ئامادەكردنی: حەیدەر مەنتك
داستانی شاخی سەری جوانەگا، یەكێكە لە نەبەردییەكانی هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی نوێ، دوای 40 رۆژ شەڕی بەردەوام، پێشمەرگە سەركەوتنی گەورەی تۆماركرد و سوپای بەعسیش بە شكستێكی گەورەوە، گەڕایەوە دواوە.
هەڤاڵ رەشید پونگینەیی، پێشمەرگەی دێرین و بەشداربوویەكی داستانەكە، بەشێكی رووداوەكانی ئەو داستانەمان بۆ دەگێڕێتەوە.
سەرەتا وتی: ئێمە، تیپی 91ی سەفین لە دۆڵی ئالانە بووین، ئاگاداركراین بگەینە شوێنی مەبەســت، شەڕەكە دەستیپێكردبــــوو و تیپی 19ی كۆڕەكی لێبوو بە فەرماندەیی سەعید حەمەزیاد.
ئێوارە بەڕێكەوتین و سەعات 9ی رۆژی5/6/1988 نزیكەی 10 پێشمەرگەی كەرتەكەی ئێمە (كەرتی پێنج) بە فەرماندەیی جەلال سۆركانی، دیاری كراین بچینە سەری جوانەگا، سەر شاخەكە زۆر جوان و دڵڕفێن بوو، شوێنەواری شەڕی پێوە دیار نەبوو.
بە گەیشتنمان تۆپباران دەستی پێكرد، شوێنەكە سەخت و بەربڵاوبوو، بەو چەند پێشمەرگەیە نەدەپارێزرا، کاک جەلال داوای زیادکردنی ژمارەی پشمەرگەی کرد و كەس نەهات بۆ هاوكاریمان، بۆیە بەناچاری رۆیشتینە خوارەوە، دوژمنیش هێرشی چڕكردەوە و گەیشتە سەرشاخەكە، لەبەر چڕیی تۆپباران هەوڵمان دەدا بەخێرایی بگەینە بەرزاییەكی پشت خۆمان تا بەرگریی تێدا بكەین، لەڕێگە گەیشتنە سەفینی مەلاقەرە کە فەرماندەی تیپەكەمان بوو، کە زانی سەری جوانەگا گیراوە، وتی برادەران ئەگەر هەموومان شەهید ببین هەر دەبێت ئەو شوێنە بگرینەوە، لەسەر بڕیاری ئەو گەڕاینەوە بۆ ناو چەقی شەڕێك لە شێوەی (دۆزەخ).
گوێڕایەڵیی ئەوکاتە وابوو، راستەوخۆ و بێ سڵەمینەوە، گەڕاینەوە بۆ گرتنەوەی شوێنەكە و لە ژێر تۆپبارانی چڕدا، بە خێرایی گەیشتینە بن چیاكە.
دوژمن لەو بڕوایەدا نەبوو هێرشیان بۆبكرێتەوە، شەوێكی زۆر تاریك بوو بە ئاگری چەكەكانیان دەمانزانی دوژمن لە كوێیە، نەوەستاین تا نیوەی رووبەری شاخەكەمان گرتەوە، شەڕ تا بەری بەیانی بەردەوام بوو.
وتیشی: هیلاك و ماندوو بووین و تینوێتیش تەنگی پێ هەڵچنیبووین، دوژمن گەیشتبووە سەری جوانەگا و هەندێكیشیان گەیشتبوونە نزیكی ئێمە، بەڵام نەیان بینیبووین، كاك سەفین و برادەرەكانی تر كە لە پشت ئێمەوە بوون، ئەوان و ئێمەش هێرشمان بۆكردن و بوو بە شەڕی دەستەویەخە، دوژمن شكا.
لە رۆژی دوووەمدا پێشمەرگەیەك بەناوی (بەختیار) پێكرا و تووشی خوێنبەربوون بوو، بەداخەوە رۆژی 7/6/1988 شەهیدبوو.
دوژمن لەهەموو لایەكەوە هێرشی دەكرد و ژمارەیان زیادی دەكرد، ئێمەش بەهۆی شەهید و بریندارەوە هەر كەممان دەكرد، هەندێكجار نێوانی ئێمە و دوژمن تەنیا بەردێك بوو.
عوسمان بانی بارانی لە تیپی 85ی بەڕانەتی، خۆی و پێشمەرگەكانی گەیشتنە لامان، زۆر خۆشبوو كە ئەو هێزە نوێیە هاتن، ئازایانە شەڕیان دەكرد، هەندێكیان بریندار بوون و پێشمەرگەیەكیشیان شەهید بوو.
چوار كەرتەكەی تریشمان، لە دەستە چەپ و خوار ئێمەوە دابەش ببوون، بەشێكی تریش لەگەڵ سەفین مەلاقەرە بوون.
من زیاتر باسی ئەو قۆڵە دەكەم كە خۆم چل شەو و رۆژ بێ پشوودان لەوێ بووم، دیارە لە قۆڵەكانی دیكەشەوە پێشمەرگە قارەمانێتی زۆری نواند.
