ناحیەی شەمامك لە چەندین خزمەتگوزاری بێبەشكراوە

10:31 - 2025-06-18
دووتوێ
49 جار خوێندراوەتەوە
شوێنەوارێکی قەزای مەخموور

ناحیەی شەمامك دەكەوێتە سەر رێگای سەرەكی هەولێر مەخمور، لە نێوان هەردوو گوندی پیرداود و دووسەرەی فەتاح دروستكراوە، ئەویش وەك زۆربەی شوێنەكانی دیكەی شارەكە، چەندین گرفتی خزمەتگوزاری هەیە، لەوانە گەڕەكی ئازادی نوێ لەناحیەكە، یەكێكە لەو گەڕەكە تازانەی كە خەڵكێكی زۆری تێدا دەژی، بەڵام وەك دانیشتووانەكە باسی لێوە دەكەن، لەڕووی خزمەتگوزارییەوە پەراوێزخراوە، بە تایبەتیش خراپیی رێگاوبان و كەمئاوی، گەورەترین گرفتی بۆ دانیشتووانەكەی دروستكردووە. 
شێركۆ مەحموود، نووسەر و دانیشتووی گەڕەكی ئازادی نوێ بە كوردستانی نوێی راگەیاند: دیارە ئەم گەڕەكەی ئێمە ماوەی زیاتر 10ساڵە دروستكراوە، بەڵام تا ئێستا وەك پێویست خزمەتگوزاری بۆ نەهاتووە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە رێگەوبان و چاككردنی شۆستە و شەقامە گشتییەكانەوە هەیە.
وتیشی: جگە لە گرفتی رێگاوبان ناحیەی شەمامك، لەوەرزی هاوین و گەرما رووبەڕووی كێشەی كەمئاوی دەبێتەوە، هەرچەندە ژمارەیەك بیر بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە لێدراوە، بەڵام نەتواندراوە گرفتەكە چارەسەر بكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد: لەئەنجامی هاتوچۆی زۆری ئۆتۆمبێل و كەمیی رێژەی سەوزایی، ژینگەی ناوچەكە تێكدراوە. جگە لەوانە پێویستی بە ئەنجامدانی هەڵمەتی گواستنەوەی سەگی بەڕەڵای ناحیەكەیە بۆ شوێنێكی دوورتر، چونكە لەئەنجامی زۆریی ژمارەی ئەو سەگانە، زۆرجار كارەساتی لێكەوتۆتەوە و خەڵكی توشی ترس و دڵەڕاوكێ كردووە. 
هەر پەیوەست بە گرفتی ناحیەی شەمامك كە زەوییەكی بە پیتی كشتوكاڵی هەیە، محەمەد ئەحمەد وەك یەكێكی تر لە دانیشتووانی ناحیەكە رایگەیاند: سنووری ناحیەی شەمامك زەوییەكی بەپیتی كشتوكاڵی هەیە، ساڵانە بەرهەمێكی زۆری بۆ جووتیاران دەبێت، بەڵام زۆرجار بەهۆی كەمتەرخەمی ئاگر لە دەغڵودانی ئەو سنوورە دەكەوێتەوە، وەك ئەم ساڵ روویدا، هەروەها گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای لێیە، ئەمە جگە لە چەندین كارگە و كۆمپانیا، بۆیە بۆ سەلامەتی هاووڵاتیان و پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان، ناحیەی شەمامك و دەورووبەری پێویستی بە بایەخدانی زیاتر هەیە.
پێشیوایە: بەشێكی ناحیەی شەمامك كەوتۆتە سەر شەقامی گشتیی هەولێر مەخمور، نزیك گوندی پیرداوود و گوندی دووسەرەی فەتاح، رۆژانە لێپرسراوانی حزبی و حكومی بەو ناوەدا تێدەپەڕن و بەچاوی خۆیان بارودۆخەكە دەبینن، بەڵام وەكو پێویست ئاوڕی لێنادرێتەوە، بە پێچەوانەوە مانەوەی ئەم گرفتانە زیانی زیاتر بەر خەڵكەكە دەگەیەنێت و ناوچەكەش بەرەوپێش ناچێت.
هەروەها بەشێكی دیكە لە خەڵكی سنووری ناحیەی شەمامك و گوندەكانی دەورووبەری، داوای باشتركردنی رێگای سەرەكی هەولێر مەخمور دەكەن، چونكە هاتوچۆی رۆژانەی ئەوانە بۆ سەر كار و دەوامی فەرمانگەكانیان.
ئەوان پێیانوایە رێگاكە پێویستی بە فراوانكردن و چاككردنەوە هەیە، ئەمە جگە لەوەی لەرووی هێماكانی هاتوچۆ و چاندنی دار و درەخت لەناوەندی رێگاكە، بایەخی ئەو تۆی پێنەدراوە، ئەمەش لەكاتێكدا رۆژانە خەڵكێكی زۆر هاتوچۆی پێدا دەكەن.
لەوەڵامی گلەیی خەڵكی شەمامك، هێمن ئیسماعیل بەڕێوەبەری شارەوانی ناحیەكە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: سەبارەت بەگرفتەكانی رێگاوبان لە سنووری ناحیەی شەمامك هەنگاوەكانمان دەستپێكردووە و بۆ ئەو مەبەستە رێوشوێنی دارایی و كارگێڕی گیراوەتەبەر، تاكو لە رێگای كۆماپانیای تایبەتمەند كاری چاككردنەوەیان بۆ بكرێت.
ئەوەشی پەیوەندی بە كێشەی كەمی ئاوی خواردنەوەی ناحیەی شەمامك هەیە، بۆچەندینجار پەیوەندیمان بە بنكەی ئاوی ناحیەكە كرد، بەڵام وەڵامی نەداینەوە.

 

 

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان