هێژا خەسرۆ
هەموومان دەزانین لە ساڵی 2005ـەوە ساڵانێك بوو یانەی هەولێر لە هەموو رووێكەوە، بە تایبەت باری دارایی و لەناوخۆی یانەكە و بگرە لە ئاستێکی زۆرباش و پێشكەوتوو بوو، ئەم سەردەمەی ببووە سەردەمی زێڕینی یانەكە، بە بردنەوەی چەندین خولی عیراقی، لە تۆپی پێ و بەشداریكردنی لە خولەكانی دەرەوە، لە ئاستی یارییەكانی دیكە و یارییە تاكەكانیشدا هەردەم یانەكە ئەنجامەكانی باشبووە، بەگشتی هەولێر لە هەموو دۆخێكدا باشترین بوو، هەموو یاریزانێك ئاواتی ئەوە بوو بۆ جارێكیش بێت درێسی یانەی هەولێر بپۆشێت، بەڵام با روونی بكەینەوە چەند ساڵێكە هەولێر چی لێهاتووە و چییان لێكردووە؟.
گومان لەوەدانیە یانەی هەولێر كێشەی دارایی نییە، بەڵام ئەوەی كێشەیە بۆ یانەكە ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی یانەكەیە لەلایەن كەسانی ناشارەزاوە، ئەمە وایكردووە بڵێین هەولێر كێشەی دارایی هەیە، جارێك سەرۆك و دەستەی كارگێڕی یانەكە بە گەندەڵ وەسف دەكرێن، جارێك بە باسی باڵ باڵێنەی ناو كارگێڕی یانەكە، لەم بەینەدا كێشەی دارایی لە یانەكەدا دروست دەبێت، جا هەر یەكە و پەنجەی تۆمەت بۆ ئەویتر درێژدەكات، یەكێكیان شەڕ دروستدەكات، یەكێك دەست لەكار دەكێشێتەوە و هەر یەكە و بەجۆرێك خۆی نمایشدەكات بەدڵی ئەو لایەنەی پێی ئاڕاستەكراوە، سەری هەموو ئەو كێشانەی تووشی یانەكە بووە باڵ باڵێنی حزبێكی دیاریكراوە كە دەستوەردان لە یانەكە دەكات.
بەپێی شیكردنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو حزبەی خۆی كردووەتە خاوەنی یانەی هەولێر، هەموو ئەم شكاندنەی یانەی هەولێر بۆ بەرژەوەندی هەردوو یانەی دهۆك و زاخۆیە، ئێستا دەبینین چۆن ئەم دوو یانە كوردییە گەیشتوونەتە ئەوپەڕی پاڵپشتی، هەولێریش پشتگوێخراوە و دڵنیابن وا بە ئاسانی نایەتەوە بەرچاوان، چونكە حزب بڕیاری لێداوە و تەواو هەولێر پشتگوێخراوە، یانەكە سەرۆكی فەخرییەكی هەیە تەنها لە هەندێك یاریدا لە یاریگا ئامادە دەبێت و یەك بڕیاری بەدەست نییە، لە حزب هەر بڕیارێك بدرێت دەڵێت: ئەمە جێبەجێبكەن و تەواو، ناهەقیشی نییە، چونكە هەر دەسەڵاتی ئەمەی هەیە، باشترین چارەسەر بۆ ئەو یانەیە، دەرچوونە لە قاڵبی حزبی و یانەكە وەرزشوانانی شارەكە بەڕێوەی بەرن، بۆ داهاتیش كێشەیان نییە و یانەكە خاوەنی چەند موڵكێكە، ئەگەر باش ئیدارە بدرێت دەتوانن ئەمەش بە باشی بەڕێوەببەن.
بەپێی شیكردنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو حزبەی خۆی كردووەتە خاوەنی یانەی هەولێر، هەموو ئەم شكاندنەی یانەی هەولێر بۆ بەرژەوەندی هەردوو یانەی دهۆك و زاخۆیە
هەموو ئەمانە بەلایەك، تكایە واز لەوە بهێنن هەر رۆژە و كەسێك بە دڵی خۆتان بكەنە سەرۆك یان ئەندامی دەستەی كارگێڕی یانەكە، ئەو كەسانە نا شارەزا و نا ئاگادارن لە بارودۆخەكە، ئیتر چۆن دەتوانن كاروبارەكانی یانەكە هەڵسوڕێنن، لەكاتێكدا كارەكان ئاسان نین و یانەكە دەیان كێشەی بۆ درووستبووە، ئێستا ئەوەی هەمووان دەیانەوێت ئەوەیە، جیاكاری نەبێت لە نێوان یانەكانی كوردستانی بەشدار لە خولی ئەستێرەكانی عیراق و هەولێریش وەكو یانەكانی دیكە پاڵپشتی بكرێت و بگەڕێتەوە سەردەمی زێڕینی خۆی و حزب خۆی لە یانەكە بە دووربگرێت.