ئا: دڵان سامان
توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە سیستمەکانی زیرەکیی دەستکرد، بەبێ فەرمان و ئاراستەکردن لەلایەن مرۆڤەوە توانای ئەوەیان هەیە بگەنە بڕیارێک، کاتێک گفتوگۆ لەگەڵ یەکدا دەکەن و راوبۆچوون دەگۆڕنەوە، تەنانەت هەندێکیان قەناعەت بە هەندێکی دیکەیان دەکەن.
بەپێی تۆڕی میدیایی (سکای نیوز)ی بەریتانی، ئەم توێژینەوەیەی زانایانی زانکۆی سیتی سانت جۆرج لە لەندەن یەکەمجارە لەو جۆرە توێژینەوەیە بکرێت، هاوکات زاناکان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامە، دوای ئەوەی تاقیکردنەوەیان لەسەر کۆمەڵە ئامێرێکی زیرەکیی دەستکرد کرد و داوایان لێکردن ناوێک بۆ کەرەستەیەکی نوێ بدۆزنەوە، ئەو کۆمەڵە سیستمەی زیرەکیی دەستکرد کەوتنە مشتومڕ و را گۆڕینەوە، بەبێ ئەوەی هیچ مرۆڤێک تەدەخول بکات یان ئاراستەیان بکات.
پرۆفیسۆر ئەندریا بارۆنچیلی مامۆستا لە زانکۆی سانت جۆرج و داهێنەری سەرەکی ئەو توێژینەوەیە دەڵێت: "ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت کاتێک ئەم سیستمانە ئازاد دەکرێن، دەتوانن رەفتارگەلێک پەرەپێبدەن کە پێشبینیمان نەکردووە یان هیچ نەبێت بەرنامەسازییمان بۆ نەکردووە".
جگەلەوە سیستمەکانی زیرەکیی دەستکردیان کردە گروپ گروپ و بینیان لایەنگیرییان بەرامبەر هەندێک ناو هەیە، هەرچەندە ئەو جۆرە لایەنگیرییانە لە تاقیکردنەوەکانیاندا بە تاک نەبووە.
ئەو پرۆفیسۆرە وتیشی: "ئەوە مانای وایە ئەو کۆمپانیایانەی سیستمەکانی زیرەکیی دەستکرد پەرەپێدەدەن، پێویستیان بەوەیە کاتێک سیستمەکانیان پێکەوە کاردەکەن، زیاتر ئاگاداری ئەو لاینەگیرییانە بن کە سیستمەکانیان دروستی دەکەن".
ئاماژەی بەوەشدا کە لایەنگیری تایبەتمەندییەکە یان کەموکوڕییەکی سەرەکی سیستمی AI یە، کە زۆرجار ئەو لایەنگیرییە، لایەنگیرییە باوەکانی نێو کۆمەڵگە گەورەتر دەکات، ئەوانەی نامانەوێت زیاتر تەشەنە بکەن.
لەلای خۆشییەوە ئەریێڵ فلینت ئاشیری کە لەو توێژینەوەیەدا بەشدار بووە، وتی: "ئەو ئەنجامانە دەیسەلمێنن سیستمەکانی زیرەکیی دەستکرد، جۆرێک لە کۆمیونیکەیشن لەگەڵ یەکتریدا پەرەپێدەدەن وەک ئەوەی لەنێوان مرۆڤدا هەیە".
روونیشیکردەوە کاتێک ئەو سیستمانە لەشێوەی گروپدا کۆمیونیکەیشن دەکەن بەبێ ئەوەی دەستی مرۆڤی تێدا بێت، جۆرە ستانداردێکی زمانەوانی و کۆمەڵایەتی پەیڕەودەکەن وەک ئەوەی مرۆڤەکان لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا لەگەڵ یەکتردا بەکاریدەهێنن.
دواجار لێکۆڵەران جەختیان لەوە کردەوە ئەم توێژینەوەیە ئاسۆی نوێ بۆ لێکۆڵینەوەکانی سەلامەتیی زیرەکیی دەستکرد دەکاتەوە.
سەرچاوە: الشرق الاوسط