لە سەرەتای سەدەی 21دا سەركردایەتی چین هەر زوو پلانی داڕشت بۆ زاڵبوون بەسەر تەكنۆلۆژیاكانی داهاتوو. سەردەمانێك وڵاتی پاسكیل بوو، بەڵام ئێستا دەكرێت بڵێین پێشەنگی جیهانە لە بواری ئۆتۆمبێلی كارەباییدا.
مایكل دان شرۆڤەكاری كەرتی ئۆتۆمبێل دەڵێت: «كاتێك باس لە ئۆتۆمبێلی كارەبایی دەكرێت، چین 10 ساڵ لە پێشە و 10 هێندەی هەموو وڵاتێكی دیكە باشترە».
ئێستا كۆمپانیای BYD ی چینی لە پێشەنگی بازاڕی جیهانی ئۆتۆمبێلی كارەباییدایە، دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵدا پێش تێسلای ئەمریكیی ركابەری كەوت.
فرۆشی كۆمپانیای BYD لە ناوخۆدا لە رێژەیەكی بەرزدایە بەهۆی ئەو دانیشتوانە زۆرەی لەو وڵاتەدا هەیە، كە بە نزیكەیی 1.4 ملیار كەسە، بەڵام كۆمپانیاكە ئێستا بەدوای فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی زیاترە لە دەرەوەی وڵات.
لە رابردوودا براندە چینییەكان نەیاندەتوانی ركابەری كۆمپانیاكانی دروستكردنی ئۆتۆمبێلی ئەوروپی و ئەمریكی و ژاپۆنی بكەن بەو كوالێتی و شكۆمەندییەی هەیانە لەم بوارەدا، كۆمپانیا چینییەكان سەرەتایەكی باشیان نەبوو لە چاو ئەواندا كاتێك باس لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی بەنزین یان گازوایل دەكرا، بەڵام چین سەرچاوەیەكی زۆر و هێزێكی كاری لێهاتوو و ئیكۆسیستمێكی بەهێزی لە پیشەسازی ماتۆڕدا هەبوو، بۆیە بڕیاریان دا تێڕوانینیان بگۆڕن و رووبكەنە دروستكردنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی.
هەرچەندە حكومەتی چین لە سەرەتادا بایەخی دابوو بە ئۆتۆمبێلی كارەبایی، بەڵام لە ناوەڕاستی دووهەزارەكان و بە دیاریكراوی لە 2010 بە دواوە بە شێوەیەكی چڕتر و بەهێزتر گرنگی دا بە دروستكردنی ئەمجۆرە لە ئۆتۆمبێل.
وا مەزەندە دەكرێت لە ساڵی 2009 تا كۆتایی ساڵی 2023، پەكین نزیكەی 231 ملیار دۆلاری خەرج كردبێت بۆ پەرەپێدانی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی كارەبایی. لە بەكارهێنەران و دروستكەرانی ئۆتۆمبێلەوە تا دابینكەرانی كارەبا و دابینكەرانی پاتری، هەموو كەسێك لە چین مافی وەرگرتنی پارە و هاوكاری هەیە لە حكومەتی ئەو وڵاتە كاتێك بابەتەكە دروستكردنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی بێت.
بۆ نموونە حكومەتی ئەو وڵاتە هانی كۆمپانیای BYD ی داوە لە دروستكردنی پاتری مۆبایلە زیرەكەكانەوە كارەكانی بگۆڕێت بۆ گرنگیدان بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی كارەبایی. كۆمپانیای CATLی چینیش كە لە ساڵی 2011 دامەزراوە، ئێستا یەك لەسەر سێی هەموو ئەو پاتریانەی بۆ ئۆتۆمبێلی كارەبایی بەكاردەهێنرێت لە سەرانسەری جیهاندا بەرهەم دەهێنێت، تەنانەت پاتری بۆ كۆمپانیاكانی وەك تێسلا و ڤۆڵكسواگن و فۆردیش دابین دەكات.
ئەم تێكەڵەیە لە پلانی درێژخایەن و یارمەتییەكانی حكومەت بۆ ئەم بوارە وایكرد باڵادەستیی خۆی بەسەر دروستكردنی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكاندا بسەپێنێت.
باهۆز ئاسۆ