ئەیاد جەبار: كەناڵەكان كەمتر بایەخیان بە كاری دۆكیومێنتاری داوە

10:41 - 2025-06-18
دووتوێ
43 جار خوێندراوەتەوە

ئەیاد جەبار ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە لە بواری هونەری فۆتۆ و وێنەگری ڤیدیۆیی و دەرهێنەری سینەما و كورتە فیلم و كاری دۆكیۆمێنتاری كار دەكات، وەك خۆی دەڵێت، فۆتۆ، یەكەم هەنگاوی كاری هونەریی ئەو بووە، دواتر وەك وێنەگری ڤیدیۆیی لە كەناڵێكی تەلەفیزیۆنی لە بەغدا كاریكردووە و تا ساڵی 1998 بەردەوام دەبێت.
لەو بارەیەوە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: دوای ساڵی 2003 لە كەناڵە بیانییەكان كاری وێنەگریم كرد، پاشان لە ساڵی 2006 تا 2018 لە هەرێمی كوردستان، لە كاری دۆكیۆمێنتاری و ئامادەكردنی بەرنامە و كلیپ و دراما و دەرهێنانی كورتە فیلم بۆ فێستیڤاڵە جیهانی و نێودەوڵەتییەكان بەردەوام بووم.
وتیشی: لەگەڵ ئەوەی چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی و رێزلێنانم لەبەرامبەر كارە هونەرییەكانم وەرگرتووە، بەتایبەتی كورتە فیلم و كارە دۆكیۆمێنتارییەكان، بەڵام لە هەرێمی كوردستان وەكو پێویست رێزم لێنەندراوە و ئەو خزمەتانەی لەو بوارانە كردوومە، هیچ نرخێكیان بۆ دانەنراوە، هەربۆیە لە ساڵانی 2021 و 2022 وازم لە كاری خۆم هێناوە، چونكە خەرجییەكی زۆری پێویستە و بەبێ پاڵپشتی ناتواندرێت بەردەوام بی.
راشیگەیاند: هەر لەو ماوەیەی لە هەولێر و كوردستان كارم كردووە، لە ساڵی 2015 بووم بە بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی سینەما دژ بە تیرۆر، پاشان فێستیڤاڵی سینەمای سریانی لە 2017، ساڵێك دواتر سەرپەرشتی فێستیڤاڵی جینۆسایدی كوردی فیلمم كرد، كە تێیدا فیلمێكی دۆكیۆمێنتاریمان ئامادەكرد، بڕیاریشە لە داهاتوو فێستیڤاڵێكی تایبەت بە جینۆسایدی ئێزیدییەكان لە بەغدا رێكبخەین.
لەبارەی بایەخ و گرنگی كورتە فیلم و كاری دۆكیۆمێنتاری ئەیاد جەبار وتی: لە رێگەی كارە دۆكیۆمێنتارەكان و ئەو كورتە فیلمانەی بۆ فێستیڤاڵەكان ئامادەمان كردووە، هەوڵمانداوە مێژووی گەلەكەمان بە نەوەی ئێستا و میللەتانی جیهان بناسێنێن، بۆیە پێویستە ئەو كارە هونەرییانە بە زمانی كوردی بەرهەمبهێندرێن و ژێرنووسی زمانی بیانی لەسەر بێت.
پێشیوایە: هەر بەهۆی بایەخی كاری دۆكیۆمێنتاری و ناساندنی مێژوویی میللەتەكەمان بە گەلانی دنیا، پێویستە كەناڵەكانی راگەیاندن، بەتایبەتی تیڤییەكان، بایەخێكی زۆر بە كورتە فیلم و كاری دۆكیۆمێنتاری بدەن و بەشێك لە بودجە و كاتی پەخشەكانیان بۆ ئەو بوارە تەرخان بكەن، كە بەداخەوە لە 10 ساڵی رابردوو، بەهۆی قەیران و گرفتە داراییەكان، زۆربەی كەناڵەكان ئەو بوارەیان پشت گوێ خست و هانی دەرهێنەر و هونەرمەندانیان نەدا كاری هونەری بکەن.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان