راپۆرتی/ ئه‌یاز هه‌ركی
ئاوارەکانی ناوچه شاخاوییەکانی ده‌ڤه‌ری بادینان دڵخۆشن به ئاگربه‌ست و به گه‌رمی پشتگیری پرۆسه‌ی ئاشتی نێوان حکومەتی توركیا و پارتی کرێکارانی کوردستان ده‌كه‌ن
پرۆسەی ئاشتی نێوان توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان رووداوێكی گرنگی مێژوویی سیاسییه، كه كاریگە‌ریی راسته‌وخۆی له‌سه‌ر گه‌لی كورد به گشتی هه‌یه، به‌تایبه‌تیش لەسەر هاووڵاتیانی باشووری كوردستان و گوندنشینانی ناوچه شاخاوییە‌كانی سنووری پارێزگای دهۆك، ئاوارەکانی ناوچه شاخاوییەکانی ده‌ڤه‌ری بادینان دڵخۆشن به ئاگربه‌ست و به گه‌رمی پشتگیری پرۆسه‌ی ئاشتی نێوان حکومەتی توركیا و پارتی کرێکارانی کوردستان ده‌كه‌ن.
هیوایان بۆ گەڕاوەتەوە
ئێستا هیوایه‌كی زۆر بۆ ئاوارەکانی گوندنشینی ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک دروست بووه، بەوەی كه له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا بگه‌ڕێنه‌وه بۆ گونده‌كانیان، هه‌روه‌ها به‌شێكی ئاوارەکانی ناوچه شاخاوییه‌كانی ده‌ڤه‌ری بادینان داوا له ده‌سه‌ڵاتدارانی بادینان دەکەن كارئاسانی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بكرێت و زیانلێكه‌وتووانی شه‌ڕی توركیا و په‌كه‌كه قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه.
وارهێل به‌رگاره‌یی ئاواره‌ی گوندی ساركێ، لەو بارەیەوە بۆ كوردستانی نوێ دواو وتی: ساڵانێکی زۆرە بەهۆی شەڕی سوپای تورکیا و په‌كه‌كه‌وه ئاوارە بووین، ئێستا زۆر دڵخۆشین بە ئاگربه‌ست و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، هیوادارین خاڵەکانی رێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و گەلی کوردیش لە باکووری کوردستان بە مافەکانی خۆی بگات.
دەیان گوند چۆڵ کراون
هەروەها وتی: خانووی ئێمە و خانووی ئامۆزایەکمان له گوندی سارکێ، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بە تەواوی خاپوور کراوه، زیاتر لە 20 گوندی ده‌ڤه‌ری به‌رێ گاره چۆڵکراون و خەڵک ناچار بوون لە شاره‌كانی دهۆک، ئامێدی، دێرەلۆک، سەرسەنگ، قەدیش و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی كوردستان نیشتەجێ بن، ره‌ز و باخەکانمان کە چەندین ساڵە کاری تێدا دەکەین، زۆربه‌یان به‌هۆی شه‌ڕه‌وه له ناوچوون و هەوڵ و ماندوبوونی چه‌ندین ساڵه‌مان بەفیڕۆ چووە.
ئەو هاووڵاتییەی گوندی ساركێ وتیشی: داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەین کە ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتیانی گونده شاخاوییەکانی ده‌ڤه‌ری بادینان بکەن، بەتایبەتی پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی بادینان لەگەڵ حکومەتی تورکیا بیر له رێککەوتنێك بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو گوندنشینانە بكه‌نەوە، کە بەهۆی شەڕی نێوان په‌كه‌كه و سوپای تورکیاوه زیانێكی زۆریان به‌ركه‌وتووه و ره‌ز و باخەکانیان له‌ناوچوون.
لای خۆیەوە ئیسماعیل محه‌مه‌د کە هاووڵاتییه‌كی گوندی شێرانه وتی: ئێمە چەندین ساڵە بەهۆی شەڕی سوپای تورکیا و پەکەکەوە گوندەکه‌مان چۆڵكراوه، هیوادارین دوای ئاگربەست و جێبەجێکردنی خاڵەکانی پرۆسەی ئاشتی، هەردوو لایه‌ن ناوچەکانمان بەجێبهێڵن و بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، بۆ ئەوەی ئێمه‌ش کە چه‌ندین ساڵه ئاواره‌ین، جارێكی دیكه بتوانین بگەڕێینەوە گوندەکان و ناوچەکەی خۆمان و ژیانێکی نوێ دەست پێبکەینه‌وه.
ئەو هاووڵاتییە هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: نزیكه‌ی 60 ماڵی گوندەکەمان ساڵانێکی زۆرە بەهۆی شەڕی بەردەوامی تورکیا و پەکەکەوە گونده‌كه‌یان چۆڵکردووە، لە مانگی ئەیلولی ساڵی پارەوە تا ئێستا هیچ گوندنشینێک نەیتوانیوە بگەڕێتەوە گوندەكه بۆ ئەوەی ئیش و كاری ئاودێریی له ره‌ز و باخەکانی خۆیدا بكات.
