بازرگانی مەرگ کێیە؟

11:22 - 2022-08-13
ڕاپۆرت
96 جار خوێندراوەتەوە

دوای 12 ساڵ لە دەستگیرکردنی ناوی بازرگانی بەناوبانگ و مەترسیداری چەک ڤیکتۆر بوت هاتەوە نێو ناوان لەکاتی گفتوگۆی نهێنی نێوان وڵاتە یەکگرتووەکان و روسیا بۆ گۆڕینەوە و ئازادکردنی یاریزانی ئەستێرەی باسکەی ئەمریکی بریتنی گرینەر، کەواتە ڤیکتۆر بوت کێیە؟ بۆچی پێیدەوترێت بازرگانی مەرگ؟ بۆچی روسیا دەیەوێت ئازادی بکات هەرچەندە ‌قاچاغچی چەکە؟
ڤیکتۆر بوت لە ساڵی 1967 لە پایتەختی تاجیکستان دوشنبە نزیک سنووری ئەفغانستان ئەو کاتەی شارێکی روسی بووە لە دایکبووە، بەپێی راپۆرتی تۆڕی CNN ئەمریکی بێت ڤیکتۆر ژمێریار و میکانیکی ئۆتۆمبێل بووە و لە پەیمانگەی سەربازیی بۆ زمانە بیانییەکانی سەر بە هەواڵگری سەربازیی روسیا دەرچووە، پاشان بووە بە ئەفسەر لە سوپای سۆڤێت و پلەی مولازمی هەبووە و وەرگێڕێکی سەربازیی بووە و لە زۆر وڵات کاریکردووە لەوانە ئەنگۆلا ئەو وڵاتەی لە دواییدا بووەتە بنکەی کارو چالاکییەکانی.
لە کاتێکدا ڤیکتۆر بە زمانزانێکی لێهاتوو دادەنرێت و بە چەندین زمان دەدوێت لەوانە هەردوو زمانی تاجیکی و روسی هەروەها زمانەکانی ئینگلیزی و فەرەنسی و پورتوگالی و عەرەبی و فارسی دەزانێت.
بۆچی ناوی بازرگانی مەرگی لێنرا؟ 
ڤیکتۆر بوت بەناوبانگترین و کاریگەرترین بازرگانی چەکە لە دونیادا و نازناوی بازرگانی مەرگ یان فریشتەی مەرگی لێنرا، بەهۆی توانایەوە بۆ فرۆشتنی چەک بەو دەوڵەتانەی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە قەدەغەی کڕینی چەکیان لەسەرە.
وا دادەنرێت ئەگەر ڤیکتۆر ئەو چەکانەی بە لایەنە ناکۆکەکان نەفرۆشتایە جەنگەکانی سودان و لیبریا و ئەنگۆلا و کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی و سیرالیۆن درێژەی نەدەکێشا، جگە لە فرۆشتنی چەکی زۆر بە دەوڵەتانی ئاسیا و ئەمریکای باشور.
زانراوە ئەو بازرگانە لە ژێر چەندین ناوی خوازراودا گەشتی کردووە وەکو «ڤیکتۆر ئەناتولیڤیچ بوت» یان «ڤیکتور لاکین» ، «ڤیکتۆر بولاکین» یاخود «ڤادیم مارکوڤیچ» بە دەوڵەتانی وەکو ئیماراتی عەرەبی و باشوری ئەفریقادا کردووە، پێش دەرکەوتنی لە روسیا ساڵی 2003، هەروەها خاوەنی نازناوێکی خراپ بووە لە دونیادا بەشێوەیەک بەرهەمهێنەرانی فیلمی لە هۆلیوود هاندا فیلمێکی لە بارەوە بکەن بە ناوی Lord of War ساڵی 2005 لە پاڵەوانێتی نیکۆلاس کەیج.
لە هەڵوەشانەوەی 
یەکێتی سۆڤییەتدا براوە بوو

