لە ژێر ناونیشانی «رۆڵی راگەیاندن لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا» لە بەغدا، كارەكانی چوارەمین كۆنگرەی میدیای عەرەبی، بەبەشداریی زیاتر لە 30 پسپۆڕ و توێژەر و راگەیاندنكاری وڵاتانی عەرەبی، لە 20 تا 24ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، لە رۆژانی كۆنگرەدا، چەندین تەوەر و پانێڵ گفتوگۆیان لەسەركرا.
لە كۆنگرەكەدا تاوتوێی پرسی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و رۆڵی راگەیاندن لەو پرسەدا، كرا.
لەو بارەیەوە، ئالان عەبدوڵڵا ئەندامی ئەنجومەنی ئەمیندارێتیی تۆڕی راگەیاندنی عیراقی بە كوردستانی نوێ-ی وت: كۆنگرەكە، كە خولی چوارەمینە، لە تونسەوە گوازرایەوە بۆ بەغدا، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە جارێكی تر بەغدا باوەش بۆ كۆنگرەیەكی گەورەی میدیا دەكاتەوە.
ئالان عەبدوڵڵا سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆنگرەکە و گفتوگۆکانی روونیکردەوە، لە كۆنگرەکەدا رۆڵی راگەیاندن بۆ بەرەنگاربوونەوەی کارەسات و رووداوە سروشتییەكانی وەك گۆڕانی كەشوهەوا و سووتانی دارستانەكان و بوومەلەرزە تاوتوێکرا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە راگەیەندراوی كۆتایی كۆنگرەكەدا، داوا لە حكومەت و کەناڵەکانی راگەیاندن کرا رۆڵیان هەبێت لە هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان بۆئەوەی یارمەتیدەربن لە پاراستنی ئاو و بەفیڕۆنەدانی و پاكڕاگرتنی سەرچاوەكانی ئاو. هەروەها هاووڵاتیان هۆشیارببنەوە بەرامبەر ئەو دیاردەی خۆڵبارینەی ماوەی چەند ساڵێكە بەشێوەیەکی چڕ عیراقی گرتوەتەوە.
وتیشی: زیاتر لە 170 رۆژنامەنووس و دەزگای میدیایی وڵاتانی عەرەبی بەشدارییان تێداكردبوو، سێ دەزگای میدیاییش لە كوردستانەوە بەشدارییان كرد.
سلێمانی – هیوا كازم