رۆژی 23/5/2025، 58 ساڵ بەسەر دامەزراندنی تیپی مۆسیقای سلێمانی تێپەڕی، ئەو تیپەی ساڵانێكە لەگەڵ ئازار و خۆشی و ناخۆشی گەلەكەیدایە و توانیویەتی بە هونەرەكەیان داكۆكی لە هونەر و كەلتور و گەلەكەی بكات.
مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی یەكێك لە دامەزرێنەران و سەرۆكی پێشووتری تیپی مۆسیقای سلێمانی سەبارەت بە دروستبوونی ئەو تیپە بە دوالاپەڕەی وت: پەنجا و هەشت ساڵ لەمەوپێش (23/5/1967) كۆمەڵێك گەنج بووین، بەنیاز بووین لەگەڵ تیپی هونەری میللی بەغدا لە بۆنەیەكدا بەشداربین، كۆبوونەوەیەكمان كرد كە بە چ ناوێك بچینە سەر شانۆ و بەرهەمەكانی خۆمان پێشكەش بكەین، من پێشنیارم كرد بە ناوی تیپی مۆسیقای سلێمانی بچینە سەر شانۆ، هەر بەو ناوەش چووینە سەر شانۆ و پێشوازییەكی گەرمیشمان لێكرا.
وتیشی: ئیتر تا ساڵی 1973 لەسەر چالاكییە هونەرییەكانمان بەردەوام بووین، هەرچەندە پێشتریش مۆڵەتمان هەبوو، بەڵام دەستێك لە ئارادا هەبوو كە كارەكانمان پەكبخات، ئێمەش بەدواداچوونمان بۆ كرد و توانیمان مۆڵەتی رەسمی وەربگرین، لەوكاتەوە تائێستا بە بەردەوامیی لەگەڵ ئازار و خۆشی و ناخۆشی گەلەكەماندا بووین و توانیومانە بە هونەرەكەمان داكۆكی لە هونەر و كەلتوری نەتەوەكەمان بكەین، توانیومانە لەگەڵ گەلەكەماندا ئاوێتەبین و ئەوانیش باوەشیان بۆ كردووینەتەوە.
مامۆستا ئەنوەر ئاماژەی بە دەستەی دامەزرێنەر كرد و وتی: سەرەتا دەستەی دامەزرێنەر سێ كەس لە پەیمانگەی هونەرەجوانەكان بووین، مامۆستا ولیەم، فەرەیدون دارتاش، ئەلبێرت عیسا، من و كاك محەمەد حوسێن، دواتر هەڵبژاردنمان كرد و من وەك سەرۆكی تیپەكە هەڵبژێردرام، لە گروپەكەدا وەك نەریتێك، ساڵانە هەڵبژاردن دەكرا، ساڵانی دیكە وەك بەڕێوەبەری هونەری كارم دەكرد، مەبەستمان پلە نەبوو، بەڵكو مەبەستمان بوو بەرهەمی جوان پێشكەشی گەلەكەمان بكەین.
جەواد حەیدەری