رێکخستنی زمانی تابلۆکانی شار

11:08 - 2025-06-22
کەلتور
54 جار خوێندراوەتەوە

   سالم سەلمان سلێمان


کاتێک هەر یاسایەک دەردەچێت، کۆمەڵێک ئامانجی لەپشتە، ئەویش بە مەبەستی رێکخستنی هەر کەرتێک یان هەر بوارێک بێت، لەوانەش کەرتی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کشتوکاڵ، گەشت و گوزار و...هتد.
ئەم یاسایانە، بە مەبەستی گەشەپێدانی کۆمەڵگە، دەبێت لەگەڵ سەردەم و واقیعی کۆمەلگەدا بگونجێن، بۆیە گەرەکە یاسا کۆنەکان وەلا بنرێن و یاسای تازە دەربچن، کەم و کووڕییەکانیش چارەسەر بکرێن، یانیش یاساکە هەموار بکرێتەوە.
 بێگومان ئەمەش ئەرکی سەرەکی پەرلەمانە لە رێگەی لیژنەیەکی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان پرۆژە یاسایەکی تۆکمە ئامادە بکەن، تا دواتر ببێتە یاسایەک بە مەبەستی پاراستنی زمانەکەمان و یەکخستنی رێنووس و ئەلفوبێیەکەی بە شێوەیەکی دروست، ئەویش لەسەر بنامایەکی ئەکادیمی و زانستی و دانانی کەسانی شارەزا و پسپۆڕ بۆ ئەم کارە. 
بۆ نموونە: یەکەم، یاسای گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستاندا ژمارە (9)ی ساڵی 2022، کە لە 32 مادە پێکهاتووە، لە 22/6/ 2022 دەرچووە.
ئامانج و هۆیەکانی دەرچوواندنی ئەم یاسایە، بە لەبەرچاوگرتنی بایەخی گەشتو گوزار لە فەراهەمکردنی سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستانە، ئەو رەهەندانەی لە ناساندنی شوناسی شارستانی و کەلتوریی و دەسکەوتی تەلارسازیی گەلی کوردستان هەیەتی، بۆ جەختەکردنەوە لەسەر پیادەکردنی ستراتیژییەتێکی روون بۆ کاراکردنی گەشتوگوزار و بەشداریکردنی لە گەشەپێدانی ئابووریی نیشتمانیدا، ئەم یاسایە دەرچووە.
لە مادەی (2)ی ئەم یاسایەدا ئامانجەکانی دیار کردووە، یەکەم: رێکخستنی کەرتی گەشتیاری لە هەرێم. دووەم: پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری، کارکردن بۆ سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە رۆشنبیری و کەلتوری و فەرهەنگییەکان.
ئەمە بڕگەیەکی زۆر گرنگە کە کاری لەسەر بکرێت بە هەماهەنگی وەزارەنی رۆشنبیری و لایەنەکانی تر ی پەیوەندیدار، برەودان بە بواری فەرهەنگی و کەلتوری و زمانەوانی، لەپاڵ ئەمەشدا رێکخستنی تابلۆکانی شوینە بازرگانی و گەشتیارییەکان.
یەکەم: لە مادەی (3)ی ئەم یاسایەدا کە لە (14) بڕگە پێکهاتووە، لە بڕگەی (5)ی ئەم یاسایەدا، چاودێریکردن و پشکنینی شوێنە گەشتیارییەکانە، بەڵام بەداخەوە بە هیچ شێوەیەک ئەم یاسایە، بەلای ئەوەدا نەچووە، بۆ رێکخستنی تابلۆی شوێنە گەشتیارییەکان و سزای دانەناوە بۆ سەرپێچیکاران، و هیچ سیاسەتێکی زماننەوانی نییە بۆ پاراستن و رێکخستنی دامەزراوە گەشتیارییەکان و تابلۆکانی شوێنە گەشتیارییەکان. 
