دوای ئەوەی بەهۆی بایكۆتكردنی پزیشكانی نیشتەجێی خولاو و بەردەوامبوونی ناڕەزایی پزیشكانی دانەمەزراو، فەرمانگەی تەندروستی هەولێر، بڕیاری سزادانی بۆ ئەو پزیشكانە دەركرد، ئەو بڕیارە كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بە مەترسی بۆ سەر كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان لێكدرایەوە، لەوبارەیەوە نوێنەرانی پزیشكانی ناڕازی و سەندیكای پزیشكان پێیانوایە، ئەوەی كراوە بەرامبەر پزیشكانی ناڕازی و نیشتەجێی خولاو، كارێكی ناڕەوایە و زیان بەكەرتی تەندروستی كوردستان دەگەیەنێت، راشیدەگەیەنن، دەبوو لەجیاتی سزادانی پزیشكان، داواكارییەكانیان جێبەجێ بكرێت و بەشێوەیەكی ئەرێنی لە ناڕەزایی و بایكۆتكردنی ئەوان بڕوانن.
لەو بارەیەوە دكتۆر شكۆ شێركۆ نوێنەری پزیشكانی دانەمەزراو و ناڕازی بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بۆیەكەمجارە لە هەرێمی كوردستان پڕۆسەی دامەزراندنی دەرچوانی كۆلێژە پزیشكییەكان بوەستێت، ئەمەش كاردانەوە و ناڕەزایی لێكەوتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی وەڵامی داواكارییەكانیان نەدرایەوە، پزیشكان نیشتەجێی خولا (موقیم) بڕیاری بایكۆتكردنیان لە دەوامكردندا، بۆ ئەمەش لەجیاتی بەدەمەوە هاتنی داواكارییەكان، فەرمانگەی تەندروستی هەولێر سزای ئەو پزیشكانەی دا.
وتیشی: سزادانی پزیشكان لەبەرامبەر داوا یاسایی و شەرعیەكانیان، دەریدەخات وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگەی تەندروستی هەولێر لەخەمی چارەسەركردنی ئەو گرفتەدانین، لەكاتێكدا ئێمە پێمانوایە، گردبونەوەی ناڕەوایی و بایكۆتكردنی دەوام رێگەیەكە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و گەیاندنی داواكارییەكانیان.
پێشیوابوو: ئەو شێوازە وەڵامەی فەرمانگەی تەندروستی هەولێر و وەزارەتی تەندروستی ئاڕاستەی پزیشكانی ناڕازییان كرد، لەداهاتوو كاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییەكانی پزیشك و فەرمانگە كارگێڕییەكان و وەزارەتی تەندروستی دەبێت، پاشان فراوانبوونی ناڕەزاییەكان تەنیا خۆی لەدامەزراندن نابینێتەوە، بەڵكو داوای باشتركردنی سیستمی تەندروستی دەكەن، كە ئەگەر بەمجۆرەی ئێستا بەردەوام بێت، گرفتەكان بەرەو خراپتر دەچێت.
هەر پەیوەست بەو بابەتە دكتۆر ئامانج وەفایی وتەبێژی لقی هەولێری سەندیكای پزیشكانی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: گرفتی پزیشكان و ناڕەزایی و دەرچووانی كۆلێژەكان، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە دامەزراندنی وەستێندراوە، ئەمەش وادەكات پلەبەندی پزیشكان لە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەكان تێكبچێت، چونكە كاتێك پزیشك وەك نیشتەجێی خولا (موقیم) دادەمەزرێت، پێویستە دوای دووساڵ دەرچووانی تازە بێتە شوێنەكە، بۆ ئەوەی ئەویش ببێتە پزیشكی خولاوی دێرین و دواتر پسپۆڕی خۆی وەربگرێت.
روونیشیكردەوە: راستە لەبەغداوە بڕیاری دامەزراندنی پزیشكانی هەرێم نەدراوە و لە ناوچەكانی دیكەی عیراق جیاكراوەتەوە، بەڵام دەبوو حكومەتی هەرێم خۆی ئەو بڕیارە بدات و بە گرنگییەوە لە بابەتەكە بڕوانێت، چونكە مانەوەی گرفتەكە بەو جۆرەی ئێستا لەبەرژەوەندی پزیشكاندا نییە، ئەمەش لەكاتێكدایە كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان خۆی گرفتی هەیە و لە كۆتایشدا هاووڵاتیان زەرەرمەندی یەكەم دەبن.
وتەبێژەكەی لقی هەولێری سەندیكا پزیشكانی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە سزادانی هەر پزیشكێك بەهۆی دەربڕیی ناڕەزایی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی رەتدەكەینەوە و پێمانوایە، پزیشكانی نیشتەجێی خولا ئێستا لەسەر دەوامی خۆیان بەردەوامن، ئەوەی ئەنجامیاندا تەنیا گەیاندی پەیامێك بوو بۆ لێپرسراوانی تەندروستی، ئەگەر جێبەجێی نەكەن، كەرتی تەندروستی زیانی زۆری پێدەگات، دوور نییە پزیشكان بیر لە كۆچكردن بۆ دەرەوەی وڵات بكەن، كە ئەمەش خۆی هەر كارەستانە.