هەڤاڵ رەشۆ پونگینەیی، لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لەوەكرد بەهۆی پێكهاتەی شوێنەكەوە، دوژمن تا نزیكیان نەبوایەتەوە نەیاندەزانی، بۆیە كاتێك ئەو و جەلال سۆركانی فەرماندەی كەرتەكەی لە سەنگەرێكدابوون، هێزی دوژمن گەیشتۆتە سەریان و گوێیان لێبووە بە عەرەبی قسەیان كردووە، ئەوانیش لێیان هاتوونەتە دەست و بەپێی پێناسی كوژراوەكانی دوژمنیش، زانیویانە ئەو هێزە لیوای 65-66ی قواتخاسەیە، یەكێكیش لە كوژراوەكان، ئەفسەر بووە بە پلەی ملازم.
دەشڵێت: كێشەی گەورەمان نەبوونی ئاوی خواردنەوەبوو، ماوەیەكی زۆربوو تێر ئاوم نەخواردبۆوە، ماوەی نێوان ئێمە و كاك سەفین زۆر نەبوو، بەڵام بەهۆی تۆپبارانەوە زۆر نەماندەتوانی یەكتری ببینین، بۆیە نان و ئاو زۆر بەزەحمەت دەگەیشتە دەستمان، بەهۆی نەخەوتن و هیلاكی و برسی و تینوێتیی بەردەوامەوە، رەنگ و روخسارمان بەتەواوی شێوا بوو، گەیشتینە مانگی تەمموز و بێئاوی زیاتر پەرێشانی كردین، لە شەو و رۆژێكدا تەنیا یەك مەتارە ئاومان هەبوو.
لە درێژەی گێڕانەوەكانیدا، باسی رووداوێكی دڵتەزێنی كرد و وتی: ئێوارەیەك هەواڵهات وتیان كەسوكارتان هاتووە، بڕۆنە خوارەوە و بەیانی زوو وەرنەوە، چوار پێشمەرگە هاتنە شوێنەكەمان، ئێمەش چووینە خوارەوە، حاجی ساڵح باوكی ئارام پونگینەیی و مام كەریم باوكی موقەددەم جەعفەر هاتبوون بۆلامان، هەر دوای بەخێرهاتن، رامکردە سەر کانییەکە و تێر ئاوم خواردەوە.
شەو دوور لە تۆپباران و هێرش، لە لای ئەوان خەوێكی زۆرخۆشمان كرد، بەیانی زوو بینیم قاسم گەرۆتەیی تەرمی چوار شەهیدی لەسەر پشتی دوو وڵاخ دابەستووە، وتم: ئەوە چیە؟ وتی: تەرمی ئەو پێشمەرگانەیە كە ئێوەیان بەدل كرد، ئەمشەو تۆپێك لەناو سەنگەرەكەیدان و هەرچواریان شەهید بوون.
بەڕاستی خەفەت و داخێكی زۆربوو بۆ سەردڵمان، قەت لە بیرم ناچێتەوە، ئیتر لەگەڵ كاك جەلال بە خێرایی نانمان خوارد و گەڕاینەوە بۆ سەری جوانەگا.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی دەكات و دەڵێت: هەندێك لەو تەقەمەنیانەی وەك تۆپ و راجیمە و سارۆخی فڕۆكەكان كە لە تەنیشتمان دەكەوتنەوە، دەبوون بە دوو پارچە و تەنها كەمێك دوكەڵی سپییان هەبوو، ئێمەش دڵمان بەوە خۆشبوو كە چروكیان كردووە، بەڵام دەركەوت ئەوانە كیمیایین، لەسەرەتاشدا كاریگەریی نەبوو، دواتر تووشی سكچوون و ئازار و خوێن دانانی كردین.
لە كۆتایشدا وتی: دوای 40 رۆژ شەڕ تەواوبوو، ئێمە 11 شەهیدمان هەبوو و دوژمنیش نزیكەی 200 كوژراوی هەبوو، كە لەسەنگەرەكانیش هاتینە دەرەوە، سەیرێكی پانتایی سەری جوانەگام كرد، ئەو رەنگ و سروشتە دڵگیرەی نەمابوو كە 40 رۆژ لەوەوبەر بینیبووم، هیچ دارێك بەپێوە نەمابوو.
پێویستە ئەوەش بڵێم: لە كاتە زۆر سەخت و پێویستییەكانیشدا، بەشێك لە تیپەكانی 85ی بەڕانەتی، 19ی كۆڕەك، 12ی سۆران بە هانامانەوە دەهاتن و هاوكارییان دەكردین.
ناوی شەهیدەكانی داستانەكە
شەهید تەها عەبدوڵڵا یونس-عەریف تەها، شەهید جەواد ئەحمەد مەولود-شێخ جەواد، شەهید سەمەد وسوو رەحمان- مامۆستا هەژار، شەهید دلێر عەزیز خدر- رێناسی موهەندیس، شەهید سەڵاح مستەفا- سەڵاح خۆشكانی، شەهید عەبدولخالق حەسەن- بەختیار، شەهید كەریم عەزیز- هەڤاڵ- شەهید کەریمی شەهید عەزە گورگە، شەهید محەمەد ساڵح محەمەد- شاخەوان، شەهید شاكر حەمەدەمین- شاكر قادیانەیی، شێرزاد ساڵح حەسەن- ئازاد هیرانی، هۆشەنگ ئەحمەد- ئاری شەقڵاوەیی.