فەرەیدوون سامان*
چونکە کورد دەوڵەتی نەتەوەیی سەربەخۆی خۆی نەبووە، بۆیە زمانی نەتەوەی سەردەست کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر زمانەکەی نەخشاندووە، لە هەر بەشێکی کوردستاندا وشە و زاراوەگەلی زمانی رەسمی نەتەوەی سەردەست لە رێگای دامەزراوەکان و فەرمانگە حکومییەکان وەک پەروەردە و فێرکردن و کەناڵە میدیاییەکان، خزاونەتە ناو زمانی کوردییەوە، هەر بۆیەش زمانەکە رووبەڕووی توانەوە و لێکترازان هاتووە، بەڵێ جاران و ئێستاش كەلتوری هیچ نەتەوەیەك نەبووە لەناو قەڵایەكی داخراودا بووبێت و دووربێت لە كاریگەری و كارتێكردنی کەلتور و زمانی خەڵكی دیکە، لەبەرئەوە زمانەكان كار لە یەكدی دەكەن، ئەو زمانەش زۆرتر بەرهەمی ئەدەبی و زانستی پێ نووسراوە و زیاتر دەرفەتی گەشەكردنی هەبووە. زمانەكان بە شێوەیەكی سروشتی و ئاسایی لە رێگەی ئەو زانین و زانیاری و بەرهەمە ئەدەبیانەی كە هێناویانەتە بەرهەم، كاریگەریی خۆیان لەسەر یەكدی دادەنێن، بۆیەش شتێكی سروشتییە، كە ئێمەی کورد لە زمانانی دیکەوە وشە و زاراوە بخوازین، پێشتریش خواستوومانە، وەک چۆن گەلانی دیکەش بە هەزاران وشە و زاراوەیان لە زمانی ئێمەدا خواستووە، ئێمەی کورد دەبێت باوەڕمان بە هێز و پیرۆزی زمانی خۆمان هەبێت، باوەڕمان بە ناسنامە و کەلتوری رەسەنی خۆمان هەبێت، وشەیەك، كە لەگەڵ زمانەكەمان و سیستمی دەنگی دەگونجێت و مانای خۆی دەگەیەنێت و لە كوردیدا نیمانە، دەبێت بە بوێرییەوە وەریبگری، بەڵام نەک بەو واتایەی بچین لە خوێندنگە ئەهلی و تایبەتییەکاندا منداڵەکانمان بە زمانی بیانی بخوێنن و زمانی دایکیان فەرامۆش بکەن، وەک چۆن نابەرپرسانە دیمەنی زمانی شوێنە بازرگانی و گەشتیارییەکانی وەک میوانخانە و چێشتخانەکان پڕ بکەین لە تابلۆی نامۆی زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و زمانی شیرینی کوردی توڕهەڵدەینە سەرەنوێڵکی فەرامۆشی.
هەبوونی ئەو هەموو کەناڵە میدیاییەی کە لە هەرێمی کوردستان و لە دەرەوەشدا هەن، تەنانەت لە وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپاشدا، هەبوونی چەندان سەنتەر و رێکخراوی زمانناسی و رۆژنامەوانی و چاپەمەنی، بە دەزگا رەسمییەکانی وەزارەتەکانی پەروەردە و فێرکردن و خوێندنی باڵا و رۆشنبیری، تەنانەت ئەو هەموو کەناڵە بیانیانە کە لە وڵاتانی دەوروبەر و جیهاندا بە سانایی و بە چرکەیەک لە رێگەی کۆنترۆڵی تیڤییەکانەوە دەگەنە ناوماڵەکانمان، تۆ بڵێی کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر هزر و ئاوەز و کەلتور و زمانی ئێمەدا نەبێت.
