ئا: دیاری سابیر
هاوكات لەگەڵ سەردانی چەند پەرلەمانتارێكی دیكەی ئەمریكا بۆ تایوان، حكومەتی چین دەستپێكردنی مانۆڕی دەریایی و ئاسمانیی نوێی لە دەوروبەری دوورگەكە راگەیاند.
دەستپێكردنی مانۆڕی نوێی هێزەكانی چین، دوای چەند رۆژیك دێت لە كۆتاییهاتنی مانۆڕێكی گەورە و فراوانی دەریایی و ئاسمانیی هێزەكانی ئەو وڵاتە لە نزیك تایوان، كە وەك وەڵامێك بوو بۆ سەردانەكەی نانسی پیلۆسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا و وەفدێكی هاوڕێی بۆ دوورگەكە، كە چین بە بەشێكی دانەبڕاوی دادەنێت لە خاكی وڵاتەكەی.
بەپێی بەیاننامەیەكی پەیمانگەی ئەمریكی لە تایوان، لە سەردانەكەیاندا، پەرلەمانتارانی ئەمریكا لەگەڵ سەرۆكی تایوان كۆدەبنەوە و چەند دۆسێیەكی وەك پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات، ئاسایشی هەرێمی، بازرگانی و وەبەرهێنان، گۆڕانی كەشوهەوا و چەند دۆسێیەكی دیكەی جێبایەخی هەردوولا، تاوتوێ دەكەن.
لای خۆشیەوە، وەزارەتی دەرەوەی تایوان، سەردانی پەرلەمانتارەكانی ئەمریكای بە ئاماژەیەكی دیكە دانا بۆ تۆكمەیی پەیوەندییەكانی نێوان تایپێ و واشنتۆن. حكومەتی پەكین-یش هەمیشە پاراستنی یەكپارچەیی خاكی وڵاتەكەی دووبارە دەكاتەوە و چەندجارێك تەئكیدیكردۆتەوە، كە ئەگەر پێویست بكات، ئەوا بە زەبری هێز، ئەو هەنگاوە جێبەجێ دەكات و لە دوای سەردانەكەی پیلۆسی، كەشتیی جەنگی و سەكۆی موشەكهاوێژ و فڕۆكەی جەنگیی رەوانەی دەوروبەری تایوان كرد.
بەپێی راگەیەنراوێكی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە تایوان، سیناتۆر ئیید ماركی سەرۆكایەتیی وەفدەكەی ئەمجارەی ئەمریكای كردووە، كە لەگەڵ چوار پەرلەمانتاری دیكەی وڵاتەكەی سەردانی تایوانیان كردووە و لەگەڵ سەرۆكی تایوان كۆبوونەتەوە.
لە بەرامبەریشدا، باڵیۆزخانەی چین لە واشنتۆن، لە راگەیەنراوێكیدا دووپاتیكردۆتەوە: سەردانی وەفدەكەی ئەمریكا، دەیسەلمێنێتەوە، كە واشنتۆن دەیەوێت سەقامگیریی گەرووی تایوان تێكبدات و دەست لە كاروباری ناوخۆی چین وەربدات.
شارەزایانی سیاسی دەڵێن: جەنگی نێوان روسیا و ئۆكرانیا و گرژییەكانی نێوان چین و تایوان و چەند كێشەیەكی دیكەی جیهانی، خەریكە وڵاتان بەسەر دوو بەرەدا دابەش دەكات و روسیا و چین و كۆریای باكوور و چەند وڵاتێكی دیكەی دژ بە سیاسەتی ئەمریكا، لە یەك نزیك دەكاتەوە.
سەرچاوە: ئاژانسەكان