ماوەی زیاتر لە 18 ساڵە كاری نۆژەنكردنەوە لە قەڵای هەولێر بەردەوامە و هەر بەوهۆیەوە گەڕەكەكانی سەر قەڵا لە دانیشتوانەكەی چۆڵكراوە و وەك شوێنێكی نیشتەجێبوون بەكارناهێندرێت، هەرچەندە لەرووی ئاوەدانییەوە ژیانی ئاسایی تێدا نییە، بەڵام لەبەر مێژووی قەڵاكە و یادگارییەكانی رابردوو، خەڵكی هەولێر حەز بەسەردان و بەسەركردنەوەی دەكەن، ئەمە جگە لەوەی رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیاران و خەڵكی بیانی سەردانی دەكەن، بەڵام بە رێنمایی كۆمسیۆنی نۆژەنكردنەوەی قەڵاكە، ماوەیەكە رێگە بە سەردانی خەڵك نادرێت، بەهۆیەوە نیگەرانی لێكەوتۆتەوە و داوای لابردنی سەرجەم بەربەستەكان دەكەن.
حەمید جەمال، هاووڵاتیەكی شاری هەولێرە دەڵێت: تەمەنم زیاتر لە 40 ساڵە هەموو ساڵێك چەند جارێك سەردانی قەڵای شارەكەم كردووە، ئەویش بەهۆی خۆشەویستیم بۆ ئەو شوێنە، كە شوێنێكی دێرینە و چەندین یادگاری خۆشمان لەگەڵی هەیە.
دەكرێت لەیەك كاتدا نۆژەنكردنەوەی قەڵاكە ئەنجام بدرێت و خەڵكیش سەردانی بكەن،
وتیشی: ئاگادارین ماوەی چەند ساڵێكە كاری نۆژەنكردنەوەی تێدا دەكرێت، پێمانوایە كارێكی باشە، بەڵام ناكرێت هاووڵاتیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەبینینی قەڵا و شوێنە مێژوویەكەی بێبەش بكرێن و بەهۆی كاری نۆژەنكردنەوە ئەو شوێنەیان لێ قەدەغەبكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد: دەكرێت لەیەك كاتدا نۆژەنكردنەوەی قەڵاكە ئەنجام بدرێت و خەڵكیش سەردانی بكەن، بۆ نموونە با ئەو ناوچانەی قەڵاكە كە كاری تێدا دەكەن، چوونی خەڵكی لێ قەدەغە بكرێت، بەڵام ئەو بەشانەی تەواو بووە بەڕووی هاووڵاتیان و گەشتیاراندا بكرێنەوە، بەتایبەتی ئێستا وەرزی هاتنی گەشتیاری بیانی و شارەكانی دیكەی عیراقە، ئەوان تامەزرۆی بینینی شوێنە مێژوویەكانن.
بەگوێرەی زانیارییەكان ماوەی ساڵێك و شەش مانگە هاموشۆكردنی خەڵكی بۆ ناو قەڵای هەولێر قەدەغەكراوە، تەنیا رێگە بەو خەڵكانە دەدەن كە سەردانی بەشی دەرەوەی قەڵاكە دەكەن، ئەویش رۆژانە سەعات 10 ی بەیانی تا 6 ی ئێوارە، تا ئێستاش دیار نییە چ كاتێك ناوەوەی ناو قەڵاكە بەڕووی خەڵكدا دەكرێتەوە.
هەر بەگوێرەی زانیارییەكان كاری نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر بەردەوامی هەیە و بەشی زۆری كارەكان تەواوكراوە، جگە لە هەندێك وردەكاری و كاری پێویست نەبێت، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لەماوەیەكی نزیكدا قەڵاكە بەڕووی سەردانیكەران و گەشتیاران بكرێتەوە.
لەلایەن خۆیەوە فەلاح حەسەن، سەرۆكی كۆمسیۆنی نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: هۆكاری رێگەپێنەدانی هاووڵاتیان بەسەردانیكردنی ناو قەڵاكە، بۆ بوونی تۆڕی كارەبا و ئاو و كەرەستەكانی دیكەی هەستیار دەگەڕێتەوە، كە بۆ كاری نۆژەنكردنەوە پێویستە، بۆیە كردنەوەی قەڵاكە بەڕووی گەشتیاران و هاووڵاتیاندا بەر لەتەواوبوونی ئەو هەنگاوانە، مەترسییە بۆ سەر گیانی دروست دەكات.
ئاماژەی بەوەشكرد: هەموولایەك دەزانن نۆژەكردنەوەی شوێنە مێژووییەكان، بەتایبەتی شوێنێكی وەك قەڵاتی هەولێر، وەك هەر شوێنێكی ئاسایی نییە، بەڵكو پێویستی بە وردەكاری زۆر هەیە و دەبێت بە هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، لەگەڵ ئەوەش بەشی زۆری هەنگاوەكانی كاری نۆژەنكردنەوەكە تەواو بووە.