بەڵێ وێڕای بە رەسمی ناساندنی زمانی کوردی لە دەستووری عیراقدا و لە کوردستانیش وەک زمانی رەسمی یەکەم، بەڵام بۆچی هێشتا زمانی کوردی نەبووە بە زمانی پێوەر و هاوبەشی هەموو پێکهاتە و ئیتنیکییەکانی گەلی گوردستان؟ بۆچی نەبووەتە زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی هەموو ناوچە و بەشە جیاوازەکانی کوردستان؟
ئایا کێشەکە هەر لەوەدایە کە کوردستان وەکو نیشتمان خاکەکەی داگیرکراوە، یان مێشکی خەڵکەکەی؟ زمانەکەشی بە دەستوور و یاسا لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن و فەرمانگە حکومییەکانی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا بەشکراوە، قەدەغەکراوە، یان هۆکاری سەرەکی و بنەڕەتی هەر بۆ بەدبەختییەکەی دەستەبژێر و رووناکبیرانی کورد خۆی بووە و نەیتوانیوە وەک گەلانی ژێردەست بایەخ بە زمانی نەتەوەیی خۆی بدات و میراتێکی فەرهەنگی نەتەوەیی بۆ نەوەکانی داهاتووی بەجێ بهێڵێت.
زمانی کوردی وەک زمانی رەسمی
لە هەرێمی کوردستاندا سەرباری بە رەسمی ناسینی زمانی کوردی و کارپێکردنی لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردندا، بەڵام لە ئەزموونی 33 ساڵی حکومڕانی خۆماڵیدا چاوەڕوان بووین لانیکەم فۆرمێک لە پەروەردەی زمانیی بۆ تەواوی باشووری کوردستان و تەنانەت پارچەکانی دیکەی کوردستان بەرهەم بهێنین، کەچی دەرکەوت دامەرزراوە بەناو ئەکادیمی و زمانناسی و کەلتورییەکان ناتوانن بۆ خۆیشیان ئەوە بکەن، ئێستا لە بواری پەروەردە و فێرکردندا لەو دوو دەڤەری بادینان و سۆران بە دوو زاری کرمانجی سەروو و کرمانجی خواروو یان (بنزاری سۆرانی و بادینی) دەخوێندرێت، هەوڵێکیش هەیە بە زاری هەورامی لە دەڤەری هەورامان و هەڵەبجە بخوێنن)، من دەپرسم ئایا لە کوێی دنیادا هەبووە لە هەرێمێکدا بە سێ زاری زمانی نەتەوەیەک و بۆ هەر ناوچەیەک پێویستە و بڕیارێکی سیاسی هەیە بخوێنرێت و بنووسرێت، تکایە نموونەیەکم بۆ بهێننەوە؟
کۆنفرانسی زمانی کوردی لە دامەزراوە گەشتیارییەکاندا
زمانی کوردی زمانێکی رەسمییە لەسەرجەم دامەزراوە حکوومی و مەدەنییەکاندا لە هەرێمی کوردستاندا، بەداخەوە ئەمڕۆ دەبینین لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستاندا، وەکو پێویست و زمانێکی رەسمی مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت، نووسینی تابلۆی شوێنە بازرگانییەکان، هوتێل و چێشتخانەکان، مینووکانیان بە زمانی بیانین (عەرەبی و ئینگلیزی)ن، تەنانەت کارگەکانیش کەتالۆگی بەرھەمەکانیان زیاتر ھەر بە زمانە بیانییەکانە، ئەمەش تەواو کارێکی نایاساییە و دژی بڕیار و یاساکانی دەستووری عیراقی فیدرال و پەرلەمانی هەرێمی کوردستانە، هەر تابلۆیەکی بینراو، کە بەکاردێت وەک هێمایەک، یان دەقێک بۆ گەیاندنی پەیامێک یان زانیارییەک بە بینەران، تابلۆیەکان زمانێکی بینراون، کە رەنگدانەوەی ناسنامەی کەلتوریی گەلەکەمانن، راستەوخۆ رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پەیوەندی بینراودا و تەنها ئامرازێکی ریکلام و پرۆپاگەندە، یان رێنمایی نین، بەڵکو زمانێکی بینراون کە ناسنامەی کەلتوری کۆمەڵگەی ئێمەی کوردەواری تێدا رەنگ دەداتەوە و بەشێکی جەوهەری دیمەنی شارەکان پێکدەهێنن. نووسینی سەر تابلۆکان لە جۆر و ئەرکەکانیاندا جیاوازن، هەندێکیان نیشانەی بازرگانین، کە ئامانجیان بەرەو پێشبردنی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانە.
