قەیرانی چوارەمی تایوان و ململانێی ئەمریکا و چین

10:24 - 2022-08-11
ڕاپۆرت
375 جار خوێندراوەتەوە
سەردانەکەی نانسی پیلۆسی بۆ تایوان

سەفەر محەمەد ساڵح

هەڵکەوتەی جوگرافی تایوان

تایوان دەکەوێتە خۆرهەڵاتی کیشوەری ئاسیا، لە باکووری خۆرئاواوە گەروویەکی زیاتر لە 100میل لە چین جیای کردۆتەوە، سنووری ئاوی لەگەڵ هەریەک لە ژاپۆن لە باکووری خۆرهەڵات و فلیپین لە باشوورەوە هەیە. ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە (23)ملیۆن کەسە.

کورتەمێژوویەکی تایوان
تایوان کە لە کۆندا بە فۆرمۆسکا ناسرابوو، لە سەدەی 17ەوە شەش هێزی ناوخۆیی و دەرەکی دەسەڵاتیان بەسەر تایواندا گرتووە.
1/هۆڵەندا لە ساڵانی  1624-1662.
2/ئیسپانیا لەساڵانی  1626-1642 هاوکاتی هۆڵەندا فەرمانڕەوایی بەشێکی باکووری تایوانی دەکرد.
3/بنەماڵەی ژینگ لە ساڵانی  1662-1683 
4/بنەماڵەی کینگ لە ساڵانی  1683-1895
5/ژاپۆن لە ساڵانی  1895-1945 
6/پارتی نەتەوەیی چین لە ساڵانی  1945-1988.

داگیرکردنی چین لەلایەن ژاپۆنەوە
بە درێژایی دوو سەدە بنەماڵەی کینگ دەسەڵاتیان بەسەر زۆربەی چیندا سەپاندبوو بە تایوانیشەوە. ژاپۆن لە سەردەمی بنەماڵەی (میجی)دا لە نیوەی دووەمی سەدەی 19 دەستی بە گەشەسەندنێکی بەرچاوکرد کە بە (مۆدێرنکردنی ژاپۆن)ناسراوە. لێرەوە ژاپۆن بوو بە وڵاتێکی بەهێز و پێشکەوتوو، دەوڵەتێکی میلیتاریستی دامەزراو، دەستیکرد بە داگیرکاری، خاوەنی بیرۆکەی (ئاسیا بۆ ئاسیاییەکان ) بوو. سەرەنجام جەنگی یەکەمی ژاپۆن-چین دەستیپێکرد و لە ماوەیەکی کەمدا، سوپای ژاپۆن توانی سوپای چین کە ئەوکاتە (بنەماڵەی کینگ) حوکمڕانیان دەکرد،  بشکێنێت و چەند شوێنێکی ستراتیجی بگرن. ئەوەبوو لە ساڵی 1895 رێکەوتننامەی (شیمۆنکی) مۆرکراو یەکێک لە بەندەکانی ئەم رێکەوتننامەیە پێدانی تایوان و چەند ناوچەیەکی تر بوو بە ژاپۆن و تا نیو سەدە و کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی لەژێردەستیدا مایەوە.

جەنگی ناوخۆ
لە ساڵی 1911 (سون یات سن) توانی بنەماڵەی (کینگ) لە دەسەڵات دووربخاتەوە و کۆماری چین لە بەشێکی وڵات دامەزرێنێ. پاش کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم، توانی تایوانیش کۆنترۆڵ بکات. بەمجۆرە(پارتی نەتەوەیی چین) توانی دەسەڵات بگرێتە دەست. بەڵام زۆری پێنەچوو (پارتی کۆمۆنیستی چین  )دامەزرا و لە ساڵی 1927 جەنگی ناوخۆ لەنێوانیاندا دەستیپێکرد و زیاتر لە دوو دەیە بەردەوام بوو. لە ساڵی 1949 پارتی کۆمۆنیستی چین، توانی بەسەر پارتی نەتەوەیی چیندا سەرکەوێت و دەسەڵاتی بەسەر چیندا گرت، پارتی نەتەوەیی چین ناچار پاشەکشەی کرد بۆ دوورگەی تایوان و لەوێوە نوێنەرایەتی وڵاتی چینی دەکرد لە نەتەوە یەکگرتوەکان. بەڵام نەتەوە یەکگرتوەکان لە ساڵی 1971 پارتی نەتەوەیی چینی لابرد و کۆماری چینی میللی بەسەرکردایەتی ماوتسیتۆنگ شوێنی گرتەوە، بەم شێوەیە پارتی نەتەوەیی چین لە تایوان، ئەندامێتی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە دەست دا.
لە ساڵانی 1960 بەدواوە تایوان لە رووی پیشەسازیی و ئابوورییەوە زۆر پێشکەوت و لە دەیەی کۆتایی سەدەی بیستدا بە پێچەوانەی چین، بەرەو دیموکراسی هەنگاوی نا و لە تاک پارتییەوە بوو بە فرە پارتی.

