دووەمین کۆنفرانسی زمانی دایک لە شاری لەندەن

10:19 - 2025-05-21
کەلتور
15 جار خوێندراوەتەوە

پێشڕەو ئیسماعیل (مامۆستا پێشڕەو)


رۆژی دووشەممە (2025.5.5) لە شاری لەندەن لە هۆڵی هۆتێلی(Double Tree by Hilton London-Ealing)، کۆنفراس لە سەعات نۆ و نیوی بەیانییەوە دەستی بەکارەکانی کرد تا هەشتی ئێوارەی خایاند، بە میوانداری چەند مامۆستایەکی پسپۆر و شارەزا لە زمانی کوردیدا، هەروەها ژمارەیەکی بەرچاوی خەمخۆرانی زمانی دایک و چەند تیپێکی هونەر و میوزیک، بەشدار بوون. 
سەرەتا دەستخۆشی و رێزێکی زۆر بۆ رێکخراوی کانگا، بەتایبەتی مامۆستایانی هێژا (عەدنان شاسوار و شەوبۆ محەمەد) و هەموو ئەو سەربازە خۆبەخشانەی تر کە رۆڵیان هەبوو لە ئامادەکردن و سەرخستنی کۆنفرانسەکەدا. دەبوایە ئەم کارە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی رۆشنبیری و زانکۆکان پێی هەستانایە، نەک رێکخراوێکی خێرخوازی خۆبەخش بێ ئیمکانیەت و بێ پشتیوان شان بداتە بەر ئەرکێکی وا گەورە و گران. 
وێڕای سەرکەوتنی کۆنفرانسەکە بە باشی، هەندێک سەرنج و تێبینی و پێشنیاز دەخەمەڕوو، لەپێناو باشتر بەڕێوەبردنی کۆنفرانسەکانی داهاتوو، بەو هیوایەی بەڕێوەبەرانی کانگا و کۆنفرانسەکە بە دڵێکی فراوانەوە لێم وەربگرن.
لایەنی کۆنترۆڵکردنی دەنگە دەنگ و گفتوگۆی لابەلایی و هەستان و هاتوچۆکردن لاواز بوو، بەتایبەتی لە پانێڵەکانی دوای نیوەڕۆ. دەبوایە کاتێک دیاریبکرایە لە نێوان پانێڵەکاندا بۆ گفتوگۆ و رەخنە و پێشنیاز و خستنە سەرباسەکان لەلایەن ئامادەبووانەوە. یان ژمارەی پانیستێڵەکان کەمتر بوایەـ یان ئەگەر ئیمکان بوایە کۆنفرانسەکە بکرایە بە دوو رۆژـ تەنانەت لەبەرنەبوونی کات پسپۆڕەکانی زمانیش کاتیان نەبوو بە تەواوی بابەتەکانیان بخەنەڕوو، ئەمەش لەبەر زۆری پسپۆڕەکان و پانێڵەکان. ماوەی کۆنفرانسەکە دوورودرێژ بوو، هەربۆیە بەشێک لە ئامادەبووان تا کۆتایی نەمانەوە و بێتاقەت بوون. 

 

بەداخەوە ناونیشانی زۆربەی دوکان و بازاڕ و نووسینگە و چێشتخانە و زۆر شوێنی تر، بە زمانی بێگانە نووسراون

