ئا: كوردەوان محەمەد سەعید
جیهان لە پشێوی و نائارامییەكی كەموێنەدایە، سیناریۆی مەترسیدار بە خەیاڵی زۆر كەسدا گوزەر دەكات، یەكێك لە مەترسیدارترین سیناریۆ كە بە خەیاڵی زاناكاندا هاتووە، تێكچوونی سیستمی نێودەوڵەتی و نەمانی بازرگانیی جیهانییە، كە ئێستا زۆربەی وڵاتانی جیهان پشتی پێ دەبەستن بۆ پڕكردنەوەی پێویستییەكان، چونكە زۆر كەمن ئەو وڵاتانەی توانای دابینكردنی هەموو پێویستییەكانیان هەبێت، ئێستاش كە دۆخەكە تا ئەو رادەیە نائارامە دەكرێ بپرسین: ئەو وڵاتانە كامانەن كە توانای خۆبژێوییان هەیە؟ توێژینەوەیەك پێمان دەڵێ: تەنیا یەك وڵات لەسەر زەوی هەیە كە توانای خۆبژێویی هەبێت.
لیستی حەوت خۆراكە سەرەكییەكە
توێژەران لە هەردوو زانكۆی گۆتینگنی ئەڵمانی و ئێدنبێرە (Edinburgh)ی بەریتانی توێژینەوەیەكیان لەو بارەیەوە كردووە و زانیارییان لە 186 وڵاتی جیهان كۆكردۆتەوە، سەرەنجام دەركەوت گەیانا لە بەشی سەرەوەی كیشوەری ئەمریكای باشوور، كە فەرەنسییەكان پێی دەڵێن گۆیانا، تاكە وڵاتە كە توانای خۆبژێویی هەیە، گەیانا ئەو وڵاتەیە كە دەتوانێت لیستی حەوت خۆراكە سەرەكییەكە لە ناوخۆیدا بە تەواوی فەراهەم بكات، ئەو لیستەش لە توێژینەوەكاندا بەكاردێت بۆ هەڵسەنگاندن و پێوانەكردنی ئاستی وڵاتان لە توانای خۆبژێوییدا.
لیستەكە دابەشكراوە بۆ حەوت خاڵی سەرەكی و هەریەك لەو خاڵانە چەند ماددەیەكی خۆراكیی لەخۆ دەگرێت، كە بریتین لە:
-1 دانەوێڵە: وەك گەنم، برنج، گەنمەشامی، جۆ و ئیدیكەش، كە سەرچاوەی سەرەكی وزە و كاربۆهایدراتن.
-2 سەوزە: سەرچاوەی سەرەكییە بۆ ڤیتامین و كانزاكان و خواردەمەنییە سیلیلۆزییەكان.
-3 میوە: كە سەرچاوەی سەرەكی ڤیتامینەكانە وەك ڤیتامین سی، لەگەڵ دژە ئۆكسیدەكان.
-4 پاقلەمەنی و چەرەس: وەك، نیسك، پاقلە، نۆك، بادام و گوێز، ئەمانە دەوڵەمەندن بە پرۆتینە گیاییەكان و ئاسن و سیلیلۆز.
-5 گۆشت و بەرهەمەكانی ئاژەڵ: كە گۆشتی ئاژەڵە ئاوی وشكانییەكان و پەلەوەرەكان دەگرێتەوە، بە هێلكەشەوە، كە سەرچاوەی سەرەكین بۆ پرۆتینی ئاژەڵی و ئاسن و ڤیتامین (B12).
-6 شیرەمەنییەكان: وەك، شیر، پەنیر و ماست، كە سەرچاوەی سەرەكین بۆ كالیسیۆم و پرۆتین و ڤیتامین دی.
-7 رۆن: مەبەست لە رۆنە تەندروستەكانی وەك، رۆنی زەیتون و رۆنی كەتان و رۆنە گیاییەكانی دیكە، كە پێویستن بۆ ئەوەی لەشی مرۆڤ ڤیتامینەكانی (K,E,D,A) بەدەست بهێنێت.
سەرجەم ئەو ماددە خۆراكییانە گرنگن و بەكاردەهێنرین بۆ راگرتنی هاوسەنگیی وزە و پرۆتین و چەوری و ڤیتامین و كانزا بنەڕەتییەكان لە لەشی مرۆڤدا و وەك پێشتریش ئاماژەمان پێدا، گەیانا تاكە وڵاتە كە توانای دابینكردنی سەرجەم ئەو خۆراكانەی هەیە.
چین و ڤێتنام دووەمن
لە دوای گەیانا، چین و ڤێتنام هەردووكیان بە پلەی دووەم دێن، كە لە كۆی لیستە حەوت خاڵییەكە توانای دابینكردنی شەش خاڵیان هەیە، بە شێوەیەكی گشتیش لە هەر حەوت دەوڵەت، تەنیا یەكێكیان توانای دابینكردنی پێنج خاڵ، كەمێك زیاتر لەو حەوت خاڵەیان هەیە، لە كاتێكدا زیاتر لە یەك لەسەر سێی وڵاتان تەنیا توانای دابینكردنی دوو خاڵ یان كەمتریشیان هەیە.
بە پێی توێژینەوەكە، خراپترین وڵات لە مەسەلەی توانای خۆبژێویدا ئەمانەن: ئەفغانستان، ئیمارات، عیراق، ماكاو، قەتەر و یەمەن، چونكە ئەم وڵاتانە تا ئێستا نەیانتوانیوە تەنانەت یەك خاڵیش لە لیستە حەوت خاڵییەكە دابین بكەن، بۆ نموونە عیراق لە بەرهەمهێنانی گەنمدا گەیشتۆتە ئاستی خۆبژێوی، كە لە خاڵی یەكەمی لیستەكەدایە، بەڵام هەر لەو خاڵەدا و لە بەرهەمهێنانی برنج و گەنمەشامی و نیسك و نۆكدا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە.
بازرگانیی نێودەوڵەتیی خۆراك و هاریكاریی وڵاتان دوو هەنگاوی بنەڕەتین بۆ مسۆگەر كردنی سیستمی خۆراكیی تەندروست و بەردەوام، بەڵام پشتبەستن بە هاوردەی خۆراك لە یەك وڵاتەوە مەترسی بۆ سەر وڵاتی هاوردەكار دروست دەكات
پشتبەستن تەنیا بە یەك وڵات هەڵەیە
هەروەها وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، توانیویانە تەنیا لە بەرهەمی گۆشتدا بگەنە ئاستی خۆبژێویی، بەڵام وڵاتانی سەر بە یەكێتییەكانی خۆرئاوای ئەفریقا و ناوچەی كاریبی توانیویانە لە دوو خاڵی لیستەكەدا بگەنە ئاستی خۆبژێویی، لە كاتێكدا هیچ یەكێتییەك لەو یەكێتییانەی وڵاتان پێكیان هێناوە، نەگەیشتۆتە ئاستی خۆبژێویی لە بەرهەمهێنانی سەوزەدا.
لەبەر ئەوە، زۆربەی وڵاتانی جیهان پشت بە بازرگانیی جیهانی دەبەستن بۆ پڕكردنەوەی پێویستییەكانیان، زۆر وڵاتیش بۆ دابینكردنی زیاتر لە نیوەی پێویستییەكانیان پشت بە تەنیا یەك هاوبەشی بازرگانی دەبەستن، ئەوەش دەیانخاتە بەردەم مەترسیی پشێوییەكانی بازاڕ، لەبەر ئەوە توێژەران لەم توێژینەوەیەدا جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە هەبوونی تۆڕێكی فراوانی بازرگانیی لە نێوان وڵاتان و ناوچە جیاجیاكاندا زۆر پێویستە و ئەم جەنگی تاریفە و جەنگی بازرگانییەی ئێستا لە ئارادایە خزمەت بەو بابەتە ناكات.
عیراق و بەرهەمی گەنم
یۆناس شتیل، پسپۆڕی ئابووریی گەشەپێدان لە زانكۆی گۆتینگنی ئەڵمانی دەڵێ: بازرگانیی نێودەوڵەتیی خۆراك و هاریكاریی وڵاتان دوو هەنگاوی بنەڕەتین بۆ مسۆگەر كردنی سیستمی خۆراكیی تەندروست و بەردەوام، بەڵام پشتبەستن بە هاوردەی خۆراك لە یەك وڵاتەوە مەترسی بۆ سەر وڵاتی هاوردەكار دروست دەكات.
عیراق هەوڵی داوە بۆ ئەوەی لە هەندێك خۆراكی سەرەكیدا بگاتە ئاستی خۆبژێویی، بۆ نموونە لە ساڵی 2024دا رایگەیاند، كە لە بەرهەمی گەنمدا گەیشتۆتە ئاستی خۆبژێویی، چونكە لەو ساڵەدا 6.3 ملیۆن تۆن گەنمی هەبووە، لە كاتێكدا بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ تەنیا پێویستی بە 4.5 بۆ پێنج ملیۆن تۆن هەیە، جگە لەوەش عیراق بەشی یەك ساڵی تەواو گەنمی عەمباركراوی یەدەگی هەیە. هەر لەو ساڵەدا عیراق رایگەیاند، كە لە بەرهەمهێنانی پەیینی كیمیاییدا گەیشتۆتە ئاستی خۆبژێویی و ئەوەش یارمەتیدەرێكی زۆر باشە بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ.
ئاستەنگ و كێشەكانی عیراق
بەڵام عیراق كێشەی كەمیی ئاو و زۆربوونی دیاردەی بیابانبوونی هەیە، كە مەترسیی بۆ سەر كشتوكاڵەكەی دروست دەكەن، جگە لەوەش عیراق لە دابینكردنی هەندێك خۆراكی سەرەكیی وەك رۆن، شیرەمەنی، میوە و پاقلەمەنی پشت بە هاوردە دەبەستێ، ئەوەش لە كاتێكدایە كە سەرچاوەی سروشتی و سەرچاوەی مرۆیی زۆر باشی هەیە بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵ، بەڵام لەبارنەبوونی سیستمی ئاو و دیاردەی گەندەڵی و لاوازیی پلانی درێژخایەن وایانكردووە، عیراق نەتوانێ لە زۆر بەرهەمی كشتوكاڵیدا بگاتە ئاستی خۆبژێویی.
لەبەر ئەوە عیراق پێویستی بە فراوانكردن و پەرەپێدانی سیستمی ئاودێرییەكەی هەیە، لەگەڵ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و رێگرتن لە هاوردەی رەمەكی، هەروەها پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هەیە، بە تایبەتیش لە كەرتی كشتوكاڵدا، لەگەڵ پشتیوانیكردن لە پیشەسازیی خۆراكیی ناوخۆیی و ئاراستەكردنی پرۆژەی بچووك و مامناوەند لە بواری پیشەسازیی كشتوكاڵدا.
سۆمەرییە نیوز