كێ پشتیوانی گۆڕینی دەستووری توركیا دەكات؟

12:41 - 2025-07-01
جیهان
23 جار خوێندراوەتەوە

زۆر لە هێزە سیاسییەکانی تورکیا لەگەڵ گۆڕینی دەستووری وڵات و نووسینەوەی دەستوورێکی مەدەنیین، چونکە ئەم دەستوورەی ئێستا بە بەرهەمی کودەتاکەی 12ی ئەیلولی 1980 دەزانن و بە گرنگی دەزانن کۆماری تورکیا لەو دەستوورە رزگاری ببێت.
لەم راپۆرتەدا وردەكاریی زیاتر لەبارەی هەوڵەکان بۆ نووسینەوەی دەستووری نوێی توركیا دەخرێتەڕوو. 
 
دەم پارتی و دەستووری نوێ 
حیکمەت هاتیپ ئەندامی دەم پارتی لە هەرێمی کوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە دوای دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی، دەنگۆی گۆڕینی دەستووری توركیا هەیە بەڵام تا ئێستا حكومەت و پەرلەمانی توركیا هیچ هەنگاوێكی كردارییان بۆ گۆڕینی دەستووری توركیا نەناوە.
وتیشی : هەرچەندە ئێستا كارەكانی ئەم وەرزەی پەرلەمانی توركیا تەواو بووە و لەپشوودان تا وەرزی پایز، دوای دەستپێكردنەوەی كارەكانی پەرلەمانی توركیا، دەم پارتی داوای جێگیركردنی مافەكانی گەلی كورد دەكات لە دەستووری نوێدا، تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی نوێیە، کە لە سایەیدا هەمووان هەست بە سەلامەتی بکەن.

ئاكەپە و دەستوور 
عومەر عەلی عومەر نووسەر و چاودێری سیاسی بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لەپێش ساڵی 2021ەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان باس لەوە دەكات كە گۆڕانكاری لە دەستووردا بكرێت و بەردەوام ناڕەزایەتیی خۆیان پیشانداوە كە ئەو دەستوورەی ئێستا هەیە، دەستووری كودەتاچییەكانی ساڵی (1980)یە، لەبەرئەوە هەموو كۆمەڵگەی توركی، بە پارتە سیاسی و چینوتوێژەكان و نەتەوە جیاوازەكانەوە ناڕازین بەرامبەر ئەو دەستوورەی لە توركیادا هەیە، لەبەرئەوە پارتی داد و گەشەپێدان ئەجێندایەكی سیاسیی تایبەتی خۆی هەیە دوای ئەوەی لەساڵی (2002) هاتۆتەسەر دەسەڵات، لەدوای ساڵی (2023) كە (100) ساڵ بەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی توركیا تێپەڕ دەبێت،  هەم ئەجێندا سیاسییەكان و پەیام و جیهانبینییەكانی خۆی بۆ ئایندەی توركیا دەخاتەڕوو كە یەكێك لەوانە گۆڕانكارییە لە دەستوور و پێشنیازكردنی دەستوورێكی نوێیە بۆئەوەی بە تەواوی لە كەمالیەت داببڕێت، ئەم سەدەیەی ئێستا بە ناوی سەدەی توركیا ناو دەبەن، ئەم سەدەیەش كێ دایدەڕێژێتەوە؟ پارتی داد و گەشەپێدان، لەبەرئەوە ئێستا هەنگاوی جددییان ناوە بۆ گۆڕینی دەستوور و دەیانەوێت گۆڕانكاری تێدا بكەن و سەرنج و رای هەموو پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان و كۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە سیاسییەكان وەربگرن.

تێپەڕاندنی دەستور لە پەرلەمان
وتیشی: بۆ ئەوەی گۆڕانكارییەكانی دەستوور سەركەوتووبێت، پێویستە لە كۆی (600) ئەندامی پەرلەمان (400) دەنگ بەدەستبهێنێت، كە ئەمە تاڕادەیەک قورسە لەم كاتەدا بۆ؟، چونكە بە هەردوو پارتی هاوپەیمان كۆماری (مەهەپە) و (ئاكەپە) (321) دەنگیان هەیە بۆ ئەوەی دەنگدانی دەستوور لە پەرلەمان تێپەڕێت، بەمەش پێویستیان بە دەنگی (85) پەرلەمانتاری تر هەیە، لەبەرئەوە ئێستا دەم پارتی (57) پەرلەمانتاری هەیە و زۆرێك پێیانوایە حزبەكانی (ئایندە، سەعادەت، هودا پارت و حزبەكەی باباجان) ئەمانەش پشتیوانی لێ بكەن، ئەگەر ئەمانە هەموویان كۆببنەوە، پێدەچێت دەستوور تێپەڕێت، ئەگەر بخرێتە راپرسیشەوە، ئەمەش پێویستی بەوەیە كە پارتێكی گەورەی پەرلەمان پیشتوانی بكات وەک دەم پارتی.

پلانی دەم پارتی و دەستووری نوێی توركیا 
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: لەو بڕوایەدام دەم پارتی لەم قۆناغەدا پیشتوانیی سەرخستنی ئەم دەستوورە نوێیە بكات، چونكە بە قۆناغی یەكەمی دەزانن، ئۆجەلان و دەم پارتیش داواكارییەكان بۆ قۆناغی دووەم هەڵدەگرن، چونکە ئەگەر توركیایەكی دیموكراسیت نەبێت، خاوەنی دەستوورێك نەبێت كە پارێزگاری لە مافەكان بكات، لەبەر ئەوە داواكردنی مافی سیاسی و هەندێك شتی تر لەوانەیە هیچ مانایەكی نەبێت، لەبەرئەوە پێموایە لەم قۆناغەدا پشتیوانیی پرۆسەكە بكەن ئەگەر (ئاكەپە)ش پابەندی ئەو بەڵێنانە بێت كە داویەتی، لە راستیدا پرۆسەی ئاشتییش ئەگەر نەچێتە ناو دەستوور و ئەگەر لە ناو دەستوور پارێزگاری لە مافە كلتورییەكان و مافە سیاسییەكان و پارێزگاری لە شوناسی نەتەوەی تۆ نەكات، هیچ مانایەكی نابێت، پێموایە ئەردۆغان و هاوپەیمانیی كۆمار كە پێكهاتووە لە (ئاكەپە و مەهەپە) هەردووكیان دانبنێن بە مافەكاندا، لە رووی مافە مەدەنی، سیاسی و نەتەوەیی و داننان بە فرە كەلتوری و فرە نەتەوەیی و كۆتاییهێنان بەو بەندەی دەستوور كە دەڵێت «یەک زمان، یەک نەتەوە» ئەمەش یەكێكە لە كێشەكان، چونكە چوار بەندی یەكەمی دەستووری توركیا ئەمەی تێدایە لە كاتێكدا جەهەپە و پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی تر دەڵێن نابێت ئەم چوار بەندەی یەكەمی دەستووری توركیا گۆڕانكاری تێدابكرێت، لێرەوە ئامانجی گەورەی ئۆپۆزسیۆنی توركیا دەردەكەوێت كە بە راستی یەكانگیر نییە لەگەڵ ئەوەی كە دەم پارتی و كورد و ئۆجەلان داوای دەكەن، چونكە مانەوەی ئەو بەندانە مانای ئەوەیە توركیا هەر دەوڵەتی توركەكان دەبێت و زمانی رەسمیش زمانی توركی دەبێت، لێرەوە خاڵی جیابوونەوەی دەم پارتی لەگەڵ جەهەپە كە بەهێزترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە دەستپێدەكات، كورد و دەم پارتی پشتیوانی لەم دەستوورە نوێیە دەكەن، ئەگەر مافە كەلتوری و  سیاسی و فرەییەکان و شوناسی كورد جێبكرێتەوە دەستكەوتێكی گەورەیە.

كوردستانی نوێ، هیوا كازم

عومەر عەلی

#توركیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان