دكتۆر كەنار فازڵ:

لەجیاتی بەكارهێنانی دەرمان بۆ چارەسەری منداڵ، كار بۆ بەهێزكردنی بەرگری لەشی بكرێت

10:27 - 2025-06-18
دووتوێ
30 جار خوێندراوەتەوە

دكتۆر كەنار فازڵ پسپۆڕی بواری دەرمان لە دیدارێكدا لەگەڵ كوردستانی نوێ تیشكدەخاتە سەر كاریگەریی بەكارهێنانی دەرمان بەبێ رێنماییەكانی پزیشك لەسەر نەخۆش و هەڵگرتنی دەرمان بۆ ماوەیەكی زۆر لەنێو ساردكەرەوەی ماڵەكان و چەند بابەتێكی دیكەی تایبەت بە پەیوەندیی نەخۆش و پزیشك و شێوازی بەكارهێنانی دەرمان لەكاتی چارەسەكردندا.
*باس لەوە دەكرێت لە وڵاتان كەمترین دەرمانی چارەسەر بۆ نەخۆش دەنووسرێت، بەڵام لە كوردستان بە پێچەوانەوە رێژەیەكی زۆرە، پێتانوایە كامەی راستە، دەبێت لەڕووی زانستی پزیشكییەوە چۆن بێت؟

لە وڵاتان لە شەش مانگی یەكەم هیچ جۆرە دەرمانێك بە منداڵ نادرێت، ئەگەر لەكاتی زۆر پێویست نەبێت، بەتایبەتی ئەوكاتانەی منداڵەكە تایەكی زۆری هەبێت، ئەویش چارەسەرێک لە شێوەی (شاف)ی پێدەدرێت، ئەمەش دەریدەخات كە لە وڵاتە پێشكەوتووەكان لەگەڵ لە دایكبوونەوە وا پەروەردە دەكرێت مرۆڤ بەرگری لەشی بەهێز بكات

-  لە وڵاتان لە شەش مانگی یەكەم هیچ جۆرە دەرمانێك بە منداڵ نادرێت، ئەگەر لەكاتی زۆر پێویست نەبێت، بەتایبەتی ئەوكاتانەی منداڵەكە تایەكی زۆری هەبێت، ئەویش چارەسەرێک لە شێوەی (شاف)ی پێدەدرێت، ئەمەش دەریدەخات كە لە وڵاتە پێشكەوتووەكان لە لەدایكبوونەوە وا پەروەدە دەكرێت، دەبێت مرۆڤ بەرگری لەشی بەهێز بكات، تاكو خۆی خۆی چاكبكاتەوە، ئەویش بەئەنجامدانی وەرزش و خواردن و خواردنەوەی تەندروست، بەڵام لێرە تاڕادەیەك بۆتە كەلتور، بەشێك لە خەڵكی حەز دەكەن زوو چاك ببنەوە و ناتوانن چاوەڕوان بن، تاكو لەرێگەی بەرگری لەشیان چاكبنەوە، بەڵكو رێژەیەكی زۆر دەرمان بەكاردەهێنن، بۆیە بەهیچ شێوەیەك باش نییە دەرمان وەك خۆراك بەكار بهێندرێت، جگە لەو دەرمانانەی پەیوەندی بە ڤیتامین و كانزاكانەوە هەیە، ئەویش بەئاگاداربوون و هۆشیارییەكی زۆرەوە.
* بەشێك لە نەخۆشەكان دەرمان بەبێ رێنمایی پزیشك بەكاردەهێنن، كاریگەرییەكانی ئەو حاڵەتە چییە لەسەر مرۆڤ؟
- هەرچەندە ئێستا بەبڕیاری وەزارەتی تەندروستی رێگە بە دەرمانخانەكان نادرێت هەموو جۆرە دەرمانێك بە نەخۆش بدەن، بەڵام پێویستە ئەو بڕیارە سەرجەم جۆرەكانی دەرمان بگرێتەوە، بەتایبەتی لێدانی دەرزی، بەهیچ شێوەیەك نابێت لەدەرەوەی نەخۆشخانەكان ئەنجامبدرێت، ئەویش لەحاڵەتێكی پێویست نەبێت، چونكە زۆرجار كاریگەریی دەرزی مەترسی دەخاتە سەر ژیانی نەخۆشەكە، لەو بارەیەوە هەموولایەك كۆكن لەسەرئەوەی بەكارهێنانی دەرزی هەڵبژاردەی یەكەم نییە بۆ چارەسەركردن، بەڵكو سەرەتا لەرێگەی دەم و كۆمەوە هەوڵدەدرێت دەرمان ئاڕاستەی لەشی كەسەکە بكرێت.
* هەندێك جۆر لەنەخۆشی هەیە پێویستی بە ماوەیەكی زۆر دەبێت تاكو چاك دەبێتەوە، یان كاریگەرییەكانی بەكارهێنانی دەرمان زوو دەرناكەون، كامانەن ئەو نەخۆشیانە؟
-  ئەوەش بەگوێرەی جۆری نەخۆشییەكە جیاوازە، بەڵام بەگشتی ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی ڤایرۆسەوە توشی مرۆڤ دەبێت، چاك نابنەوە تا ئەو كاتەی ماوەكەی خۆی تەواو دەكات، بۆیە لەجیاتی بەكارهێنانی دەرمان، پێویستە كەسەكە لەسەرەتاوە خۆی بپارێزێت. جێبەجێكردنی رێنماییەكان و سوود وەرگرتن لە زانستی پزیشكی، وادەكات وردە وردە ئەو نەخۆشیانە كۆنتڕۆڵ بكرێت، وەك چۆن لە وڵاتە پێشكەوتووەكان نەماون و مرۆڤ تووشی نابن، بەتایبەتی ئەوان گرنگی زۆریان بە پاك راگرتنی ژینگە داوە، كە هۆكاری سەرەكییە لە پاراستنی مرۆڤ لە نەخۆشی.
* زۆر لە خێزانەكان بڕێك لە دەرمان و پێداویستی پزیشكی لەناو ساردكەرەوەكانیان هەڵدەگرن، هەندێكیان بۆماوەیەكی زۆر دەمێنێتەوە، ئەو دیاردەیە تاچەند رێگە پێدراوە؟
- هەڵگرتنی دەرمان لەنێو ساردكەرەوەی ماڵەكان لەلای ئێمە بۆتە كەلتور، بەجۆرێك دەبێت دەرمانی لە ناو ساردكەرەوەكان هەبێت، بۆئەوەی هەر كاتێك تۆزێك هەستی بە نەخۆشی كرد یەكسەر دەرمانەكە بخوات، بەداخەوە ئەوەش هەڵەیە و پێویستی بە هۆشیاری تەندوستی هەیە، چونكە ناكرێت دەرمان بۆ ماوەیەكی زۆر بمێنێتەوە، دواتر جارێكی تر بەكاری بهێنێتەوە، چونكە لە هەموو حاڵەتەكان دەبێت بە رێنمایی دكتۆری پسپۆڕ بێت و لەدەرمانخانەی رێگە پێدراو وەریبگرێت، بەپێچەوانەوە بەكارهێنانی دەرمان بەشێوەیەكی هەڵە و دوور لە رێنماییەكان كاریگەری لاوەكی زۆر لەسەر نەخۆش دروست دەكات.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان