لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری، تەئكیددەكاتەوە كە «یەكێتی، هەمیشە یارمەتیدەر و پشتیوانی بەرقەراركردن و پاراستنی سەقامگیریی دەبێت و هەرگیز نابێتە هۆی ئاڵۆزتركردنی دۆخەكان».
عیماد ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری، دوێنێ لەگەڵ بۆردی راگەیاندنی یەكێتی، كۆبووەوە و رایگەیاند: یەكێتی، لەبەرامبەر پێشهات و ئاڵنگارییەكانی ناوچەكەدا، سیاسەت و ستراتیژی نیشتمانی و واقیعیانە پەیڕەودەكات و هەموو هەوڵەكانیشی لەچوارچێوەی چارەسەری ئاشتییانەی كێشە و قەیرانەكاندایە، هەرگیز نەبووین و ناشبینە هۆی ئاڵۆزتركردنی دۆخەكان، بەڵكو یارمەتیدەر و پشتیوانی بەرقەراركردن و پاراستنی سەقامگیریی دەبین، بەگەرمیش پێشوازی لە بڕیاری وەستاندنی شەڕ و ئاگربەست دەكەین و بە هەنگاوێكی باشی دەزانین بۆ پاراستنی ئارامیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رێگریكردن لە گرژییەكانی ناوچەكە.
كۆتاییهێنان بەم دۆخە نەخوازراوە و چارەسەركردنی هەموو ئەو پرسانەی ناكۆكییان لەسەرە بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و ئامانجە باڵاكانی
لە كۆبوونەوەكەدا، كە لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن ئامادەبوو، لێپرسراوی مەكتەب، لەبارەی پەرەسەندنەكان و هەوڵەكان بۆ پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا روونكردنەوەی پێویستی خستەڕوو و پابەندبوون بە چارەسەركردنی ئاشتیانەی كێشەكان دووپاتكردەوە وەك سیاسەتێكی جێگیری یەكێتی و وتی: تاكە بژاردە لەم هەلومەرجەدا بەردەوامیدانە بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنەكان، وەك كوردیش دەبێت ماڵی خۆمان رێكبخەینەوە و پێكەوە مافەكانمان بپارێزین و نەهێڵین لەژێر هیچ پاساوێكدا خەڵكەكەمان بكرێتە قوربانی، بۆ ئەوەش یەكێتی وەك هەمیشە دەستپێشخەر و پاڵپشت و هاوكار دەبێت بۆ كۆتاییهێنان بەم دۆخە نەخوازراوە، بەتایبەت لەگەڵ بەغدا تا لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان و دۆستەكانمان هەموو ئەو پرسانەی ناكۆكییان لەسەرە چارەسەربكەین بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و ئامانجە باڵاكانی.
سەبارەت بە ئەركی راگەیاندنیش لەم قۆناغەدا، عیماد ئەحمەد، تەئكیدی لە پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی سەنگینی هاوسەنگ لەسەر بنەماكانی ئیتیك و پیشەی راگەیاندن كردەوە و راگەیاندنكارانی یەكێتی راسپارد وەك هەمیشە رۆڵی نیشتمانی و میدیایی خۆیان بەوپەڕی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بگێڕن بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكان و پاراستنی یەكگوتاری و راشیگەیاند: نابێت میدیای یەكێتی بەشێك بێت لە كێشەكان، بەڵكو وەك هەمیشە دەبێت رۆڵی سەرەكی هەبێت لە چارەسەر و گەیاندنی دەنگی خەڵك و لەسەر هەمان سیاسەتی راست و دروستی یەكێتی، پەیامە میدیاییەكان بگەیەنێت.