تابلۆکان پێویستن بۆ ئاسانکاری هاتوچۆی خەڵک و پێدانی زانیاری پێویست بە خەڵک، بەڵام دیسان هەر بە زمانی کوردی نین، سەبارەت بە نیشانە کەلتورییەکانیش، رەنگدانەوەی بەها و بیروباوەڕ و نەریتەکانی کۆمەڵگەن، بەشدارن لە پاراستنی ناسنامەی کەلتوری و گواستنەوەیان بۆ نەوەکانی داهاتوومان، بایەخی نووسینی تابلۆکان بە زمانی کوردی، واتە تابلۆکان تەنها لە ئەرکە کردەییەکانیاندا سنووردار ناکرێن، بەڵکو رۆڵیان هەیە لە داڕشتنی وێنەی دەروونی لای خەڵک و بەهێزکردنی ناسنامەی کەلتوریمان، بۆیەش پەنابردنە بەر زمانی بیانی و پەڕاوێزخستنی زمانی دایک، وێڕای ئەوەی جۆرێکە لە جینۆسایدی کەلتوری و تواندنەوەی زمانی نەتەوەییمان، هاوکات گەورەترین مەترسی و هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی زمان و دواتر ئاسایشی نەتەوەییمان.
ئەرکی دامەزراوە حکومییەکان چییە؟
لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی مێژوویی، لە مانگی ئابی ساڵی 2022، دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە دەرکردنی فەرمانێکی رەسمی، سەرجەم شوێنە گەشتیارییەکانی پابەند کرد بە بەکارهێنانی زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی و یەکەم لەسەر تابلۆی ناوی شوێنەکان و خشتەی خزمەتگوزارییەکان و هەر پسوولەیەکی تر.
هاوکات بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەمان مەبەست تەواوی سێکتەرەکانی تری پابەند کردووە بە بەکارهێنانی زمانی کوردی لەپێناوی بەرژەوندیی گشتی و پاراستنی مافی دەستووریی زمانی کوردی و رێگەگرتن لە زیاتر کاڵبوونەوەی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە ناوەندە بازرگانییەکان.
دەستەی گەشتوگوزار سوورە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری بەکارهێنانی زمانی کوردی لە بنکە گەشتیارییەکان و هەموو هەوڵەکان خراونەتە گەڕ بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە و هەنگاوی باش بڕدراوە و لیژنەی تایبەتیش بۆ بەدواداچوونی شێوازی جێبەجێکردنی پێکهێنراوە و لێپێچینەوەی یاسایی دانراوە بۆ ئەو لایەنانەی کە پابەندی ئەم بڕیارە نابن.
لە رۆژی 26ی حوزەیرانی 2025 لە شاری سلێمانی کۆنفرانسی زمانی کوردی لە دامەزراوە گەشتیارییەکان بە بەشداریی دەستەبژێرێک لە زمانناسان و یاساناسان بەڕێوەدەچێت، جێی شانازییە کە چالاکییەکە لەسەر ئەرکی کەسایەتی دڵسۆز دکتور تەها رەسووڵ و هاوکاری خاتوو ئەمەل جەلال بەڕێوەدەچێت. پەراوێز خستنی زمانی كوردی لە دیمەنی زمانیی كەرتی گەشتیاری و بازرگانی لە شارەکانی کوردستاندا، هێمای بازرگانی و ناولێنان له تابلۆی شوێنكاردا، سیاسەت و پلانی زمانی لە بۆتەی یاسای زمان و رۆڵیان لە پاراستنی پێگەی زمانی کوردیدا، هەژموونی زمانی و کاریگەریی کەلتوری تابلۆکانی نێو شاری کەرکوک به نموونە، کێشەکانی زمانی کوردی لە نووسینی تابلۆی شوێنە گەشتیارییەکان، رۆڵی یاسا لە پاراستن و پێشخستنی زمانی کوردیدا، یاسای پاراستنی زمانی کوردی، ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاسای زمانە رەسمییەکان لە هەرێمی کوردستان و پرسی زمان و نووسینی کوردی لەبەر رۆشنایی ئاسایشی نەتەوەییدا، قۆناغەکانی دەرچوواندن و ئالنگارییەکانی جێبەجێکردنی یاسای زمانە رەسمییەکانی عیراقی، ژمارە(7)ی ساڵی 2014 مژاری سەرەکی کۆنفرانسەکەمانن.