ئیسماعیل محه‌مه‌د وتیشی: داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی ئیدارەی پارێزگای دهۆک دەکەم، دوای ئاگربەستی نێوان په‌كه‌كه و تورکیا، کارئاسانی بۆ گەڕانەوەی گوندنشینانی ناوچه شاخاوییه‌كانی ده‌ڤه‌ری بادینان بکەن، هەروەها وتی: پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پشتیوانی لە سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا بکات بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەماندا، بەتایبەت بۆ نەهێشتنی ئەم کێشەیە کە چەندین ساڵە بەدەستیەوە دەناڵێنین و هیوادارین بە زووترین کات بگەڕێینەوە گوندەکانمان.
لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه مه‌هدی محه‌مه‌د خه‌ڵكی گوندی مه‌هیدێ، بۆ كوردستانی نوێ دوا و وتی: ساڵانێکی زۆرە لە گوندەکەم ئاوارە بووم، ئێستا لە ناحیه‌ی دێرەلۆک نیشته‌جێم، چەند ساڵێکە نەمانتوانیوە سەردانی زه‌وی و زار و ره‌ز و باخەکانی خۆمان بکەین و لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین، ناتوانین یەک کیلۆمەتر لە ناوەندی ناحیه‌ی دێرەلۆک دوور بكه‌وینه‌وه.
وتیشی: داوا لە پارێزگای دهۆک دەکەین پلان و بەرنامەیەک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکە دابنێن و هاووڵاتیانی زیانپێكه‌وتوو قەرەبوو بکرێنه‌وه، هەروەها رێگاوبانی گوندە شاخاوییە چۆڵکراوەکان نۆژه‌ن بكرێنەوە.
کارئاسانی بۆ گەڕانەوەی خه‌ڵكی ناوچەکە بکرێت
ئەو هاووڵاتییە هەروەها داوای‌کرد گوندەکانیان ئاوەدان بكرێته‌وه و کارئاسانی بۆ گەڕانەوەی خه‌ڵكی ناوچەکە بکرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵ و زێدی خۆیان و وه‌ك جاران دەست بە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداریی خۆیان بکەن.
سوودی ده‌بێت بۆ دەڤەرەکە
لای خۆیەوە رێبه‌ر سادق، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی دێره‌لۆك، به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: گومانی تێدا نییە، دوای سه‌ركه‌وتنی پرۆسەی ئاشتی له نیوان توركیا و پەکەکەوە، ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای دهۆک بەتایبەت بۆ دەڤەرەکەمان سوودی زۆری ده‌بێت، چونكه ئیدارەی پارێزگاکە و حکومەتی هەرێم چەند پلان وبەرنامەیەکیان هەیە بۆ گوندە چۆڵکراوەکانی سنوورەکە، گونده‌كان ئاوه‌دان ده‌كرێنەوە و ئاسانكاریش ده‌كرێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئاواره بۆ ناوچه‌كانی خۆیان.
هەروەها وتی: ئێستا رێگای قیرتاوكراو بۆ چەند گوندێکی دەڤەری به‌رێ گارە براوە، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی شەڕ و پێکدادانەکانی سوپای توركیا و په‌كه‌كه‌وه و نا سه‌قامگیری و دۆخی ئەمنی ناوچەکەمانەوە، به نیوەناچڵی ماونەتەوە و چاوه‌ڕێی دەر‌فه‌رتێكی گۆنجاو ده‌كه‌ین بۆ ته‌واوكردنی رێگاکان، هه‌روه‌ها به‌هۆی دۆخی شه‌ڕه‌وه 46 گوندی ناحیه‌ی دێره‌لۆك چۆڵكراون، كه ژماره‌ی خه‌ڵكه‌كەی زیاتر لە 10 هه‌زار كه‌سن و نیوه‌ی ژماره‌ی دانیشتووانی ناحیه‌كه پێكده‌هێنن، ئه‌مه‌ش ته‌نها ئاماری سنووری ناحیه‌ی دێره‌لۆكه.
بەهۆی شەڕی په‌كه‌كه و سوپای توركیاوه لە 30 ساڵی رابردوودا، قه‌زای ئامێدی زۆرترین زیانی به‌ركه‌وتووه و نزیكه‌ی 200 گوندی سنوورەکە چۆڵکراون و زیاتر له 30 هاووڵاتیش شه‌هید بوون، ته‌نها له ناحیه‌ی شێلادزێش له كۆی 91 گوند تائێستا 85 گوند چۆڵكراون و زیانێكی زۆر به‌ر ره‌ز و باخ و مێشه‌وانه‌كانی ناوچه‌كه گه‌یشتووه، به گشتیش لە ئەنجامی شەڕی بەردەوامی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا، نزیکەی 400 گوندی سنووری پارێزگای دهۆک چۆڵکراوە.