سیاسەتی چین بەرامبەر خۆرئاوا
چین ئەگەرچی سیستمێکی کۆمۆنیستی هەیە، بەڵام لە چارەگی دووەمی سەدەی رابردوو بە دواوە، بەڕووی جیهاندا کرایەوە و جۆرێک لە بازاڕی ئازادی پەیڕەو کرد.بەمەش چین بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی سەندو پێشکەوت. چین سیاسەتێکی جیاواز پەیڕەو دەکات بە بەراورد بە وڵاتانی زلهێزی پێشوو، لەوانە (ژاپۆن، یەکێتیی سۆڤیەت، ئەڵمانیا).

ژاپۆن
ژاپۆن لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیست دا بەهێزترین وڵاتی ئاسیا بوو خاوەن ئیمپراتۆریەتێکی گەورەو بەهێزبوو، بەشێکی زۆری ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ئاسیای داگیرکردبوو، بەڵام خاوەن سیستمێکی میلیتاریستی بوو، واتا هێزی سەربازی دەسەڵاتی تەواوی هەبوو بەسەر بڕیارەکانی حکومەتدا، ئەمەش ژاپۆنی پەلکێشی شەڕ کرد لە جەنگی دووەمی جیهانی و بەتایبەتی لەپاش  هێرشەکەی (پێڵ هابەر) کە پەلاماری کەشتیگەلی ئەمریکای داو زیانی زۆری لێدا، بەم هۆیەوە ئەمریکا شەڕی دژی ژاپۆن بەرپاکرد و سەرەنجام لە ساڵی 1945 ژاپۆن بە بۆمبی ئەتۆمی لێیدراو خۆی رادەستکرد و ئیمپراتۆریەتەکەی لەدەستچوو.

ئەڵمانیا
 ئەڵمانیای نازی لە بەهێزترین و پێشکەوتووترین وڵاتانی ئەوروپا و جیهان  بوو. بە هەڵگیرسێنەری جەنگی دووەمی جیهانی دادەنرێت لە ساڵی 1939. ئەوەبوو لە ساڵی 1941 پەلاماری یەکێتیی سۆڤیەتی داو بووەهۆی رووخانی نازی و ئەڵمانیا داگیرکراو تا ساڵی 1989 دابەشکرا بوو.

یەکێتیی سۆڤیەت
 سۆڤیەتیش لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە رابەرایەتی بلۆکی خۆرهەڵاتی دەکرد بەرامبەر خۆرئاوا بۆ ماوەی زیاتر لە نیوسەدە کە بە جەنگی سارد ناسراوە. بەهۆی دەستتێوەردانی سەربازی زۆر و داگیرکردنی وڵاتان و خراپی باری ئابووری نەیتوانی لە کێبڕکێی خۆرئاوا بەردەوام بێت و لە ساڵی1991 لەبەریەک هەڵوەشاو بەرامبەر خۆرئاوا شکستی هێنا.

سیاسەتی ئاشتیانەی چین
ئێستا چین لە هەموو کایەکاندا رۆڵێکی گرنگی هەیە، لەگەڵ خۆرئاوا (ئەمریکا بەتایبەت)لەکێبڕکێی ئابووریی و پیشەسازیی و تەکنۆلۆژیادایە. بەڵام بەپێچەوانەی ئەو وڵاتە زلهێزانەی باسمانکردن، چین تا ڕادەیەکی زۆر سیاسەتی ئاشتیانەی گرتۆتەبەر و کەمتر خۆی لە دەستێوەردانی سەربازی دەدا.

