فۆبیای داعش لە زەینی ژنانی رزگاربووی چنگی رێكخراوەكەدا

10:15 - 2022-08-16
دووتوێ
482 جار خوێندراوەتەوە
ژنان و كچانی رزگاربووی چنگی داعش لە بارێكی خراپدا دەژین

ئاوێنەی عیراق

تائێستاش دیمەنی ترس هاوشانی ژیانی ژنانی رزگاربووی چنگی رێكخراوی داعشە، كاتێك رێكخراوە تیرۆریستەكە دەستی بەسەر شاری شنگال و دەوروبەریدا گرت لە 3ی ئابی 2014، پاش ئەوەی داعش رووبەرێكی فراوانی شار و شارۆچكەكانی باكوور و خۆرئاوای وڵاتی كۆنترۆڵكرد.
لەم ماوەیەی دواییدا عیراق یادی هەشت ساڵەی ئەو تاوانە كۆمەڵكوژییەی كردەوە كە لەسەر دەستی داعش رووبەڕووی هەزاران كەس لە تایەفەی ئێزدی بۆوە، بەجۆرێك سەدان ئێزدی لە ناوچەكانی پارێزگای نەینەوا لە باكووری وڵات، كوژران و رفێنران. 
چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، نزیكەی 1200 ئێزدییان كوشت كە خۆیان لە زنجیرەیەك تاوان و گوللـەبارانكردنی مەیدانیدا بینییەوە، وێڕای رفاندنی ژنان لەژێر ناوی «سەبایا» كە زیاتر لە 6 هەزار كەس بوون، ئەمەش بە یەكێك لە خراپترین و قێزەونترین تاوان لە عیراقدا دادەنرێت كە تائێستاش هەزاران ژن و كچی ئێزدی بێسەروشوێنن و چارەنوسییان نادیارە. 
شاری شنگال (115 كیلۆمەتر خۆرئاوای نەینەوا) رەوشێكی مرۆیی ناهەموار بەخۆوەدەبینێت، بەو پێیەی تائێستاش زیاتر لەسەدا 70ی دانیشتوانی لە دەرەوەی شارەكە دەژین لە كەمپی ئاوارەكان و كۆمەڵگە نیشتەجێ كاتییەكان بەهۆی دەستگرتنی گروپە چەكدارەكان بەسەر شارەكە، وێڕای تەگەرە دروستكردنی ئەو لایەنانە بۆ هەوڵە راستەوخۆكانی بەغدا لە پرۆسەكانی ئاوەدانكردنەوە و نۆژەنكردنەوەی شارەكە. 
ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی 2020، تاوانی دژە بە پێكهاتەی ئێزدی بە تاوانی «كۆمەڵكوژی ناساند»، یاسایەكیشی بۆ قەرەبووكردنەوەی قوربانیان و كەسوكاریان پەسەند كرد كە بە یاسای «كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان»دەناسرێت. 
لە گرنگترین بڕگەكانی یاساكە، قەرەبووكردنەوەی مادی و مەعنەوی بوو، بۆ زەمینەسازیی لەپێناو تێكەڵبوونەوەی ژنانی قوربانی دەستی ڕێكخراوەكە بە كۆمەڵگە، لەڕووی داراییشەوە، یاساكە مووچەیەكی خانەنشینی و پارچەیەك زەوی دابین دەكات و هەلی دامەزراندنیشیان پێدەبەخشێت، لەگەڵ بەدەركردنیان لە مەرجەكانی خوێندن، وێڕای ئیمتیازی تری پەیوەست بە ئاوەدانكردنەوە و نۆژەنكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكان. 
تائێستا حەوت گۆڕی بەكۆمەڵ لە شاری شنگال چاوەڕوانی كەسوكاری قوربانییە بێسەروشوێنەكانن بۆ هەڵدانەوەیان و وەرگرتنی «دی ئێن ئەی» بۆ مەبەستی هاوتاكردنیان لەگەڵ روفاتەكان، ئەمەش لەدوای كەمبوونەوەی هیوایە بە دۆزینەوەی بێسەروشوینكراوانی خەڵكەی شارەكە لە پاش تێپەڕینی هەشت ساڵ بەسەر كارەساتەكەدا. 
لەڕووی دەرونییەوە، تائێستاش ژنە ئێزدییە رزگاربووەكان، بەدەست ئەو كاریگەرییە دەرونی و جەستیانەوە دەناڵێنن كە لەسەر دەستی داعش رووبەڕوویان كرایەوە، وێڕای بوونی هەزاران بێوەژن و بێبەش لە ساناترین ماف كە دەبوو بۆیان فەراهەم بكرێت. 
لەو بارەیەوە كچێكی ئێزدی كە لە شاری حەسەكەی رۆژهەڵاتی كوردستان لە چنگی داعش رزگاری بووە دەڵێت، رۆژانە زیاتر لە 7 جار دەستدرێژی سێكسی دەكرایە سەریان، تەنانەت هەندێكیان بەلایانەوە باشتر بوو خۆیان بكوژن وەك لەوەی لەژێر دەستی ئەو رێكخراوی تیرۆریستییەدا بمێننەوە. 
