چیرۆكی دروستكردنی یانەی فەرمانبەرانی هەولێر چۆن بووە؟

10:23 - 2025-06-18
دووتوێ
28 جار خوێندراوەتەوە

یانەی فەرمانبەران، یەكێك بوو لە شوێنە دێرینەكانی شاری هەولێر، كە لەبیستەكانی سەدەی رابردوو لەو شارە، بەمەبەستی كۆبوونەوە و كات بەسەربردنی فەرمانبەران دروستكرا، شوێنەكەی نزیكبوو لە سەنتەری شار و بازاڕی شێخەڵڵای ئێستا، بەڵام ماوەی چەند ساڵە ئەو شوێنە رووخێنراوە و هیچ شوێنەوارێكی نەماوە.
نووسەر و رۆژنامەنووس مومتاز حەیدەری، سەبارەت بەو یانەیە دەڵێت: یانەی فەرمانبەران نیشانەیەكی پێشكەوتنی كۆمەڵایەتیی و كەلتوریی شاری هەولێر بوو، چونكە ئێواران مامۆستایان و فەرمانبەران تێدا كۆدەبوونەوە، یەكێك لەو كەسانەشی هاموشۆی ئەو یانەیەی كردووە، فایەق بێكەسی شاعیر بوو، هەروەها ئەندامانی حزبی هیوا لەیانەكە چالاكیان ئەنجامداوە، كاتێك لەساڵی 1942 یا 1943 مامۆستا عیزەدین فەیزی و حەیدەر عوسمان و مستەفا عوزێری كە لەسەركردەكانی حزبی هیوا بوون، لەرێگەی چالاكییەك، رێگربوون لەوەی ئاهەنگێك بكرێت كە بەنیازبوون بەزمانی توركی بەڕێوەبچێت.
وتیشی: من یەكێكم لەوانەی دەیان كۆڕ و سیمینارم لە یانەی فەرمانبەران ئەنجامداوە، بۆیە دەتوانم بڵێم یانەی فەرمانبەرانی هەولێر یەكەم شوێنی كۆبوونەوەی رۆشنبیران و دەستەبژێرانی شارەكەبوو، پیاوە بەتەمەنە خانەنشینكراوەكانیش ئێواران لەسەر مێز و كورسیەكانی دادەنیشتن و چاو قاوەیان تێدا دەخواردەوە، چێشتخانەكانیشی لەلایەن كارمەندانی كریستیان بەڕێوەدەبرا.
حەیدەری ئەوەشی ئاشكراكرد، ئەو یانەیە لەسەردەمی دەسەڵاتی حزبی بەعس رووخێنرا، كە مەبەستیان بوو خەڵكی شارەكە لەوێ كۆنەبنەوە، بەتایبەتی دوای شكستی شۆڕشی ئەیلول، ئەوكاتە بەعس هەستی بەوەكرد شوێنی كۆبوونەوەی دەستەبژێر و خەڵكی ناڕازییە، بەڵام رووخاندنی یانەی فەرمانبەران تاوانێك بوو بەرامبەر بە سامانی نەتەوەیی لە بواری بیناسازی لە شارێكی وەك هەولێر ئەنجامدرا.
هەروەها ئیحسان موفتی رۆژنامەنووس و شارەزای مێژووی شاری هەولێر لەبارەی یانەی فەرمانبەران دەڵێت: لە ساڵانی بیستەكانی سەدەی رابردوو، شاری هەولێر لە سەرەتای فراوانكردنیدا بوو، ئەوكات كە ئەو شوێنە وەك یانەی فەرمانبەران دروستكرا، تاكو فەرمانبەر و كارمەندانی حكومەت لە شوێنێك بۆ مەبەستی كاری رۆشنبیری و بەسەربردنی كاتەكانیان، هەرچەندە ئەوكاتانە ژمارەیان زۆر كەم بوون، بەجۆرێك لەهەموو پارێزگای هەولێر ژمارەیان نەدەگەیشتە 40 بۆ 50 كارمەند و فەرمانبەر.
موفتی وتیشی: زۆربەی كۆبوونەوە حكومییەكانی ئەو شارە لەو یانەیە ئەنجامدراوە، بۆ نموونە لەساڵی 1930 كاتێك عیراق لە كۆمەڵەی گەلان بوو بە ئەندام، ناڕەزایی لەشارەكان روویدا، لەهەولێریش توندوتیژی لێكەوتەوە، ئەوەبوو وەفدێكی حكومەتی عیراق لەبەغدا هات و لە یانەی فەرمانبەران كۆبوونەوەیان ئەنجامدا و زۆربەی كەسایەتییەكانی هەولێر لەوێ ئامادەبوون، لەوانە مەلا ئەفەندی و ئەندامانی موتەسەریفیەت و بەڕێوەبەری شارەوانی، جگە لەو كۆبوونەوانە، كاتێكیش میوانێك یان كەسایەتییەك رووی لە هەولێر دەكرد، لەیانەكە پێشوازی لێدەكرا، بۆ نموونە كاتێك مەلیك غازی مەلیكی ئەوكاتەی عیراق دێتە هەولێر لەوێ پێشوازی لێكراوە.
كەریم شێخ عەلی كەسایەتی دێرینی شاری هەولێر، ئەو یانەیە بەر لە دروستكردنی شوێنەكەی گۆڕستان بووە، پاشان یانەكەیان لەسەری دروستكرد، كە شوێنێكی گەورەبوو دارێكی زۆری لەدەورووبەری چێنرابوو، بیرم دێت زۆرجار رێورەسمی بۆنە و ئاهەنگەكان بۆ فەرمانبەران لەو یانەیە سازدەكرا.
پێشیوابوو: هیچ شوێنێكی شارەكە وەكو یانەكە خۆش نەبوو، چونكە چەندین تایبەتمەندی هەبوو، لەوانە تەرخانكردنی ژوورێك بۆ خوێندنەوە و كۆكردنەوەی رۆژنامە و گۆڤارەكان، هەروەها ژووری نوێژكردن، جگە لەوانە هونەرمەندان ئاهەنگیان تێدا سازدەكرد، لەوانە مانگی جارێك هونەرمەندی كۆچكردوو مامۆستا باكوری، دەهات ئاهەنگێكی تێیدا ئەنجامدەدا، بەڵام لە ساڵانی هەشتاكاندا ئەو یانەیە رووخێنرا.
هەر لەبارەی روخاندنی ئەو یانەیە شێرزاد هەینی، نوسەر و رۆژنامەنووس پێیڕاگەیاندین: رووخاندنی یانەی فەرمانبەران لە هەولێر بەر لەساڵی 1988 بوو، شوێنەكەی موڵكی شارەوانی هەولێر بوو، دوای روخانی یانەكە، شوێنەكەی كرا بە پاڕكی وەستاندنی ئۆتۆمبێل، لە ئێستاشدا شوێنی ئەو یانەیە بۆتە بازاڕی هاوچەرخی نیشتمان لەسەنتەری شار.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان