لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ئوتناپیشتمدا لە بەغدا، 12 خەڵات پێشکەش بە داهێنەرانی بوارە جیاوازەکان کرا.
د.حسێن تائی بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە بۆ کوردستانی نوێ رایگەیاند، کۆتایی مانگی ئایاری رابردوو سێیەم فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ئوتناپیشتم لە کۆمەڵگەی ئاهەنگەکان لە بەغدا بە ئامادەبوونی کەسایەتیی هونەریی و رۆشنبیری و لێپرسراوان و دیپلۆماتکاران بەڕێوەچوو، کە 12 خەڵاتی ساڵانە لە بوارەکانی هونەریی، وەرزشی، ئەدەب، زانست و مرۆیی درا بە داهێنەران.
فێستیڤاڵەکە لە رێی چەند لیژنەیەکەوە سەرپەرشتی دەکرێت، کە تایبەتن بە داوەری، رێکخستن، هونەریی و لۆجیستی.
هەر لە بارەی چالاکییەکەوە، فەرید لەفتە سەرۆکی فێستیڤاڵەکە وتی: لەئێستا و رابردووشدا بەغدا ناوەندێکی زانستی و ئەدەبی و مرۆیی بووە، لەسەر خاکەکەی بیرمەندان داهێنانیان کردووە.
د. جەبار جودی عەبودی نەقیبی هونەرمەندانی عیراق ستایشی رێکخستنی فێستیڤاڵەکەی کرد و رایگەیاند، بڕگەکانی بەگوێرەی پرۆگرامی هونەریی، رۆشنبیری، هزر و هۆشیاری دانراون.
لە فێستیڤاڵەکەدا لە پاڵ خەڵاتکردنی هونەرمەندان عەبدولمحسین نەمر لە سعودیە، حەیات فەهد لە کوێت و نەجلا عیماد کچە پاڵەوانی خاوەن پێداویستی تایبەت و چەند داهێنەرێکی دیکە، فریشتە نەجات وەك خانمێکی کورد و چالاکوانی بواری پاراستن و چاودێری ئاژەڵان لە سلێمانی، خەڵاتکرا.
هەڵبژاردنی ناوی ئوتناپیشتم هەروا لەخۆوە نییە، بەڵکو لە کەسایەتی ئوتناپیشتمی ناو داستانی گلگامێشەوە وەرگیراوە، کە پاڵەوانێکە و مرۆڤایەتی لە زریان و لەناوچوون پاراستووە و کارەکانی بۆ هەتاهەتایە دەمێنێتەوە، بەو ئومێدەی کاری ئەو داهێنەرانەش لەناو کۆمەڵگەدا بمێنێتەوە.
بەغدا - کوردستانی نوێ