بۆروت باهۆر سەرۆكی سلۆڤینیا رایگەیاندووە: ئەو كاتەی روسیا لە 2014 دا نیمچە دوورگەی كریمیای كۆنترۆڵكرد و كردی بە بەشێك لە خاكی خۆی، خۆرئاوا هەڵوێستی توندی نەنواند و تەنها چەند سزایەكی سووكی بەسەر مۆسكۆدا سەپاند.
لە دیدارێكیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ، سەرۆكی سلۆڤینیا روونیكردۆتەوە: سزاكانی ئەو كاتەی خۆرئاوا پەیامێكی هەڵە بوون بۆ كۆشكی كریملین و رێگەی لەبەردەمدا خۆشكرد، تا هەنگاوی دیكەی لەو جۆرە بنێت. وتیشی: دەبێت خۆرئاوا و یەكێتیی ئەوروپا، بەرپرسیارێتیی دەرهاویشتەكانی جەنگی ئۆكرانیا لە ئەستۆ بگرن و هەنگاوی پێویست بنێن بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتانە. هەروەها خۆشحاڵیی خۆی بە یەكڕیزیی وڵاتانی خۆرئاوا دەربڕی لە بەرامبەر هێرشەكانی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا.
سەرۆكی سلۆڤینیا كە وڵاتەكەی ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا و ناتۆیە، ئاماژەی بەوەشداوە: لەگەڵ دەستپێكی جەنگی ئۆكرانیا، خۆرئاوا كۆمەڵێك سزای توندتریان بەسەر روسیادا سەپاند و هەر بە یەكگرتووییش ماینەوە. وتیشی: وڵاتانی خۆرئاوا ئۆكرانیایان بە تەنیا بەجێنەهێشت و حكومەتی مۆسكۆ پێشبینی هەڵوێستی یەكگرتووی خۆرئاوای نەدەكرد لە بەرامبەر جەنگەكەدا، بۆیە پێناچێت روسیا بیەوێت لەگەڵ بەرەی خۆرئاوا تێوەبگلێت.
روونیشیكردۆتەوە: پێویستە رێز لە ئیرادەی سیاسیی ئۆكرانیا و حكومەتی كیێڤ و سەرۆكی ئەو وڵاتە بگرین، بەڵام لە ئەگەری هاتنەپێشی هەر دەرفەتێك، پێویستە دەرفەتی بەدیهێنانی ئاشتییەكی دادپەروەرانە لەدەستنەدەین.
جێی ئاماژەیە، رۆژی 24ی شوباتی رابردوو، روسیا پڕۆسەیەكی سەربازیی لە دژی ئۆكرانیا دەستپێكرد ئەوەش كاردانەوەی توندی زۆرێك لە وڵاتانی لێكەوتەوە، كە دواجار بووە هۆی سەپاندنی سزای توندی دارایی و ئابووریی بەسەر مۆسكۆدا.
سەرچاوە: ئاژانسەكان