زانا مەحمود هەژار: كاری هونەریی بە سواڵ و سەدەقە ناكرێت

09:37 - 2025-06-24
دیدار
23 جار خوێندراوەتەوە

زانا مەحمود محەمەد، ناسراو بە زانا مەحمود هەژاری كەمانچەژەن، دەرچووی پەیمانگەی تەكنیكی موسڵە، سەرەتای كاركردنی بۆ تیپی مۆسیقای منداڵانی سلێمانی دەگەڕێتەوە كە سەر بە چالاكی قوتابخانەكان بووە، لە ساڵی 1990ەوە تا هەنووكە ئەندامی تیپی مۆسیقای سلێمانییە. 
 زانا بە دوالاپەڕی وت: ئاوازم بۆ زۆربەی گۆرانیبێژانی كوردستان داناوە و هاوكاتیش كاری ئامادەكردنیشم بۆ زۆرێك لە گۆڕانیبێژان كردووە، سەرەتا لە تیپی نــەورۆز ئـــاوازم بـــۆ كــارێكی دووقۆڵی هونەرمەندان بەهجەت و پەیمان عومەر كرد و دواتر كارم كردووە بۆ هەریەك لە بورهان مەجید، دڵنیا قەرەداغی، عەبدولقادر حەسەن، زاهیر جەلال، عوسمان عەلی، عەدنان كەریم، كاروانی نەی، كەریم كابان، كەویار، دیار هەڵەبجەیی.  
وتیشی: تا هەنووكە زیاتر لە 100 بەرنامەم بۆ كوردسات ئامادە كردووە، لەوانە دەتوانم ئاماژە بە میلۆدی و ئاوێنە بكەم، هەروەها كارم بۆ زۆربەی هونەرمەندان و گۆرانبێژانی چوارپارچەی كوردستان كردووە.
سەبارەت بە دۆخی هونەری كوردی دەتوانم بڵێم، ئێستا هونەری كوردی لە ئاستێكی باشدایە، چونكە ئێمە وەك نەتەوە، خاوەنی زمانێكی شیرین و جلوبەرگێكی جوان، هەڵپەڕكێی جوان و میلۆدی بەهێزین خاوەنی سەدان گروپی مۆسیقاین لەهەر چوارپارچەی كوردستاندا، بۆیە دەتوانین شانازی بە هونەر و مێژوو و كەلتوری خۆمانەوە بكەین، بەڵام ئێمە ناتوانین بڵێین لەژێر كاریگەریی نەتەوەكانی فارس و عەرەب و توركدا نەبووین، چونكە خەریكە ئێستا كەلتور و هونەری كوردی سەردەردەهێنێت و ئێستا دەتوانین لە فێستیڤاڵە جیهانییەكاندا (هەڵپەڕكێ  و مۆسیقا، فۆلكلۆر و گۆرانی و جلوبەرگ و زمان) وەك هونەری كوردی بناسێنین، كاتێك كارێكی جوان، یان رەفتارێكی جوان، یان بەرهەمێكی جوانی تۆماركراو دەبینم، زۆر دڵخۆش دەبم.
زانا ئاماژەی بەوەشكرد ئەگەر بمانەوێ هونەر وەك وڵاتانی دیكە پێشبكەوێت، بە شێوەی هەڕەمەكی ناكرێت و دەبێت لەناو دامودەزگاكانی دەوڵەت كاری بۆ بكرێت و لە رێی یاسا و وەزارەتی تایبەتەوە بە شێوەیەكی سیستماتیك پشتگیری و پشتیوانی لێبكرێت. بۆ ئەوەی  هونەرمەند داهێنان بكات و بەرهەمی هەبێت و بەرەوپێشەوە بڕوات، ئەم شتانە ئێستا لە كوردستاندا نییە، هونەر بە شێوەی هەڕەمەكی و بە سواڵ و سەدەقە ناكرێت و دەوەستێت، یان دەبێت كەسێكی دەوڵەمەند بناسی یان لە حزبێكەوە نزیك بیت و واستە بكەیت، ئینجا دەتوانی كارێك بكەیت، هەر بۆیە بەم شێوەیە كار ناكرێت و دەبێت بە شێوەیەكی سیستماتیك لە هەموو بوارەكانی ژیان بە هونەریشەوە كار بكرێت، ئەگینا هەر بەم شێوە هەڕەمەكییەوە، كارەكان دەڕوات.
سلێمانی، ئالان محەمەد جەزا

بابەتە پەیوەندیدارەکان