هیوادارین لەم کۆنفرانسەدا بە پێشکەشکردنی توێژینەوەی ئەو زمانناس و یاساناسانە بگەین بە ئەنجامێک بۆ چارەسەری دیمەنی قێزەونی تابلۆکانی ناو شار و شارۆچکەکان و شوێنە بازرگانی و گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان کە زۆرینەی نووسراوی لەسەر تابلۆکانی بەداخەوە هێشتا هەر بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزین، یان بە کوردییەکی سەقەت و پڕ لە هەڵەی رێنووس و زمانەوانی نووسراون، کە زۆرجار دەبنە مایەی گاڵتەجاڕی نەوەیەک کە نامۆیە بە زمانی دایک.
لەم کۆنفرانسەدا پێشنیاز و راسپاردەکان دەخرێنە بەردەم لایەنی بەرپرس لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و تا بەزووترین کات کاری پێویستی لەسەر بکەن و سەرپێچیکارانیش بە پێی یاسای زمانە رەسمییەکانی هەرێمی کوردستاندا سزا بدرێن.
ئیدی کاتی ئەوە هاتووە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەو کێشەیەدا بکات و زمانی شیرینی کوردی بکاتە زمانی سەرجەم کایە بازرگانی و گەشتوگوزارییەکان، هەر کەسێکیش، یان دەزگایەک، هوتێلێک، تەنانەت ریستۆرانتێکیش سەرپێچی کرد، رووبەڕووی سزای یاسایی بکرێتەوە، بێگومان ئەگەر یاسا سەروەر بێت.
لە هەرێمی کوردستاندا سەرباری بە رەسمی ناسینی زمانی کوردی و کارپێکردنی لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردندا، بەڵام لە ئەزموونی 33 ساڵی حکومڕانی خۆماڵیدا چاوەڕوان بووین لانیکەم فۆرمێک لە پەروەردەی زمانیی بۆ تەواوی باشووری کوردستان و تەنانەت پارچەکانی دیکەی کوردستان بەرهەم بهێنین
هەر بۆ وەبیرهێنانەوە لە رۆژانی 16 و 17 جۆزەردانی 2021 یەکەم کۆنفرانسی گۆڤارەکەمان گۆڤاری زمانناسیی زمان و زار بە ناونیشانی (زمانی کوردی لە دامەزراوە دادگەرییەکان)دا بوو، لە شاری سلیمانی و بەهاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێت، کە دەستەبژێڕێک لە زمانناسان و یاساناسان لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا بە توێژینەوەکانیان بۆ ماوەی دوو رۆژ بەشدارییەکی گەرم و گوڕیان کرد، سەرەنجامیش راسپاردەکانی کۆنفرانس، دوای ساڵ و نیوێک وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان هاتە سەر خەت و ناچاری کردن بڕیار بدات لە بە رەسمیکردنی زمانی کوردی لە تەواوی دامەزراوە دادگەرییەکانی هەرێمی کوردستاندا، بەتایبەتیش لە دادگاکاندا، ساڵی دواتریش لە گوڵانی 2022 کۆنفرانسی دووەمی زمانی کوردی و پرسی زمانی ستانداردبوو، لە بەهاری 2024یش کۆنفرانسی سێیەمی زمان و پرسی زار و بنزارە کوردییەکان بەڕێوەچوو.
*سەرپەرشتیاری کۆنفرانسی زمانی کوردی لە دامەزراوە گەشتیارییەکان، کە لە رۆژی 26ی جۆزەردانی 2025 لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت.
پێویستە تابلۆکان لە کوردستان بە رێنووس و رێزمانێکی دروستی کوردی بنووسرێن