چی روودەدات ئەگەر دادگای فیدراڵی پەكی بكەوێت؟

11:08 - 2025-06-24
عیراق
86 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی بەشێك لە ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی دەستیان لەکارکێشایەوە، دواتر سەرۆكی دادگای فیدراڵیش داوای خانەنشینی كرد، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت: ئەگەر دەستلەكاركێشانەوە و بڕیاری خانەنشینبوونی ئەندامان و سەرۆكی دادگای فیدراڵی پەسەندبكرێت، لە ئێستا و داهاتوودا عیراق رووبەڕووی چەندین كێشە دەبێتەوە.
پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن
د.جەمال كۆچەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: هەر كێشەیەك هەبێت لە نێوان پارێزگاكان و حكومەت، هەرێمی كوردستان و  حكومەتی عیراق و پێویستی بە دادگای فیدراڵی هەبێت، لە ئێستادا ئەو دادگایە ناتوانێت بڕیاری لەسەر بدات، ئەگەر كێشەكانی ناو دادگا چارەسەرنەكرێت لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پەسەندكردنی ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە دەبێت بە كێشەیەكی تر.
دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامەکان
وتیشی: ئەگەر داواکاری خانەنشینبوونی سەرۆكی دادگای فیدراڵی پەسەندنەكرێت، ئەوا دادگاكە هیچ كێشەیەكی نییە و تەواو دەتوانێت كاروبارەكانی خۆی رابپەڕێنێت، ئەگەر دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی دادگاكەش پەسەند بكرێت ئەوا دەبێت بە سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران رابگەیەنرێت، كەوا ئەم بۆشاییە دروستبووە و پێویستە دەرگای كاندیدبوون بۆ ئەندامێتیی دادگا بكرێتەوە، چونكە پەسەندكردنی بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامەكان لە دەسەڵاتی سەرۆكی دادگای فیدراڵییە، ئەگەریش دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامەكان و بڕیاری خانەنشینی سەرۆكی دادگا پەسەند بكرێت ئەوا پێویستە دووبارە هەیکەلی دادگای فیدراڵی دابڕێژرێتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: هیچ ئەندامێكی دادگای فیدراڵی نییە كە لەلایەن لایەنێكی سیاسییەوە كاندید نەكرابێت، هەموویان لایەنە سیاسییەكان پیشتوانییان دەکەن و كاندیدیان كردوون.
پەكکەوتنی دادگای فیدراڵی 
د.بەهار مەحمود ئەندامی خولی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دادگای فیدراڵی زنجیرەیەكی زۆر گرنگە لە دەزگا دەستوورییەكانی عیراق، چونكە زۆر كاری پێسپێردراوە كە دەبێت ئەو یەكلایی بكاتەوە، بۆیە پەككەوتنی ئەم دادگایە واتە پەككەوتنی بەشێك لە دەوڵەت، هەرچەندە تائێستا داواكاریی دادوەرەكان بۆ دەستلەكاركێشانەوە قبووڵ نەكراوە، ئەگەر قبووڵ بكرێت ئەو دادگایە پەكی دەكەوێت، چونكە كۆبوونەوەی دادگاكە بە ئامادەبوونی هەموو ئەندامەكانی بەڕێوەدەچێت، بۆئەوەی جارێكی تر هەیکەلی  دادگاكە پێکبهێنرێتەوە، پێویستە دادوەری تر دابنرێت لە شوێنی ئەم ئەندامانەی ئێستا، پێویستە دەنگیان پێبدرێت و سوێندی یاسایی بخۆن لە ئەنجومەنی نوێنەران.
دەبێت سەرلەنوێ دادگای فیدراڵی پێکبهێنرێتەوە
وتیشی: دەنگۆیەك هەیە دەڵێت كە گوایە لەبەرئەوەی سەرۆكی دادگای فیدراڵی  داوای خانەنشینی كردووە، لەوانەیە داوای دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامەكانی پەسەند نەكرێت و بگەڕێنەوە سەركارەكانیان، لە حاڵەتی گەڕانەوەی دادوەرەكانی تر و ئەگەری خانەنشینكردنی سەرۆكی دادگاكە، چونكە مەرجەكانی خانەنشینبوونی تێدایە، بۆیە دەتوانێت داوای خانەنشینی پێشوەختە بكات و خانەنشین بێت، ئەوكاتە دادگاكە پەكی ناكەوێت، چونكە دەتوانرێت لەو دادوەرانە كە ئەندامی دادگاكەن یەكێكیان بكرێتە سەرۆك و ئەندامێكی یەدەگی دادگاكەش بهێنرێتە دادگاكە، تا ئەو كاتەی دادوەرێكی تر دەكرێتە ئەندامی دادگای فیدراڵی، بەمشێوەیە لە حاڵەتی خانەنشینبوون یان دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكی دادگا، دادگاكە پەكی ناكەوێت، بەڵام ئەگەر (6) ئەندامی سەرەكی و (3) ئەندامە یەدەگەكە دەستلەكاربكێشنەوە، ئەوا بەدڵنیاییەوە دادگاكە پەكی دەكەوێت و دەبێت سەرلەنوێ پێکبهێنرێتەوە.
دادگای فیدراڵی و نوێنەرایەتیی سیاسی 
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: پێکهێنانەوەی دادگای فیدراڵی ئاسان نییە، چونكە ئەم دادگایە بەدەرنییە لە نوێنەرایەتیی سیاسی، بۆیە جارێكی تر رێكکەوتنی حزبەكان بۆ دانانی دادوەر لە ئەم دادگایە ئاسان نابێت، چونكە من بابەتەكەم بینیوە لە خولی پێشووتری پەرلەماندا ئەوكاتەی کە یاساكەمان بۆ هەمواركردەوە و دادگاكە دروست بوو، ئاسان نەبوو گەیشتن بەوەی كە كامانەن ئەو دادوەرانەی دەیان نێرن بۆ ئەو دادگایە.

كوردستانی نوێ، هیوا كازم

بابەتە پەیوەندیدارەکان