ئەوەی ڤیکتۆر بوت-ی کردە بواری بازرگانیی چەکەوە و سودی گەورەی کرد لە سەروبەندی کوتلەی شیوعی-دا بوو ساڵی 1989-1991 کاتێک سودی لە زۆر و زەوەندی چەکی سەردەمی سۆڤیەتی فەرامۆشکراو کرد و بەکاریهێنا بۆ هاندانی زنجیرەیەک جەنگی ناوخۆیی لە ئەفریقا و ئاسیا.
کاتێکیش هێزی ئاسمانی زەبەلاحی یەکێتی سۆڤییەت هەڵوەشایەوە، ڤیکتۆر توانی زنجیرەیەک فڕۆکەی سەربازی کە 60 فڕۆکەی سەربازیی سۆڤیەتی کۆن بوون بنکەکەی لە ئیماراتی عەرەبی بوو، لە رێیەوە توانی چەک بۆ دەوڵەتانی دیکە دەستەبەر بکات.
ئەو بازرگانە کاتێک ناسرا دوای ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کەوتنە لێکۆڵینەوە لەگەڵی لە ساڵانی سەرەتای نەوەدەکان تا ناوەڕاستی نەوەدەکان کاتێک لە راداری ئاژانسی هەواڵگری ئەمریکا دەرکەوت، لە راپۆرتەکانیان باسی هاووڵاتییەکی روسی نامۆی دەکرد کە بازرگانی بە چەکەوە دەکات لە ئەفریقیا و لەگەڵ سەرەتای هەزارەی نوێشدا بووە یەکێک لە داواکراوترین پیاو لە دونیادا.
ئیمپراتۆریەتێکی دروست کرد
لە کتێبی بیرەوەرییەکدا ساڵی 2007 بڵاوکرایەوە بە ناوی «بازرگانی مەرگ: دەمانچە و فڕۆکە و ئەو پیاوەی وادەکات بتوانرێت جەنگ بکرێت» ی نووسەران دۆگلاس فەرەح و ستیڤن براون تێیدا وردەکارییەکانی بازرگانییە نامۆکەی ڤیکتۆری هاتووە، هەروەها باسی ئەوە دەکات ئەو پیاوە ئیمپراتۆریەتەکەی لە بازرگانی چەکدا بەستۆتەوە بە کۆمپانیایەکی کاری لۆجیستی ئاسایی و بنکەکەی لە ئیمارەی شاریقە بووە لە ئیماراتی عەرەبی.
ئەو کەسانەی موشتەری بوون بریتی بوون لە گروپ و کۆمەڵەی بەرهەڵستکار و میلیشیاکان لە کۆنگۆوە بۆ ئەنگۆلا و لیبریا، تەنیا کەمێک لە ئایدۆلۆجیای چەسپاوی هەبووە و کاری لە سیاسەت بەلاوە گرنگتر بووە.
لە ئەفغانستان چەکی فرۆشتووە بە ئەندامانی تالیبان و دوژمنەکانیشیان لە یەکێتی باکوری سەر بە خۆرئاوا، هەروەها لە بەڵگەنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە ڤیکتۆر بزنسمان و بازرگان و گوێزەرەوەی چەک و کانزاکان بووە، پاڵپشتیی سەرۆکی لیبریای پێشوو چارلز تایلۆری کردووە بە چەک وەکو هەوڵدانێک بۆ تێکدانی جێگیریی سیرالیۆن و دەستکەوتنی ئەڵماس بە رێگەیەکی نا یاسایی.  
فرۆشیاری مووشەک یان سەمای تانگۆ؟
کۆتایی ڤیکتۆر بوت ساڵی 2008 بوو دوای پرۆسەیەکی ورد لەلایەن دەستەی قەڵاچۆکردنی ئەمەریکی بۆ ماددە هۆشبەرەکان کاتێک چاودێری هاتوچۆی ڤیکتۆریان دەکرد لە نێوان چەند دەوڵەتێکدا و گەیشتنی بە هۆتێلێکی گرانبەها لە بانکوک-ی پایتەختی تایلەندا.
