به چه‌ند قۆناغێك ژماره‌یه‌ك پرۆژه له رێگه‌سازی، كۆنكرێت و قیرتاوكردن له ته‌وێڵه ده‌چێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، سه‌رۆكی شاره‌وانیش، رایده‌گه‌یه‌نێت: ئێستا دوو پرۆژه له جێبه‌جێكردندان.
ئه‌ندازیار عیماد محه‌مه‌د سه‌رۆكی شاره‌وانیی ته‌وێڵه، به كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: ئێستا دوو پرۆژه له ته‌وێڵه كاریان تێدا ده‌كرێت، ئه‌وانیش پرۆژه‌ی كۆنكرێتكردنی كۆڵانه‌كانی ته‌وێڵه و رێگاسازیی شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كانی ته‌وێڵه‌یه، كه خۆی له دروستكردنی شۆسته، قیرتاوكردن و دانانی كربستۆن ده‌بینێته‌وه و پرۆژه‌كه‌ش له به‌رده‌م بازاڕه‌كه‌وه ده‌ستپێده‌كات تا ده‌گاته سه‌ره‌تای ئاوێسه‌ر، پرۆژه‌ی دووه‌میش له‌به‌رده‌م مزگه‌وتی گه‌وره‌ی ته‌وێڵه‌وه ده‌ستپێده‌كات تا ده‌گاته نزیك پشتی نه‌خۆشخانه‌ی ته‌وێڵه و دوو پرۆژه‌ی زۆر گرنگ و پێویستن.
سه‌باره‌ت به پرۆژه‌كانی داهاتووش، وتی: چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی دیكه له قۆناغی ته‌نده‌ریندان، ئه‌وانیش پرۆژه‌ی رێگه‌سازیی گه‌ڕه‌كی ده‌ره‌تفێ له مالێده‌ر، رێگه‌سازیی گه‌ڕه‌كی به‌رامبه‌ر ویسوره بۆ سه‌ره‌وه و پرۆژه‌ی تەواوکاریی شه‌قامی سه‌ره‌كیی گه‌ڕیان تا ده‌گاته ئاشه‌كه، له داهاتوودا ده‌خرێنه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، جگه‌له‌وه‌ش پرۆژه‌یه‌كی دیكه‌ی رێگه‌وبان بڕیاری جێبه‌جێكردنی بۆ ده‌ركراوه ئه‌ویش رێگه‌سازی و رێكخستنه‌وه و قیرتاوكردنی نێوان ته‌وێڵه و بیاره‌یه و پرۆژه‌یه‌كی زۆر گرنگه و داواكاریی هاووڵاتیانی سنووره‌كه بووه.
هه‌ڵه‌بجه، محه‌مه‌د تۆفیق نه‌ورۆڵی