تەوەری کۆتایی کۆنفرانسەکە تەرخانکرا بۆ گفتوگۆ و پرسیار و پێشنیاز و رەخنە و سەرنج و تێبینی، یەکەم کەس قسەم کرد و ڕای خۆم دەربڕی دەربارەی کۆنفرانسەکە و زمان بەگشتی و زمانی کوردی بەتایبەتی، هەرچەندە ماوەکەم زۆر کەم بوو، پوختەی قسە و باسەکانم بەم جۆرەی خوارەوە بوو. 
گۆێم لێبوو یەکێک لەوانەی کۆڕەکەی بەڕێوە دەبرد وتی: ئێستا مەترسی لەسەر زمانی کوردی نەماوە، من بەپێچەوانەوە دەیبینم، ئێستا گەورەترین مەترسی هەیە لەسەر زمانەکەمان، مەترسییەکەش خۆمانین کە زمانی خۆمان خۆش ناوێت و گرنگی پێنادەین و زۆر کەمتەرخەمین بەرامبەر زمانە شیرینەکەمان، ئەوەندەی سەرسام و گرنگی بە زمانە بێگانەکان دەدەین، نیو ئەوەندە گرنگی بە زمانی زگماکی خۆمان نادەین. بۆ نموونە نووسەر هەیە چەند کتێبێکی لەسەر زمانی کوردی نووسیوە، بەڵام منداڵەکانی کوردی نازانن، مامۆستا هەیە ماستەر و دکتۆرای لەسەر زمان هەیە، بەڵام منداڵەکانی خستۆتە خوێندنگای ئینگلیزی، دایک و باوک هەیە لە دیاسپۆرا دەڵێن، نامانەوێ منداڵەکانمان کوردی بزانن و خوێندنەوەو نووسینی کوردی فێربن، ئەمەیە کارەسات. پەرلەمانی کوردستان لە خولی یەکەمیدا بەداخەوە بڕیارەکانی بە عەرەبی دەردەکرد. ئەمشەو خاڵم شووی کرد، ئەمە قسەی منداڵێکی کوردە لە تاراوگە کە بە منداڵەکانی هاوڕێی وتوویەتی خاڵم شووی کرد، یەکسەر لە وشە ئینگلیزییەکەوە وەریگرتووە، لە زمانی ئینگلیزیدا بۆ هەردوو رەگەزی نێر و مێ ئەو وشەیە بەکاردێت، بەڵام لە زمانی کوردیدا جیاوازە، کچ شوو دەکات و کوڕ ژن دەهێنێ. منداڵەکە گوناحی نییە و خەتای نییە، خەتای دایک و باوکیەتی، بۆیە بەتەنیا حکومەت لێپرسراو نییە، بەڵکو دایک و باوک و خێزان و کۆمەڵگە و قوتابخانە و مامۆستا و وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی رۆشنبیری و وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکانیش لێپرسراون. 
هەر کوردێک تۆزقاڵێک هەست و رۆحی کوردایەتی تیا بێت و زمانەکەی خۆی خۆش بێت، دەبێت هەمیشە ئەم وتە جوان و بەنرخەی نووسەری داغستانی(رەسوڵی هەمزەتۆڤ)ی لەسەر وێردی زمانی بێت کە دەڵێت: ئەگەر سبەینێ زمانەکەم بفەوتێ، با من ئەمڕۆ بمرم. کەچی جێگەی داخە رۆژ لە دوای رۆژ، ژمارەی قوتابخانە بێگانەکان زیاد دەکات و بەمەش ژمارەی خوێندکار و خوێندنگە کوردییەکان کەم دەکات، هەروەکو یەکێک لە پرۆفیسۆرەکان لە پانێڵەکەی خۆیدا وتی: ئێستا گەورەترین کێشەمان ئەوەیە کە منداڵی کورد خوێندن و نووسینی کوردی نازانن، هیوادارم قسەکانی من وا لێکنەدرێتەوە کە من دژی زمانی بێگانەم، بە پێچەوانەوە من حەز دەکەم هەموو منداڵێکی کورد چەند زمانێک بزانێت، بەڵام کورد دەڵێت تا بۆ ماڵ وەستا بێ، بۆ مزگەوت حەرامە. ناونیشانی زۆربەی دوکان و بازاڕ و نووسینگە و چێشتخانە و زۆر شوێنی تر، بە زمانی بێگانە نووسراون. (جۆهان هێردەر) پسپۆر و زمانناسی ئەڵمانی، داوای لە ئەڵمانەکان دەکرد شانازی بکەن بە زمان و بنەچەی خۆیانەوەو دەیگوت(زمان لە رۆحەوە سەرچاوە دەگرێ نەک لە دەمەوە). هەروەها زانای ئەڵمانی(پیتەر سلۆتەر دایک) دەڵێت: زمان ناسنامەیە، شوناسە، توخمێکی بنچینەیی پێکهێنانی نەتەوەیە. 