دوای پرۆسەیەکی ئاڵۆز توانییان تۆمەتەکە بەسەر ڤیکتۆردا بسەپێنن لەبەردەم کامێرادا کاتێک رازیدەبێت چەک بە چەند هەواڵگرێکی ئەمریکی کە بەنهێنی کاریان دەکرد و وەکو چەکداری فارک-ی چەپی کۆڵۆمبی خۆیان نیشاندەدا بەوەی 100 مووشەکی ئەرزیی-ئاسمانییان پێ بفرۆشێت و لە شەڕی نێوان خۆیان و هێزی ئەمریکی بەکاریبێنن، دوای ماوەیەکی کەم لەوە پۆلیسی تایلەندا دەستگیریی دەکەن، هەرچەندە خێزانەکەی باسی لەوە کردبوو تاکە پەیوەندی ئەو بە تایلەنداوە «وانەی سەمای تانگۆ» بووە.  
دادگاییکردنی لە وڵاتە یەکگرتووەکان
دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە مشتومڕی دیبلۆماسی تێیدا روسیا سوور بوو لەوەی ڤیکتۆر بوت بێ تاوانە و کەیسەکەی بەسیاسیی کراوە، ڤیکتۆر تەسلیمی وڵاتە یەکگرتووەکان کرایەوە و رووبەڕووی کۆمەڵێ تۆمەت بووەوە لەوانە پاڵپشتیی تیرۆریستان، پیلانگێڕی بۆ کوشتنی ئەمریکییەکان، سپی کردنەوەی پارە، ڤیکتۆر حوکم درا بە چەندین تۆمەتی پەیوەست بە هێزە چەکدارییەکانی شۆڕشگێڕەکانی کۆلۆمبیا، بەڵام ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و رایگەیاند تەنیا بزنسمانێکە کۆمپانیایەکی گواستنەوەی نێودەوڵەتیی یاسایی هەیە، بە هەڵە بەو تۆمەتانە تۆمەتبارکراوە، بەڵام دەستەی دادوەران باوەڕیان پێنەکرد.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی بی بی سی بەریتانی دانی بەوەدا نابوو لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکاندا چەکی بۆ ئەفغانستان ناردووە دژی تالیبان، هەروەها بەوتەی خۆی یارمەتی حکومەتی فەرەنسی داوە بۆ گواستنەوەی شتومەک بۆ رواندا دوای ئەو کۆمەڵکوژییەی لەوێ کراوە لەگەڵ گواستنەوەی هێزەکانی پاراستنی ئاشتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان.
ساڵی 2012  دادگای مانهاتن حوکمی 25 ساڵ زیندانیی بەسەردا دا کە ئەوە کەمترین حوکمە بۆ ئەو تۆمەتانە و لەو ساڵەوە روسیا هەوڵی گەڕاندنەوەو ئازادکردنی دەدا، بۆیە کاتێک لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا لە فڕۆکەخانەی مۆسکۆ دەستبەسەر زەیتی حەشیشە لە جانتای ئەو کچە یاریزانە ئەمریکییەدا درا لە مانگی ئابدا لەلایەن دادگای روسییەوە بە 9 ساڵ زیندانی حوکمدرا بە تۆمەتی هەڵگرتنی ماددەی هۆشبەر، بۆیە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن گفتوگۆ لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە و واشنتۆن پێشنیاری گۆڕینەوەی ڤیکتۆری کردووە بەو کچە یاریزانە لەگەڵ پۆل ویلان کە ئەندامێکی مارێنزی ئەمریکی پێشووە و ساڵی 2020 بە تۆمەتی سیخوڕیی 16 ساڵ لە روسیا حوکمدرا.
بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز بێت گرنگیدانی روسیا بە ڤیکتۆر بوت ئاماژەیە بۆئەوەی ئەو بازرگانە پەیوەندی بە دەزگای هەواڵگری روسیاوە هەیە.

سەرچاوە: رویترز عربی

بابەتە پەیوەندیدارەکان