له یاری تۆپی پێدا، یه‌كێك له کاراکتەرە سه‌ره‌كییه‌كانی پێكهاته‌ی هه‌ر تیپێك گۆڵپارێزه، چونکە وەک یەکەم بەردی بناغە، تیپه‌كه‌ی له‌سه‌ر بونیاد ده‌نرێت، لەم بوارەشدا و لەوەرزشی کوردستاندا، خاوه‌ن به‌هره‌یه‌كی زۆرمان هەن و پێویسته ئاوڕییان لێبدرێته‌وه.
ئەیوب محەمەد لە تیپی پێشكه‌وتووانی یانه‌ی پێشمه‌رگەی سلێمانی، خاوه‌نی توانا و به‌هره‌یه‌كی جوانی یارییكردن و شێوازی خۆ هه‌ڵدان و گرتنه‌وه‌ی تۆپه، هه‌روه‌ها باش دەزانێت چۆن به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی تیپی به‌رامبه‌ر بوەستێت.
ساڵی 2012 له ئه‌كادیمیای تۆپی پێی شارۆچكه‌ی پیره‌مه‌گرونەوە دەستیپێکردووە، ئه‌و كات بۆ تیپه‌كانی سه‌ربه‌ستی و سامپا یاری كردووه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له یانه‌كانی ده‌ربه‌ندیخان و پێشمه‌رگه رۆڵی زۆرباشی بینیوە.
ئێستا لەگەڵ تیپی یانه‌ی پێشمه‌رگەی سلێمانی به‌شداریی له خولی نایابی یانه‌كانی عێراقدا دەکات، ستادیۆم لەم گۆڵپارێزەی پرسی؛ گۆڵپارێز پێویستی بەچییە؟ لەوەڵامدا وتی: گۆڵپارێز پێویستی به كه‌سی ئازا‌و بوێره و ده‌بێت وه‌ك سه‌ركرده له ناو پێكهاته‌كه مامه‌ڵه بكات، له‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی یانەکانی عیراقدا، قورسترین یارییم به‌رامبه‌ر یانه‌ی مه‌سافی به‌غدا بوو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی دوو یاریزانی تیپه‌كه‌مان كارتی سووریا‌ن پێدرا و گوشاری زۆرم له‌سه‌ر بوو، سوپاس بۆ خوا، دواجاریش یارییه‌كه‌مان برده‌وه.
سه‌باره‌ت به ئاستی تیپه‌كه‌شیان وتی؛ تا راده‌یه‌ك بە ئه‌نجامێكی باشەوە یارییه‌كانی خوله‌كه‌مان تیپه‌ڕاندوه و زۆر سوپاسی ته‌واوی ستاف و كارمه‌ندانی یانه‌كه‌مان ده‌كه‌م بۆ پاڵپشتی به‌رده‌وامیان، ئومێده‌واره‌م له وه‌رزی داهاتوودا بتوانین بۆ خولی ئه‌ستێره‌كانی عیراق سه‌ربكه‌وین.
لەبەر ئەوەی له لێدانه به‌هێز و ته‌نانه‌ت لێدانی پەنالتییەکان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی تۆپدا ئاستێکی باشی نواندووە، سه‌رنجی ژماره‌یه‌ك له یانه‌كانی به‌لای خۆیدا راكێشاوه، چه‌ندین داواكاری خراوه‌ته به‌رده‌ست، به‌ڵام ناوبراو ره‌تیكردۆته‌وه و تا دوو وه‌رزی تریش له تیپی پێشمه‌رگه ده‌مێتێته‌وه.
ئه‌یوب بۆ ستادیۆم ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، كه ئه‌و هانده‌ری یانه‌ی ریاڵ مه‌درید و هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگاله، خه‌ون به‌وه‌شه‌وه ده‌بینێت له داهاتوودا له ریزی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق یاری بكات.
له كۆتاییدا سوپاسی ستادیۆمی كرد و هیوای خواست به‌رده‌وام خاوه‌ن به‌هره‌كانی یارییه جۆراوجۆره‌كانی وه‌رزش به‌سه‌ربكه‌نه‌وه.