نەجلا سەعید  (تەمەن 24 ساڵ)، ئەو كچە ئێزدیەی لە مەراسیمی بەخاسباردنی 104 روفاتی ئێزدی بەشداریی دەكرد كە لە كوشتارگەیەكی گوندی كۆجۆی سەر بە قەزای شنگال بەدەستی رێكخراوی داعش كوژرابوون لە ساڵی 2014، بۆ رۆژنامەكان باسی لە وردەكاریی رفاندنی خۆی و خوشكەكانی كردبوو لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، كاتێك گوندەكەیان لەلایەن رێكخراوەكەوە دەستی بەسەرداگرا كە بە وتەی ئەو، ئەوانەی توانای هەڵاتنیان هەبوو، خۆیان لە چیاكانی دەوروبەری شنگال شاردەوە و وانییان رزگاریان ببێت.  
نەجلا دەڵێت»بەرپرسانی بازاڕەكانی بەكۆیلەكردنی ژنان لە رێكخراوەكە، ژنان و كچانیان لەیەكتر جیادەكردەوە بەپێی تەمەن و جوانی لەشولارییان، كچە جوان و منداڵەكان پشكی میرە دەركەوتووەكانی رێكخراوی داعش بوون، هەر یەكێك لەوان لە شەوێكدا زیاتر لە 7 جار دەستدرێژی سێكسی دەكرایەسەر، تەنانەت زۆرێك لەو كچانە بەلایانەوە باشتر بوو خۆیان بكوژن، وەك لەوەی لە دەستی داعشدا بمێننەوە كە كڕین و فرۆشتنی بە جەستەیانەوە دەكرد». 
نەجلا لە ریزی سەبایا جوانەكاندا تۆماركرابوو كە وەك دیاریی دەدران بە میرەكانی رێكخراوە تیرۆریستەكە، خاوەكەی كە عیراقی بووە بە ناوی خەڵەف جەمیل، میری رێكخراوی داعش بووە، بەر لەوەی پۆستەكەی لێوەربگیرێتەوە و بكرێتە سەربازێكی ئاسایی لە ریزی رێكخراوەكە. 
ئەو كچە ئێزدیە لە نێوان شارۆچكەكانی ریفی دێرلزور دەگوازرایەوە، لەگەڵ پێشڕەوییەكانی ئەو دەمەی هێزەكانی سوریای دیموكرات كە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانیان دەكرا، ئەو دەڵێت»مێردە داعشەكەی لە شەڕەكانی باهۆز كوژرا و دواتر لەگەڵ خێزانەكەیدا لە گەڕەكی غویران لە ریفی شاری حەسەكە نیشتەجێ‌ بووە». 
نەجلا لەڕێی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە خوشكێكی دزیبۆوە كە لە چنگی رێكخراوەكە رزگاربووە و لە كەمپی ئەلهول نیشتەجێكرابوو، دواتر لەگەڵ خوشكەكەیدا گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان. 
نەجلا یەكێكە لە سەدان ئەو كچ و ژنە ئێزدیانەی چیرۆكی ژیانیان بەدەست رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە پڕ لە ناسۆر و كارەسات، و  تائێستاش كاریگەریی ئەو قۆناغە لە یادەوەرییاندا ناسڕێتەوە و تووشی شڵەژانی دەرونیان دەكات. 
بەپێی ئامارێك كە لەلایەن نوسینگەی رزگاركردنی رفێنراوە ئێزدییەكان لە 2020 بڵاوكرابۆوە و نەتەوە یەكگرتووەكان پشتی پێبەستووە، ژمارەی ئێزدییەكان لە عیراق 550 كەس بووە، ژمارەی ئاوارەكانیان بەهۆی پەلامارەكەی داعشەوە لە 3ی ئابی 2014وە گەیشتۆتە نزیكەی 360 هەزار كەس. 
هەر بەپێی ئەو ئامارە، رفێنراوەكان ژمارەیان 6417 كەس بووە، ژمارەی كوژراوەكان لە رۆژانی سەرەتای هێرشەكەی داعشدا گەیشتۆتە 1293 كەس. 
ژمارەی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵایەنی لە شنگال دۆزراونەتەوە، زیاترە لە 80 گۆڕی بەكۆمەڵ، وێڕای دەیان گۆڕی كەسانی ئێزدی كە بەجیا لە ناوچەكانی تر دۆزراونەتەوە، 68 مەزار و شوێنی پیرۆزی ئاینی ئێزدییەكانیش لەماوەی دەستگرتنی داعش بەسەر ناوچەكانیاندا تەقێنرانەوە.  
لەو دەمەی بەشێوەیەكی رەسمی تێكشكاندنی داعش راگەیەندرا، پرۆسەكانی گەڕان بەشوێن بێسەر وشوێن و رفێراوە ئێزدییەكان لە نێو سوریا و عیراقدا بەردەوامن. 

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان