پارێزگاری كەركوك، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی سنوورەكەی راگەیاند و بەپێی زانیارییەكانیش ساڵی رابردوو نزیكەی 550 تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە.
دوێنێ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی دروێنە و بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیارانی كەركوكیشە، رایگەیاند: لە سنووری پارێزگای كەركوك، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆی كەركوك دەستپێدەكرێت، وتیشی: لایەنە پەیوەندیدارەكانم ئاگاداركردووەتەوە كە ئاسانكاریی تەواو بۆ جووتیاران بكەن و رێكاری پێویست بگرنەبەر.
ئاماژەی بەوەشكردووە كە دەبێت رۆژانە 250 بارهەڵگر لە ناحیەكانی تازە و ریاز و قەزای حەویجە وەربگیرێت، تا سەركەوتنی وەرزی بەبازاڕكردن زامن بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش چاودێریی وردی رێكارەكان لە وەرگرتنی گەنم دەكەین لە ناوەندەكاندا و دەبێت لیژنەكانی تایبەت بە وەرگرتنی گەنم هەموو رۆژانی هەفتە لە بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵ ئامادەبن بۆ وردبینی لە فۆرمی وەرگرتنی گەنمدا.
هەر لەوبارەیەوە، عەبدوڵڵا میروەیس سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: جگە لە سایلۆی كەركوك، سێ شوێنی دیكە بۆ وەرگرتنی گەنم تەرخانكراوە و جووتیارانیش دابەشكراون بەسەر ئەو چوار شوێنە دا و مەبەستیش لەوە ئەوەیە جووتیاران تووشی ئاستەنگ و قەرەباڵغی نەبن.
سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ، دەڵێت: ئەمساڵ، فۆڕمیان بۆ گشت جووتیاران دروستكردووە و فۆڕمەكەش دەبێتە ناسنامەیەك بۆ پاراستنی جووتیاران و ئاسانكاریی بۆیان و جووتیار و بازرگان لێكجیادەكاتەوە و سەرجەم بازگەكانیش ئاگاداركراونەتەوە دەبێت ئاسانكاری بۆ جووتیاران بكەن.
كەركوك، هێمن ئەحمەد