وردەکاریی پلانی ئەمنیی لووتکەی بەغدا ئاشکرادەکرێت

10:09 - 2025-05-20
عیراق
71 جار خوێندراوەتەوە

بە زیاتر لە سێ هەزار کامێرای چاودێری و سیستمێکی نوێی تەکنەلۆژی، وەفدە بەشدارەکانی لووتکەی عەرەبی لە بەغدا پارێزراون، وەزارەتی ناوخۆی عیراقیش سەرکەوتنی پلانەکەی رادەگەیەنێت.
دوێنێ وەزارەتی ناوخۆ، وردەکاریی پلانەکەی بڵاوکردەوە و موقەدەم حسێن ماجد بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی فەرمانگەی ئۆپەراسیۆنەکان لە ناوەندی فەرماندەیی نیشتمانی وتی: ئەفسەرانی سەرجەم فەرمانگەکانی وەزارەتی ناوخۆ و نوێنەرانی هەواڵگری و هەواڵگریی سەربازی و ئاسایشی نیشتمانی و حەشدی شەعبی بەشداربوون لە جێبەجێکردنی پلانە ئەمنییەکە، کە لە گەیشتنی وەفدەکانەوە بۆ فڕۆکەخانە دەستیپێدەکرد تا چوونیان بۆ شوێنی مانەوە.
هەر لە پلانەکەدا، تیمی تایبەت ئەرکی پاراستنی دەرەوەی بازنەی پارێزگاری پێدرابوو، هێزەکانی هاتوچۆ و پۆلیسی فریاکەوتن ئەرکیان یاوەریکردنی وەفدەکان بووە لە ساتی گەیشتنیان بە فڕۆکەخانە تا شوێنی مانەوەیان.
لەو پلانەدا، زیاتر لە سێ هەزار کامێرای چاودێری لەسەر رێگەی هاتن و چوونی وەفدەکان دانراوە، هەموو ئەو کامێرایانەی لە شەقام و چوارڕیانەکانیشدا بوون، نوێکراونەتەوە، بەتایبەت ئەوانەی لەسەر رێگەی وەفدەکان بوون.
وردەکارییەکی دیکەی پلانەکە، پەیوەست بووە بە دانانی کامێرا لەناو ئۆتۆمبێلی پاسەوانانی وەفدەکان، کە بە سیستەمی GPSەوە پەیوەست بووە و لەناو سەنتەری فەرماندەیی نیشتمانییەوە سات بە سات چاودێریی ئۆتۆمبێلەکان کراوە. یەکەمجاریشە ئەزموونێکی وا بۆ پاراستنی چالاکییەکی نێودەوڵەتی لەناو عیراقدا، تاقیدەکرێتەوە.
کوردستانی نوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان