وەفا نەقشبەندی
تیپی كاراتێی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، ساڵانێكی زۆرە خاوەنی چەندین پاڵەوانە لە یارییەكەدا و هەمیشەش لە لووتكەدان، لە هەر خول و پاڵەوانێتییەكیشدا بەشداریی بكەن جێ دەستیان دیارە.
یەكێك لەو پاڵەوانەکانیشی (رێباز حەكیم عوسمان) ە، خاوەنی پشتوێنی رەشی دان (2) ی یارییەكەیەو ماوەی (8) ساڵە بەبێ دابڕان لەساڵی (2019) ەوە بەشداریی لە پاڵەوانێتییەكان دەكات.
لە چاوپێكەوتنێكی تایبەت بە ستادیۆمدا، رێباز باس لە چۆنێتی مەشق و راهێنانەكانیان دەكات و دەڵێت: بەخۆشحاڵییەوە راهێنانەكانمان بە شێوازێكی زۆر مۆدێرن لەسەر دەستی راهێنەری بەتوانا (ئەرسەلان مورادی) رۆژانە بەردەوامە، هەمیشە بە نوێترین شێوازەكانی راهێنانی تەكنیكی و تاكتیكی ئاشنامان دەكات، تا بتوانین لەپاڵەوانێتییەكاندا پشتیان پێ ببەستین.
سەبارەت بە دیارترین ئەنجامەكانی خۆی وتی: لە پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی (SKI) توانیم پلەی یەكەم و دووەم بەدەست بهێنم، هەروەها ساڵی (2023) لەیەكەم پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبی لە كوەیت، بەشدارییم كردووە، دوو جاریش ساڵی (2024-2025) لە روسیا بەشداریی دوو پاڵەوانێتیی جیاوازم كردووە و توانیم پلەی سێیەم دەستەبەر بكەم، لە پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتیی (JSKA) پلەی سێیەمم بەدەستهێناوە.
سەبارەت بە گلەییەكانیشی، ئەوەی بۆباسکردین كە یاریزانی كاراتێ بایەخی پێنادرێت، ئەمەش بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتە پێشكەوتووەكان کە بایەخێكی زۆر بەو یارییە دەدەن و ساڵانە چەندین یاریزان بۆ پاڵەوانێتییە جۆراوجۆرەكان ئامادە دەكەن، لە عیراق بەگشتی بەهۆی كەمی پاڵەوانێتییەكان و پاڵپشت نەكردنی یاریزان و بەشداریی نەكردنیان لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوەی وڵات سستییەك بەیارییەكەوە دیارە، هیواداریشە وەك كوردێك لە پاڵەوانێتی ئاسیا و جیهاندا بەشداریی بكات و ئاڵای پیرۆزی كوردستان بەرز بكاتەوە، هیواداریشە لەكوردستان و عیراق زیاتر گرنگی بە یارییە تاكەكان بدرێت و دەرفەتی رێكسختنی پاڵەوانێتیی زیاتر بڕەخسێنرێت، تا ئاستی یاریزانان بەرە و پێش بچێت.
لەكۆتایی ئەم دیارەیدا دەڵێت: وەك یاریزانێكی كورد و شاری سلێمانی، لە ماوەی ساڵانی (2021 تا 2025) لەكێشی خۆمدا یەكەمی عیراق بووم و یاریزانی هەڵبژاردەی عیراق بووم، بەڵام بەداخەوە لەماوەی ئەو (4) ساڵەدا عیراق بەشداریی پاڵەوانێتی ئاسیا و جیهانی پێ نەكردم، ناشزانرێت بە چ هۆكار و بیانویەك بووە، جیاوازیەكی ئاشكرا لەگەڵ ئێمە و یاریزانانی ناوەڕاست و باشووری عیراقدا دەكرێت، ماندوو بوون و هەوڵدانی یاریزان لەبەرچاو ناگرن و بەبێ هۆكار بێبەش دەكرێین لەپاڵەوانێتییەكانی دەرەوەی عیراق، سوپاسی ستادیۆمیشی كرد كە هەمیشە دەروازەیەك بووە بۆ بەسەركردنەوەی یاریزانانی كورد لەهەر كوێیەك بووبێت.