ئایا هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا ستراتیجی چین دەگۆڕێت؟

سەرەڕای هۆشدارییەکانی خۆرئاوا، لە شوباتی ئەمساڵدا روسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، جیهان بەگشتی و ئەوروپا بەتایبەتی تووشی چەندین تەنگژە کردەوە. هاوکارییە سەربازییەکانی خۆرئاوا بۆ ئۆکرانیا،پێشڕەویی روسیای تەواو خاوکردۆتەوەو وەستاندوێتی، بەپێچەوانەی شارەزایانەوە کە چەند رۆژێکی کەمییان دانابوو بۆ خۆبەدەستەوەدانی ئۆکرانیا، جگەلەوەی چەندین گەمارۆی توندی ئابووریش خراوەتە سەر روسیا، روسیاش کۆمەڵێک گەمارۆی خستۆتە سەر ئەوروپا.
بەهەمانشێوە، ئەمریکا هۆشداری دایە چین لە دەستێوەردانی سەربازی چین لە تایوان، مانگی رابردوو جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی وەڵامدانەوەی سەربازی کرد بەپێچەوانەی هەڕەشەکانی لە روسیا، ئەگەربێت و پەلاماری تایوان بدات.

قەیرانی چوارەمی تایوان
لە2/8/2022  نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، سەرەڕای هۆشدارییەکانی چین سەردانی تایوانی کرد، چین بە دەستێوەردانی کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی سەیر دەکرد، بەمەش قەیرانی چوارەمی دوورگەی تایوان سەریهەڵدا. پێشتر لە ساڵی( 1954-1955) قەیرانی یەکەمی تایوان بە بۆمبارانکردنێکی کەم دروست بوو. دواتر لە ساڵی 1958 قەیرانی دووەمی تایوان دروست بوو، کاتێک چین ویستی بە تەواوی کۆنترۆڵی بکات و پەلاماریدا ، بەڵام بەهاوکاریی ئەمریکا، چین پاشەکشەی پێکرا. قەیرانی سێیەمی تایوان لە ساڵانی 1995-1996 بوو پاش سەردانی (لی تێنگ هوو) سەرۆکی تایوان بۆ ئەمریکا.
دوای سەردانەکەی نانسی پیلۆسی حکومەتی چین دەستیکرد بە مانۆڕی سەربازیی و تاقیکردنەوەی چەندینجۆر موشەک و سەپاندنی سزا بەسەر نانسی پیلۆسی دا، هەروەها لێدوانەکانی کاربەدەستانی ئەمریکاش خاوبوونەتەوە و داوا لە چین دەکەن کۆتایی بە مانۆڕە سەربازییەکانی بهێنێت، ئەمەش پاش ئەوەی جمووجۆڵە سەربازییەکانی چین لە نزیک تایوان زیادیانکرد و ئاسمانی تایوانیان بەزاند. 
بەڵام پێناچێت چین هاوشێوەی روسیا لە ئۆکرانیا دەستێوەردانی سەربازی لە تایوان بکات، چونکە تایوان لەلایەن ئەمریکاشەوە وەک وڵاتێکی سەربەخۆ دانەنراوە و جگەلەمەش هەر هێرشێکی چین بۆسەر تایوان، ئەگەر روبەڕوبوونەوەی هێزی سەربازی ئەمریکاشی لێنەکەوێتەوە، روبەڕوی گەمارۆی ئابووری قورس دەبێتەوە، بەمەش دەشێت گورزێکی گەورەی بەربکەوێت لە حاڵەتی تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ خۆرئاوا.

سەرچاوەکان:
1.
D.G.HALL:  A history of south east  Asia.
2. R.K.Majumdar and A.N.Srivastava: History of Japan.
   Website
3. FOREIGN POLICY: Xi`s great leap backward.  by: Craigsinglaton.
4. FOREIGN policy: China responds to PELOSi` Taiwan trip. by: Jamesplumir.
5. The China Journal: 2011. The history of Taiwan.  by : Brunce jacob

بابەتە پەیوەندیدارەکان