مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە یۆبیلی زێڕیندا: سەروەریمان زۆرە و ئەرکمان زۆرتر

11:45 - 2025-05-31
کوردستان
180 جار خوێندراوەتەوە

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ یۆبیلی زێڕینی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

پەیامی مەکتەبی سیاسی بۆ یادی یۆبیلی زێڕینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سەروەریمان زۆرە و ئەرکمان زۆرتر

کەسوکاری سەرفرازی شەهیدان
پێشمەرگە قارەمانەکان و  هەڤاڵانی یەکێتیی
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

یادی پەنجا ساڵەی دەستپێکی خەباتی یەکێتییەکەتان، لە هەمووتان و لە هەموومان پیرۆز بێت.
پەنجا ساڵ پێشتر، ساڵی ١٩٧٥، حزبی شەهیدان، بە دەستپێشخەریی سەرۆک مام جەلال و هەڤاڵەکانی  لەدەستەی دامەزرێنەر جاڕی تێکۆشانێکی درێژخایەنیان بۆ رزگاری و بۆ مافەکانی گەلی کوردستان  دا، کەمتر لە ساڵێکیش دوای ئەوە ، لە ١-٦-١٩٧٦دا بڵێسەی شۆڕشی نوێ هەموو شاخ و دەشت و دۆڵی وڵاتەکەمانی گرتەوە.
لەم کاروانە زێڕینەدا هەزاران شەهیدی سەرکردە و فەرماندە و پێشمەرگەی ئازا و بەجەرگ، سەدان نەبەردی پێشمەرگانە و موقاوەمەی زیندان و سێدارە و چالاکی رێکخستن و خۆپیشاندان و مانگرتن، تێکڕایان بوونە ناونیشان و رەمزی قۆناغێکی نوێی بەرخۆدانی  کوردایەتی و دیموکراتی بە ناوەرۆکێکی پێشکەوتنخوازی کۆمەڵایەتییەوە.
وێستگەکانی تێکۆشانی یەکێتی کە هیوا و ئاواتی میللەتەکەمانی زیندووکردەوە، لەهەموو ئاست و بوارەکانی سیاسەتدا نوێ و دەگمەن و بێ وێنەبوو، تێکۆشانی ژنان و پیاوان، کچان و کوڕانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان وا کۆمەڵانی خەڵکی جۆشدایەوە کە کوردستان بە کردەوە بووە گۆڕەپانی جولانەوەیەکی هەمەلایەنەی سیاسیی، پێشمەرگایەتی، رووناکبیری، ئیعلامی و جەماوەریش.
لە ماوەیەکی  کورتدا، سەرەڕای ئاستەنگە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، وێڕای خۆخۆری و سەرکوت و ستەمی رژێمی بەعسی داگیرکەر، توانی ویستی میللەتەکەمان بۆ ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە راپەڕینی سەرتاسەریدا سەربخا و بۆ یەکەمینجار لە ژیانی تێکۆشەراندا ئاواتەکانی رزگاری و دیموکراسی و حوکمڕانی خۆبەخۆ و خۆمانی بە دیبێت.
سەرەنجام لە سایەی قوربانی و رەنج و هیلاکی یەکێتییەکەتاندا ئەزموونی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان بەسەر هەموو تەنگژە و دژوارییەکابدا زاڵبوو و کاروانی سەرکەوتووی خۆی گەیاندە قۆناغی روخانی رژێمی دیکتاتۆری و ئاواکردنی عیراقێکی فیدراڵی و دیموکراسی و ئاوەدانکرنەوەی وڵات بە ئازادیی کەرکوک و خانەقین و تێکڕای ناوچە دابڕاوەکانیشەوە کە نەخشەڕێگای دەستووری لە ماددەی ١٤٠دا بۆ دانراوە، دوای دەیان ساڵ لە داڕزان و داکەوتن، تەعریب و تەبعیس و ئینجا تیرۆر و تەرهیبیش کە بەسەر میللەتەکەماندا هێنرا.
هەر لە قۆناغی پرۆسەی دیموکراسی و دەستوریشدا سەرۆک مام جەلال، دامەزرێبەر و سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانیی  کوردستان، رابەر و پێشمەرگەی دیموکراتخواز بووە یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی جێی متمانەی گەل و سەمام ئەمانی عیراقی فرەنەتەوە و فرەمەزهەب و فرەکێشە و لە ئەزموونی سەرۆکایەتیی خۆیدا نموونەی جاویدان و مەزنی لەسەر لێوەشاوەیی تێکۆشەری یەکێتی و لەخۆبوردوویی حزبی شەهیدان پێشکەشی کوردستان و گەلانی عیراقیش کرد کە بۆ هەتاهەتایە شانازییە بۆ میللەتەکەمان لە ئاستی دونیادا.
هەڤاڵان و کۆمەڵانی خەڵکی جوامێر و بەوەفای کوردەواری کە هێزی لە بن نەهاتووی یەکێتی و کوردایەتیین، لەم رێڕەوە پەنجا ساڵییەدا یەکێتیی هەمیشە ئاوێتەی رەنج و قوربانی، ئازار و هیواکانی جەماوەر بووە. لێی دوور نەکەوتۆتەوە و لێی جیانەبۆتەوە، هەر لەبەرئەوەش یاد و یادگارەکانی، شەهید و قوربانییەکانی دەیان ساڵەی بۆنە و سەروەریی نەتەوەیی و نیشتمانین و کۆمەڵانی خەڵکی خۆیان لەگەڵ یەکێتی خاوەندارێتی لێدەکەن و پێی شاد و سەربەرزن.
جا ئەمڕۆش کە لەهەلومەرجێکی نوێباودا یادی یۆبێلی زێڕین دەکەینەوە، کوردستان و یەکێتییەکەی، عیراق و ئەزموونەکەی ئەرک و فرمانی تازەیان لەسەر شانە و پێویستە لەگەڵ خۆشی و شانازی یادەکەدا هەموومان  بۆ ئەرکەکانی نوێی خەباتی سیاسیی ئامادە بین، خۆمان مشتوماڵ بکەینەوە و لەسایەی یەکێتییەکی پتەوتر، یەکریزتر و تۆکمەتردا وەڵامی ئەرکەکانی قۆناغ بدەینەوە، هەڤاڵانی دێرین و ئێستامانی بۆ ساز بدەین و گەلەکەمانی بۆ جۆشبدەین، کچان و کوڕانی نەوەکانی تازەی کوردەواری بهێنینە پای ئەم خەباتە ستراتیژییە کە هێشتا زۆری ماوە بگاتە دوا مەنزڵی (ئاشتی،  دیموکراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین).
سڵاو و درود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کاروانی پەنجا ساڵە و تێکرای شەهیدانی کوردستان و عیراق.
سڵاو لە خەباتگێڕانی دێرینی هەموو قۆناغ و سەردەمەکان کە یەکێتییان کردە ئەم تەلارە بەرز و بڵندەی سەرتاسەری کوردستان. بەڵێنی ئەمڕۆی یەکێتیش بە سەرۆکایەتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی هەر ئەوەیە کە ئەمانەتی حزبی شەهیدان دەپارێزین و ئاڵای سەوزەکەی بە شەکاوەیی دەمێنێتەوە. پێکەوە ئەم ئەرکە بەدیدێنین و پێکەوەش دەیکەینە خەڵاتی شایستە بۆ کورد و کوردستان.
لە یادی یۆبیلی زێریندا وەک مامی گەورەمان دەیوت (ئێوەش هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتووبن)

مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
١-٦-٢٢٥ 

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان