حەسیبە نادر: بواری پزیشكی (لە دایکبوون) بەرەوپێشچووە

10:42 - 2025-06-18
دووتوێ
62 جار خوێندراوەتەوە

حەسیبە نادر، دەرچووی كۆلێژی پەرستارییە، ماوەیەكە لەبەشی چاودێری چڕی ژنانی دووگیان لە شاری هەولێر خزمەت دەكات، لە وەڵامی پرسیارەكانی كوردســــــتانی نــــــــــــــوێ، ئامـــــــــاژە بە ئاسـتی پێشكەوتنی پزیشكی لە دایکبوون و هۆشیاری دایكان دەكات و رایدەگەیەنێت:  ئێستا بواری پزیشكی لە دایکبوون بەرەوپێش چووە و لەگەڵ سەردەمەكانی پێشووتر زۆر جیاوازە.
لەبارەی ئەزموونی كاركردنی لەو بوارە رایگەیاند: هەر لەسەرەتاوە خولیای كاركردنم هەبووە لە بەشی تەندروستی، حەزمكردووە لەو بوارە خزمەت بكەم، بۆیە ئێستا  بەخۆشحاڵییەوە لەبەشی چاودێریی چڕی ژنانی دووگیان لە نەخۆشخانەی فێركاری لە دایكبوونی هەولێر کاردەکەم.
سەبارەت بە ئاستی زانستی پزیشكی لە دایکبوون و هۆشیاری خێزان لەو بوارەدا وتی: بەتەئكید لەكاتی ئێستا بەهۆی هۆشیاریی خەڵك و زۆریی سەرچاوەكانی زانست و زانیاری، بواری پزیشكی لە دایکبوون بەرەوپێشچووە.
پێشیوایە: لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ئەو بوارە پزیشكییە، بەشێك لە ژنان و دایكان بەلایەنی خراپ سوودیان لەو زانستە وەرگرتووە، ئەویش دیاریكردنی بەرواری لەدایكبوونی كۆرپەكەیانە، كە زۆرجار لەبەر خاتری رێكەوتێكی دیاریكراو، داوادەكەن زووتر پڕۆسەی لەدایكبوونەكە ئەنجامبدەن، ئەمەش مەترسی زۆر دەخاتە سەر گیانی خۆی و منداڵەكەی، كە رەنگە رووبەڕووی حاڵەتی نەخوازراو ببێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: پێویستە منداڵ لەنێو سکی دایكیدا ماوەی خۆی تەواو بكات، بە پێچەوانەوە كاتێك منداڵ زووتر لە دایك دەبێت، پێویستە بخرێتە ناو شوشەی تایبەت و ئۆكسجینی پێبدرێت، لەو حاڵەتە بەزەحمەت شیر دەخوات، هەر لە ئەنجامی ئەو لێكەوتە خراپانە، هیچ پزیشكێك لە نەخۆشخانەی فێركاری لەدایكبوونی هەولێر ئامادە نییە نەشتەرگەریی بۆ ئەو دایكانە بكات، كە هێشتا ماوەی لەدایكبوونی كۆرپەكەیان تەواو نەبووە، تەنیا ئەو حاڵەتانە نەبێت كە زۆر پێویست بێت.
لەبارەی توانای ژنان و دایكانی ئێستا بۆ پەروەردەكردن و گەورەكردنی منداڵ وتی: بەدڵنیاییەوە وەك ئاماژەم پێكرد بەهۆی ئەو پێشكەوتنەی ئێستا لە هەموو بوارەكاندا هەیە و فەراهەمبوونی پێداویستییەكانی بەخێوكردنی منداڵ، دایكان توانای ئەوەیان هەیە منداڵەكەیان گەورە بكەن و پشت بە خۆیان ببەستن، لەگەڵ ئەوەش هێشتا پێویستیان بە راوێژی پزیشك و كەسوكارەكەی خۆیان هەیە، بەتایبەتی ئەوانەی بە ئەزموونن لەو بوارەدا.
هەر لەبارەی گۆڕانكاری لە شێوازی لەدایكبوون حەسیبە نادر وتی: ئەگەر بۆ رابردوو بگەڕێینەوە دەبینین، بەشێكی زۆری منداڵان لەماڵەوە لەدایك دەبوون، ئەو كات كەسانی شارەزا كە پێیان دەوترا (مامان) سەرپەرشتی دەكرد، بەبێ ئەوەی هیچ گرفتێكی هەبێت، بەڵام ئێستا زۆربەی هەرە زۆری دایكان بۆ لەدایكبونی كۆرپەكەیان روو لە نەخۆشخانەكان دەكەن، چونكە لەم سەردەمە مەترسییەكان بۆ سەر كۆرپەكان زیاتر بووە، بەهۆی گۆڕانكاریی لە ژینگەی شارەكان و خراپیی كوالێتی خۆراك، ئەمانە وایكردووە دایكانی دووگیان و منداڵەكەی ناو سکی وەكو پێشتر بەرگری لەشیان بەهێز نەبێت، بۆیە باشترین چارەسەر بۆ منداڵبوونەكەی ئەوەیە، سەردانی نەخۆشخانە بكات و بەچاودێریی پزیشك منداڵەكەی لە دایك بێت.
هەروەها روونیكردەوە: لەكاتی ئێستا رێژەی منداڵبوون لە نەخۆشخانەكان زۆرە، بەڵام گرفتی كارمەندی تەندورستی ( مامان)مان هەیە، لەبەرئەوەی ئەوانەی پێشتر زۆربەیان خانەنشینكراون، لەهەمانكاتدا دامەزراندنیش نییە، بۆیە پێویستە رێژەیەك لەوانە بۆ نەخۆشخانەكانی لەدایكبوون دابمەزرێن.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان