوێندراوەتەوە
ئامانج عەزیز

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، سێ بڕیاری لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران دەرکرد.
ئامانج عەزیز بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق سێ بڕیارەکەی بۆ كوردستانی نوێ روونکردەوە و وتی: ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن كۆبووەوە و چەند بڕیارێكی دەركرد، یەکێك لەوانە بۆ جاری سێیەم ماوەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی درێژكردەوە و تا رۆژی 15/6/2025 بەردەوام دەبێت بۆئەوەی دەرفەتی زیاتر بدرێت بە هاووڵاتیان و دەنگدەران كە سەردانی ناوەندەكانی تۆماركردنی دەنگدەران بكەن لە تەواوی پارێزگاكانی عیراق بۆ نوێكردنەوەی داتا و زانیارییەكانیان، چونكە یەكێك لە بەڵگەنامە فەرمییەكان، كە پێویستە دەنگدەران لە رۆژی دەنگدان پێیانبێت، كارتی بایۆمەتری دەنگدانە، ئەگەر كارتەکەی نەبێت، ناتوانێت بەشداری پرۆسەی دەنگدان بكات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كۆمسیۆن بڕیاری داوە بۆ کۆتا جار ماوەی تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانێتی و حزبەکان تا رۆژی 22/5/2025 درێژبکاتەوە.
هەروەها ئەنجومەنی كۆمسیاران بڕیاری داوە بە پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای ئەمنی، كە ئامانج لە پێكهێنانی ئەو لیژنەیە پاراستنی سەرجەم بنكەكانی دەنگدانە لە رۆژی دەنگداندا.
ئامانج عەزیز باسی لەوەکرد، وەك ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، كە سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكان لە سنووری پارێزگاكانی (سلێمانی، هەڵەبجە) و ئیدارە سەربەخۆكانی (گەرمیان، راپەڕین) دەكات، ملیۆنێك و 533 هەزار دەنگدەریان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران هەیە، لەو رێژەیەش 77.5 %ی دەنگدەران پرۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدانیان ئەنجامداوە. وتیشی: لە پاڵ نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران، كارتی بایۆمەتری دەنگدان بەسەر ئەو هاووڵاتی و دەنگدەرانەدا دابەش دەكەینەوە كە پێشتر پڕۆسەی تۆماری بایۆمەتریان ئەنجامداوە، نزیکەی 96 %ی كارتی بایۆمەتری دەنگدان رادەستی خاوەنەكانیان كراوەتەوە و دەتوانن بەشداریی دەنگدان بکەن.
بۆ جاری یەكەمە لەدایكبووانی ساڵی (2007) بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەن و دەتوانن سەردانی ناوەندەكانی دەنگدان بكەن و كارتی بایۆمەتریان بۆ دروستبكرێت. هەروەها ئەو دەنگدەرانەی شوێنی نیشتەجێبوونیان گۆڕیوە یان هەڵە لە داتا و زانیارییەكانیاندا هەیە، دەتوانن سەردانی بنكەكانی تۆماركردن بكەن و كارتی نوێیان بۆ دروست بكرێت.
كوردستانی نوێ – هیوا كازم

بابەتە پەیوەندیدارەکان