ساڵێک تێپەڕنەبوو بەسەر دەستنیشانکردنی ئیلۆن ماسک، ملیاردێری ناودار، لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە بۆ سەرۆکایەتیکردنی دەستپێشخەرییەک بەناوی "دۆج" (DOGE) بەمەبەستی چاکسازی لە کارایی حکومەتدا، کەچی دەنگۆی "شکستێکی گەورە" لە واشنتۆنەوە بەرزبووەوە.
ئەم هەنگاوە، لە سەرەتادا وەک چارەسەرێکی شۆڕشگێڕانە بۆ سیستمی بیرۆکراسی و گەندەڵی کارگێڕی دەبینرا و پشتیوانی کەسایەتییە دیارەکانی وەک شۆن ماگوایەر و بێڵ ئاکمانی بەدەستهێنابوو، تەنانەت سێناتۆری پێشکەوتنخواز بێرنی ساندەرزیش بە وریاییەوە پشتیوانی لێکردبوو، بەڵام زوو رووبەڕووی رەخنە و شکست بووەوە.
شکستی دەستپێشخەرییەکە
ماسک، بەڵێنی پاشەکەوتکردنی دوو تریلیۆن دۆلاری لە خەرجییەکانی حکومەت دابوو، لە 28ی ئایاردا کشانەوەی خۆی لە دەستپێشخەرییەکە راگەیاند، دوای تەنها شەش مانگ لە دەستپێکردنی. هەرچەندە هەندێک هەنگاوی وەک کەمکردنەوەی هاوکارییە دەرەکییەکان و دەرکردنی دەیان هەزار فەرمانبەری گرتبووەبەر، بەڵام ئەمانە تەنها رێژەیەکی کەمی کۆی خەرجییە فیدراڵییەکان پێکدەهێنن.
راپۆرتی ئیکۆنۆمیست ئاماژە بەوە دەکات کە دەستپێشخەریی "دۆج" بانگەشەی پاشەکەوتکردنی نزیکەی 175 ملیار دۆلاری کردووە، بەڵام ئەم ژمارەیە "جێی گومانە" و داتاکانی وەزارەتی گەنجینە نیشانی دەدەن کە خەرجییە فیدراڵییەکان بەردەوام بوون لە بەرزبوونەوە. ماسک خۆی دانی بەوەدا ناوە کە "بیرۆکراسی فیدراڵی زۆر خراپتر بووە لەوەی بیری لێدەکردەوە" و رەخنەی لە بودجەی نوێی ترەمپیش گرتووە کە "هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی خەرجی لاواز کردووە".
هۆکارەکانی شکست
شێوازی کارکردنی جیاوازی ئیلۆن ماسک، کە پشتی بە چەند بیرۆکەیەکی نامۆ و جێی سەرنج دەبەست – وەک بانگەشەی بوونی "فەرمانبەری وەهمی" لە دامەزراوەکاندا یان وێناکردنی هەندێک نووسینگەی حکومی وەک "کەمپی ئاوارەکان" – بووە هۆی ئەوەی کەسانی پسپۆڕ و ژمێریاری کارامە لێی دووربکەونەوە و متمانەیان پێی نەمێنێت.
هاوکات، دەنگۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشەبەری کیتامین لەلایەن ماسکەوە (هەرچەندە خۆی رەتیکردووەتەوە) زیاتر وێنەی پڕۆژەکەی شێواند و گومانی خستە سەر تواناکانی.
جگە لەمانە، بڕیاری کەمکردنەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ دەرەوە، بەپێی شرۆڤەی پسپۆڕان، مەترسی گیانلەدەستدانی نزیکەی 300 هەزار کەسی لێکەوتووەتەوە بەهۆی برسێتی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەوە.
لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەمریکاش، ئەم دەستپێشخەرییە بووەتە مایەی بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو فەرمانبەران و کارمەندانی دەزگا ئیدارییەکاندا.
رووداوێکی تری جێی سەرنج، داخستنی "پەیمانگای ئاشتی ئەمریکا" بوو لەسەر دەستی تیمی ماسک، کە دواتر بە بڕیاری دادگا کرایەوە و لە کاتی پاککردنەوەیدا ئاسەواری ماددەی هۆشبەر دۆزرایەوە، ئەمەش گومانەکان زیاتر دەکات سەبارەت بە شێوازی کارکردن و هەڵسوکەوتی ئەو تیمە.
میراتی ماسک
ماکس ستیر، سەرۆکی دامەزراوەی "هاوبەشی بۆ خزمەتی گشتی"، دان بەوەدا دەنێت کە حکومەت پێویستی بە نوێبوونەوە هەیە، بەڵام هۆشداری دەدات کە "فەوزای دۆج" چاکسازیی داهاتووی قورستر کردووە. شارەزایان پێیان وایە کە میراتی ماسک لە ئیدارەی گشتیدا رەنگە توانای گۆڕانکاری نەبێت، ئەو "فریادڕەسەی" کە سەرمایەداران و بڕیاربەدەستان چەپڵەیان بۆ لێدەدا، ئێستا بووەتە بارگرانی و مەترسی ئەوە هەیە کە ئەزموونە شکستخواردووەکەی ببێتە رێگر لەبەردەم هەر چاکسازییەکی راستەقینەدا لە داهاتوودا.
سەرچاوە: ئیکۆنۆمیست