زمانی یەکگرتوو بەوە دروست نابێت کە زاراوەیەک بسەپێنین بەسەر زاراوەکانی تردا، زمانی یەکگرتوو بە مانای ئەوە نایەت کە زاراوە و بن زاراوەکانی تر قووت بدات، زمانی ئەدەبی یەکگرتوو بە تێکەڵکردنی هەموو زاراوە و بن زاراوەکانی تر پێکدێت. لە باشووری کوردستاندا زاراوەی کرمانجی ناوەڕاست یاخود زاراوەی سۆرانی، زمانی ستانداردە، چونکە ئەمە واقیعە زۆربەی زۆری بەرهەمی ئەدەبی و هونەری و سیاسی و ئابوری و فەلسەفی و سۆسیۆلۆژی بە زاراوەی سۆرانی نووسراوەتەوە، بەڵام زاراوەی سۆرانی دەبێت دەوڵەمەند بکرێت بە وشەی جوانی کرمانجی ژوورو هەروەها بە زاراوەی گۆران (هەورامی و زازا)و کەڵهوڕ(کرمانجی خوارو)و زاراوەکانی تریش، بوونی زاراوەو بن زاراوەی زۆر لە زمانێکدا نیشانەی دەوڵەمەندی ئەو زمانەیە. 
زمان ئەگەر بەکارنەیەت و مامەڵەی رۆژانەی پێوەنەکرێت بەرەو نەمان و فەوتان دەچێت، لە جیهاندا( 16 ــ 17) هەزار زمانی چالاک هەبوون، بەڵام ئێستا تەنیا نزیکەی شەش هەزار زمانی چالاک ماون، 45 % ئەم زمانانەش هەڕەشەی فەوتانیان لەسەرە. قسەیەک هەیە دەڵێت: هەر هەفتەی زمانێک دەمرێت، کوا زمانەکانی( سۆمەری و ئەکەدی و بابلی و ئاشووری و کلدانی و سریانی و زاگرۆسی و ئیلامی و زەردەشتی و لۆلۆیی و گۆتی و کاسایی و میدیایی و هۆری و ..........).؟ زمان بۆئەوەی نەفەوتێ و بەردەوام گەشە بکات، دەبێت ببێتە زمانی ئابووری، زمانی بازاڕ و ئاڵووێرکردن.
جێگەی خۆیەتی کە بپرسین بۆچی کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم خولێکی فێربوونی زمانی کوردی ناکەنەوە بۆ ئەو هەموو کرێکارە بەنگلادیشی و تایلەندی و فلیپینی و نیپاڵی و هیندی  هی تر؟!
 ئەی بۆچی ئێمەمانان کە دێینە وڵاتانی ئەوروپا، یەکسەر دەمان نێرن بۆ فێربوونی زمان، تەنانەت رەگەزنامە وەرناگری ئەگەر زمانی ئەو وڵاتە نەزانی. ئێ با ئەو کرێکارە بیانیانەش لە کوردستان بزانن کە زمانێک هەیە لەم وڵاتەدا، جیاوازە لە زمانەکانی عەرەبی و تورکی و فارسی، بۆ خۆشیان باشترە زووتر کاریان دەستدەکەوێت. 
کێشەیەکی تری زمانی کوردی، جیاوازی بەکارهێنانی ئەلفوبێی نووسینی کوردیە، بەجۆرێک باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئەلفوبێی عەرەبی دەنووسن، بەڵام باکوور و بەشێکی زۆری رۆژئاوای کوردستان بە ئەلفوبێی لاتینی دەنووسن.
لە کۆتاییدا دەبێت هەتا کەی ئێمەی کورد چاوەڕوانی دروستبوونی زمانێکی یەکگرتوو بین، چاوەڕوان بین تا دەبینە دەوڵەت، ئەی ئەگەر سەد ساڵی تریش نەبووین بە دەوڵەت، یان هەر نەبووین بە دەوڵەت، دەبێت زمانەکەمان هەر ئاوا سەرگەردان و پاشاگەردانی و لەتوپەت بێت؟!

بابەتە پەیوەندیدارەکان