دووەم: یاسای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان _ عیراق، ژمارە (7)ی ساڵی 2022  کە لە 13 مادە پێکهاتووە، یەکێک لە ئەرکەکانی وەزارەتی شارەوانی رێکخستنی تابلۆکانی ناو شارە، کەچی بەداخەوە یاسای وەزارەتی شارەوانی بەلای ئەم بابەتەدا نەچووە، کۆمپانیایەکی تایبەت هەیە لەناو سەرۆکایەتی شارەوانی و شارەوانییەکانی هەولێر، کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتە، تەنها ئەرکی وەرگرتنی ڕسوماتی تابلۆکانە و پارەیەکی زۆر لە چێشتخانە و شوێنە گشتییەکان وەردەگرێت و داهاتەکەش بۆ حکومەت نییە، بەڵکە چەند کەسێکی دەستڕۆیشتووە کە هیچ شتێک لەبارەی بەها و بایەخی زمانی کوردی نازانن، گرنگ پارەیان دەسکەوێت، کاریان بە رێکخستن و شێوازی نووسین و زماندا نییە، ئەوەندەی لە خەمی قازانج و داهاتن، لەخەمی ڕێکخستنی تابلۆکاندا نین.
سێیەم: یاسای زمانە فەرمییەکان ژمارە 6ی ساڵی 2014.
زمانە فەرمییەکان ئەو زمانانەن کە بە پێی دەستووری هەمیشەیی عیراق دیاریی کراون.
لە مادەی(2) ئەم یاسایەدا:  
کوردی و عەرەبی دوو زمانی فەرمین لە سەرانسەری عیراقدا، لە کوردستانی عیراق، زمانی کوردی زمانی سەرەکییە بە زمانی یاسا و دادگاکانیش .
مادەی (10) ی ئەم یاسایە باس لە زمانی نووسینی تابلۆکان دەکات، لە بڕگەی یەکی ئەم مادەیەدا دەڵێت: تابلۆی سەرجەم دامەزراوە و  فەرمانگە حکوومییەکان، دەبێت زمانی کوردی و عەرەبی بێت، بەڕەچاوکردنی زمانی پێکهاتەکانی تر، بە مەرجێک نووسینە کوردییەکە لە بەشی سەرەوەی تابلۆکەدا بیت.
مادەی 12ی ئەم یاسایە: 
یەکەم: تابلۆی رێنمایی شەقامەکان و دەستنیشانکردنی شوێن و دەڤەرەکان، بە زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی دەبن، بە مەرجێک نووسینە کوردییەکە، لە بەشی سەرەوەی تابلۆیەکەدا بێت و دەرکەوتووتر بێت. 
دووەم: تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان بە زمانی کوردی بنووسرێن. کەچی بەداخەوە لە هەرێمی کوردستاندا ئەم یاسایە وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە، کەسیش لەسەر سەرپێچیکردنی یاساکە سزا نەدراوە، بە پێچەوانەوە حکومەت خۆی تابلۆی ئۆتۆمبیلەکانی کردووە بە زمانی ئینگلیزی.
ئەمەش پێچەوانەی یاساکەیە، لە تابلۆکانیش دیمەنی سەیر و سەمەرە دەبینین، کە ڕەچاوی هیچ بنەمایەکی یاسایی و زمانەوانی لێ بەدی ناکرێت.
ئێمە ئامانجمان لە نووسینی ئەم وتارە ئەوەیە، زیاتر برەو بە زمانی کوردی و دانانی سەنتەری زمانەوانی و پاراستنی زمانی کوردی لە هەموو بوارەکاندا و دانانی کەسانی پسپۆڕ و شارەزای زمانەوانی لێهاتوو بدرێ و دەرچوواندنی یاسای تایبەتمەندیش بە مەبەستی پاراستنی زمانەکەمان، کە ئەمە هیوا و ئاواتی هەمووانە. 
لە کۆتاییدا دەبێت ئەو پرسیارەش بکەین؟ رێکخستنی زمانەوانی تابلۆکانی شار ئەرکی کێیە؟!

بابەتە پەیوەندیدارەکان