بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، کە لە سێ سەرچاوەی باوەڕپێکراوی خۆیەوە کۆی کردووەتەوە، وەزارەتی نەوتی عیراق سکاڵایەکی یاسایی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکردووە.
سکاڵاکە پەیوەندی بەو دوو گرێبەستەی نەوت و گازەوە هەیە، کە هەفتەی رابردوو حکومەتی هەرێمی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی، ئیمزای کرد.
سەرچاوەکان باسیان لەوەکردووە، ئەو سکاڵایە نوێترین ئاڵنگاری بەردەم هەوڵەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمە لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، کە لە مانگی ئاداری ساڵی 2023وە راگیراوە و دانوستانی سێقۆڵی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراق و کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان (ئەپیکۆر)یش بەردەوامە.
دووشەممە 19ی ئایاری 2025، لە واشنتۆن بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، حکومەتی هەرێم بە جیا دوو گرێبەستی لە بواری وزە لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی «ئێچ کەی ئێن ئێنەرجی (HKN Energy) و وێستێرن زاگرۆس (Western Zagros)» ئیمزاکرد، کە بەهای هەردووکیان دەگاتە 110 ملیار دۆلار بۆ وەبەرهێنان لە بلۆکی میران و هەروەها لە گوندی تۆپخانە لە ناوچەی جەبارە لە ناحیەی قادرکەرەم.
هەر دوای دوو گرێبەستەکە، وەزارەتی نەوتی عیراق نایاساییبوونی ئەو هەنگاوەی حکومەتی هەرێمی راگەیاند و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمیش وەڵامی دایەوە و جەختی لە دروستیی هەنگاوەکەی کردەوە.
کوردستانی نوێ