ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دژی دانانی کامێرای هاتوچۆ هاتنەدەنگ

10:26 - 2022-08-16
ڕاپۆرت
1050 جار خوێندراوەتەوە
#بڕیاری دانانی کامێرای چاودێری لە شەقامەکانی سلێمانی نیگەرانی لێکەوتۆتەوە

راپۆرتی/ کەنار قاسم 

بڕیاری دانانی کامێرای چاودێری خێرایی بۆ رێکخستنەوەی شەقامەکان لەنێوان قەزاو ناحیەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی ناڕەزایی هاووڵاتیانی سنوورەکەی لێکەوتۆتەوە .
هاوکات  16 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا داوای راگرتنی دانانی کامێرای چاودێری دەکەن لەلایەن کەرتی تایبەتەوە و رایانگەیاندووە پێویست دەکات ئەنجومەنی پارێزگا بڕیارێک دەربکات بۆ راگرتنی کارەکانی کۆمپانیای جێبەجێکار و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە.
ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە سیستمی هاتوچۆ لە سەرجەم پارێزگاکان و لەنێویشیدا پارێزگای سلێمانی لاوازە و گرفتی زۆر هەیە و پێویستی بە رێکخستنەوەو چاککردنەوە و قیرتاوکردنی شەقامەکان هەیە، بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بەم بابەتە هیچ ئەندامێک لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئامادە نەبوون لێدوان لەو بارەیەوە بدەن و دەڵێن زانیاری تەواویان لا نییە چونکە پڕۆژەکە دەستی پێنەکردووە و دواتر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ میدیاکان ساز دەکەن.

هاووڵاتیان رۆژانە زیانیان پێدەگات
هاووڵاتی هیوا محەمەد کە فەرمانبەرە و رۆژانە دەوامی هەیەو ناچارە لە شوێنێکی دوورەوە بە کاتێکی کەم بگاتە فەرمانگەکەی، دەڵێت ئەم بڕیارە لەکاتێکدا دەبێت جێبەجێکردبێت کە شەقامەکان رێکوپێک بن  و بەکاتێکی دیاریکراو بگەیتە شوێنی کارەکەت، نەک رۆژانە رووداوی هاتوچۆ رێگەکە بگرێت و کاتەکە بە چاڵ و چۆڵی شەقامەکان و تاسەی بێ سوود و نایاسایی کۆڵانەکان گرفت بۆ دروست بکات.
ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوەکەدا  باس لەوە دەکەن، دانانی کامێراکانی چاودێری لەنێوان شارەکان و قەزاکان پێچەوانەی یاساکانە و یەکێکی دیکەیە لەو باجانەی دەخرێتەسەر شانی هاووڵاتیان و بوەتە مایەی ناڕەزایی هاووڵاتیان، چونکە دانانی کامێراکانی چاودێری لەگەڵ رەوشی خراپی رێگەوبانەکان ناگونجێت، بەتایبەت کە هاووڵاتیان بەهۆی خراپی رێگەوبانەکانەوە رۆژانە زیانیان پێدەگات.
پڕۆژەکە لە سلێمانییەوە دەست پێدەکات  و ئەو 16 ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڕوایان وایە  ئەو پرۆسەیە کارێکی نایاساییە و بە قوربانیکردنی شارەکەیە،  لە راگەیاندراوەکەیاندا ئاماژە بەوەش دەکەن، داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەکەن کۆبونەوەیەک ساز بکات بۆ رەتکردنەوەی دانانی کامێرای چاودێری، چونکە ئەو پڕۆسەیە ئێستا تەنها لە سلێمانی کەوتوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، «بۆیە ئەو پرۆسەیە کارێکی نایاساییە و بە قوربانیکردنی شارەکەیە.
ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێن، بەپێی یاسا نابێت کامێرای چاودێری بدرێت بە کەرتی تایبەت و داوا دەکەن لە رێگەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە بڕیارێکی گونجاو بدرێت بە راگرتنی کارەکانی کۆمپانیای جێبەجێکار هەروەها هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کۆمپانیاکە لەرێگەی وەزارەتی ناوخۆوە.

دەبێت لە داهاتی سلێمانی حکومەت پارەی ئەو کۆمپانیایە بدات
باس لەوەش دەکرێت بەگوێرەی گرێبەستی نێوان حکومەتی هەرێم و ئەو کۆمپانیایەی بەرپرسە لە دانان و چاودێریکردنی کامێرای تیژڕەوی لە سلێمانی مانگانە خەڵک چەند سزا بدرێت، ئەگەر خەڵک نەچێت پارەکە بدات، دەبێت لە داهاتی سلێمانی حکومەت پارەی ئەو کۆمپانیایە بدات، ئەوەش وەک مەترسییەک لەسەر داهاتی سلێمانی ئەژمار دەکرێت.
هاووڵاتیان لە شاری سلێمانی نیگەرانن و ئاماژە بەوە دەدەن بۆچی لە سلێمانیەوە پڕۆژەکە دەست پێدەکات،  دێرین رەسوڵ، هاووڵاتیەکی دیکەیە دەڵێت، سلێمانی خۆ تاقیگە نییە و ئەمە تەنها مەرامێکی بازرگانی حکومەت و کۆمپانیاکانە بۆ چی خەڵکی دەبێت باجەکەی بدات؟، لە کاتێکدا هاووڵاتیان بەدەست چەندین قەیرانی دیکەوە دەناڵێنن، وەکو گرانی نرخی بەنزین و  پارەی کارەباو موەلیدە و  ماوەیەکی تر وەرزی سەرمایە و نرخی نەوت بەرزە، هەروەها چەندین باجی جۆراوجۆری دیکە بۆچی باجی هاتوچۆشی ئەمەشی 
بێتە سەر.

#سلێمانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان