راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
عەلی محەمەد نیشتەجێی گەڕەكی شۆراوە لە شاری کەرکوک، خاوەنی دوو هەزار كۆتری نامەبەر(زاجل)ە، نزیكەی 20 ساڵە ئاشنایەتی لەگەڵ بەخێوكردنی ئەو جۆرە کۆترەدا هەیە.
عەلی بۆ كوردستانی نوێ وتی: بەشێكی زۆر لەو كۆترانەی هەمن دۆسیەی لەدایكبوون و بێچووخستنەوەیان هەیە، مێژووی هەر یەكێكیان نووسراوە و بە کۆدێک کردوومە بە پێیەکانیانەوە.
وتیشی: لە مێژووی كاركردنم لەگەڵ ئەم جۆرە كۆترانەدا، دەبێت هەڵسوكەوت و كارت بەجۆرێك بێت بتوانیت ئەو ئەنجامە بەدەستبهێنێت كە لەگەڵ خواستەكانی تۆدا یەك دەگرێتەوە، لەبەرئەوەی جۆری خواردن، شوێن، ئاو، هەوا و ژینگە پێویستییەكی گرنگی سەركەوتنن لە بەخێوكردنیاندا.
نرخ و جۆری کۆترەکان
كۆتری نامەبەر، یەكێكە لەو باڵندانەی لە سەرەتاكانی ژیانی مرۆڤایەتییەوە ئاشنایەتی لەگەڵ مرۆڤدا هەبووە و ماڵیی بووە، بۆ گەلێك پێویستیی كۆمەڵایەتی و سەربازیی بەكارهێنراوە.
عەلی محەمەد دەڵێت: ئەو كۆترانەی بەخێوم كردوون، بەشێكیان لە ناوخۆی وڵاتدا پەروەردە كراون و لەگەڵ ژینگەکەدا گونجاون، بەشەكەی دیکەشیان لە ئەڵمانیا، ئەمریكا، یابان و دانیماركەوە هێندراون، كە دەتوانین بەشێكیان لەگەڵ كۆتری ناوخۆدا بەخێو بكەین و دەگونجێن لە رووی توانای فڕین و بەرگەگرتنی ژینگەوە.
عەلی خۆی بە بەخت دەزانێت لە بەخێوکردنی ئەو جۆرە کۆترەدا و وتی: لە زۆربوونی كۆترەكاندا بەختێکی باشم هەیە بە تایبەت ئەوانەی تێكهەڵكێشی كۆترەكانی دەرەوەی وڵاتن، نرخی کۆترەکانم لە نێوان 5 بۆ 10 هەزار دۆلاردایە و هەندێكجار لە زیادكردنی جۆراوجۆردا نرخەكان زۆر زیاتردەبن، بێچووەكانیش بەو كەسانە دەفرۆشین كە كۆتربازن.
نرخی کۆترەکانم لە نێوان 5 بۆ 10 هەزار دۆلاردایە و هەندێكجار لە زیادكردنی جۆراوجۆردا نرخەكان زۆر زیاتردەبن
پێشبڕكێی ساڵانەی کۆتری نامەبەر
لە نزیک قەڵای کەرکوک و سەرەتای پردی شەهیدان بازاڕی پەلەوەران هەیە، جۆرەها پەلەوەری تێدا دەفرۆشرێت، کە کۆتری نامەبەر یەکێکە لەوانە.
باوكی عەبدوڵڵا لەسەر پردەكە دوكانی فرۆشتنی كۆتری نامەبەری هەیە و بۆ کوردستانی نوێ باسی ئەو پێشبڕكێیانە دەكات کە ساڵانە بۆ کۆتری نامەبەر رێکدەخرێت لە شارەکەدا و وتی: هەموو ئەوانەی کۆتری نامەبەرمان هەیە، هەموو ساڵێك خۆمان بۆ پێشبڕکێکە ئامادە دەكەین بە ئامانجی بردنەوە، لەبەرئەوەی لە رووی ماددی و دەروونییەوە بۆمان گرنگە، هەروەها رێكخراوی تایبەت بە خۆمان هەیە، ئەوانەی كۆتری زاجل بەخێو دەكەن پێشبڕکێکە رێكدەخەن بە تایبەت لە نێوان کۆتربازانی كەركوك ـ بەسرەدا لەوێوە بەشێك لە كۆتربازەكان كۆترەكانیان بۆ كەركوك هەڵدەدەن.
وتیشی: دوای هەڵدانی، ئەو كۆترەی یەكەمجار دەگاتەوە لای خاوەنەكەی خەڵاتی براوە وەردەگرێت و نرخی كۆترەكەش بەرزدەبێتەوە و خواستی كڕین لەسەری زۆر دەبێت، لەبەرئەوەی كۆترە براوەكە نزیكەی 800 كلیۆمەتر فڕیوە و گەڕاوەتەوە، بەڵام بەداخەوە هەندێكجار لەکاتی هەڵدانی کۆترەکە لەلایەن خەڵكی نەفامەوە داو یان تەڵە بۆ کۆترەکە دادەنرێت و لەناو دەبرێت یان بە چەكی راوكردن دەكوژرێت.
جیاوازیی کۆتری نامەبەر لەگەڵ كۆتری ئاسایی
لە کەرکوک هاووڵاتیانی نەتەوەجیاوازەکان کۆتری نامەبەر بەخێو دەکەن و سەرچاوەیەکی پەیداکردنی بژێوی ژیانیانە.
ئەتێلە سایغن توركمانە و پیشەی بەخێوكردنی كۆتری زاجلە بۆ کوردستانی نوێ وتی: كۆتری زاجل ئەوەی جیای دەكاتەوە لە كۆترەكانی دیکە ئەوەیە قەبارەیان گەورەتر و باریكترە، دەنوكیان درێژترە و سەریان لە كۆتری ئاسایی بچووكترە، هەروەها لە كۆتری ئاسایی نزمتر دەفڕن هەر لەبەر ئەمەیە بە ئاسانی راودەكرێن.
ئەتێلە باسی لە جۆری خواردنی کۆتری نامەبەر کرد و دەڵێت: دانەوێڵەی تایبەتی خۆیان هەیە، هەروەها ئارەزووی خواردنی جۆرە بەردێكی كلس دەكەن کە بەرگری لەشیان زیاد دەکات و وادەکات زیاتر بەرگەی نەخۆشی بگرن.
وتیشی: کۆتری نامەبەر لەگەڵ هاوپۆلەكانی خۆیان زیاتر ئاشناترن، وەك ئەوەی لەگەڵ كۆترێكی ئاساییدا، هەروەها توانای دۆزینەوەی شوێنە بنەڕەتییەكانی خۆیان هەیە و ئەم كۆترە تەنیا بە بێچوویی ماڵی دەبێت.