محەمەد حەمە تەقی
گرنگترین سەرچاوەی خۆراکی مرۆڤ و زیندەوەران دانەوێڵەیە، لەناو دانەوێڵەشدا گەنم لە پلەی یەکەمدایە لەبەرئەوەی بایەخێکی گەورە و گرنگی ئابووریی و خۆراکیی هەیە، یەکێکە لە بنەماکانی پاراستنی ئاسایشی خۆراک و ئاسایشی نەتەوەیی.
رۆژانە لەسەر سفرەکانمان بەرهەمێکی ئامادەکراوی گەنم یان زیاتر هەیە، بەڵام زۆر بە کەمی بیرمان لەوە کردووەتەوە کە گەنم چۆن بەرهەم دەهێنرێت؟ لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان خاوەنی خاکێکی بە پیت و گونجاوە بۆ بەرهەمهێنانی بڕێکی باش لە گەنم، کە هەم بەشی پێداویستیی ناوخۆمان بکات، هەم هەناردەی دەرەوە بکرێت.
کێڵان و تۆ و کردن
تا هەشتاکانی سەدەی رابردوو جووتیاری کورد زۆر ماندوو دەبوو لە بەرهەمهێنانی گەنمدا، تا ئەوکاتە ژمارەیەکی کەم لە ئامێرە کشتوکاڵییەکانی وەک تراکتۆر و دەڕاسە لە بەردەستی جووتیاراندا بوو، لەبەرئەوە جووتیاران ناچار بوون کە بۆ کاری کشتوکاڵیی و بەرهەمهێنانی گەنم پشت بە ئامێر و کەرەستەی سەرەتایی ببەستن.
سەرەتای پایز و دوای بارانی پەڵە، جووتیاری کورد هەوجاڕ و گاسنەکەی دەنا بە شانییەوە و جووتێک گا یان ئێستری دەدایە پێش خۆی و دەستی دەکرد بە زەوی کێڵان، رۆژانە چەند مەنە (6 بۆ7کیلۆ) گەنمێکی دەوەشاند (تۆ و دەکرد)، ئەم کارەی چەند رۆژێکی دەخایاند، پاشان گەنم بە سروشت دەسپێردرا.
دوورینەوە و کوتانی گەنمەکە
لە کۆتایی بەهار و پێش وشکبوونی گەنم، بەشێکی گەنمەکەیان هەر بە سەوزی بە داس دەدوورییەوە و دەیانکرد بە قەرەخەرمان، کە ئەویش بە چەند قۆناغێکی سووتان و کوتان و پاککردندا تێدەپەڕی، لە سەرەتای هاویندا کاتێک گەنم پێدەگەیشت، ئیتر وەرزی دروێنە بوو، بەهۆی ئەوەی دروێنە بە داس دەکرا و رۆژانە بەشێکی گەنمەکە دەدوورایەوە، کاری دروێنەکردن هەندێکجار چەند رۆژ و چەند هەفتەیەکی دەخایاند، زۆربەی کات دروێنە بە هەرەوەزی دەکرا، ژن و پیاو لە دروێنەکردن و مەڵۆنانەوە و شارا کردندا بەشدار دەبوون، دوای هەموو ئەمانە دەبوو گەنمە دووراوەکە شارا بە شارا بخرایەتە رەشکەوە و بە پشتی گوێدرێژێک بگواسترایەتەوە بۆ شوێنێکی ئامادەکراو کە پێیان دەوت جێ خەرمان، بەو کارەشیان دەوت کێشە، بەم شێوەیە جووتیار پاش ماندووبونێکی زۆر خەرمانی ئامادە دەکرد بۆ گێرەکردن، واتە بۆ کوتانی گەنمەکە، ئیتر بە جەنجەڕ بوایە یان بە گا و ئێستر، دواتر جووتیار بە شەنێکەوە بە دیار خەرمانی کوتراوەوە دادەنیشت، لەگەڵ هەڵکردنی هەر شنە بایەک یان شەماڵێکدا دەستی بە شەنکردنی خەرمان دەکرد، تا تەواو خەرمانەکە سوور دەبوو و گەنم و کا لە یەکتر جیادەبوونەوە، جووتیار زەکاتی لە خەرمان دەردەکرد و هۆڕ هۆڕ بە سواری گوێدرێژ گەنمەکەی دەگواستەوە بۆ ماڵە قوڕینەکەی، دواتریش کایەکەی بە رەشکە و گوێدرێژ دەگواستەوە بۆ ژوورێکی تایبەتی ماڵەکەی کە پێی دەوترا کایەن، کایەکە خواردنی زستانی ئاژەڵەکانی بوو.
بردنەوەی بۆ ماڵ و ئامادەکردنی بۆ خواردن
بەم شێوەیە قۆناغێکی گەورە و گرنگی بەرهەمهێنانی گەنم کۆتایی دەهات، بەڵام هێشتا بۆ سوود وەرگرتن لە گەنمەکە، دەبوو هۆڕ هۆڕ بەپێی پێویستیی خێزانەکە گەنم ئامادەبکرایە بۆ هاڕین، دیسانەوە جووتیار یان کوڕێکی ماڵەکە، بارە گەنمی بە سواری گوێدرێژ دەبرد بۆ ئاش، زۆربەی کات ئەم کارەش رۆژێکی تەواوی دەخایاند، لەبەرئەوەی کەم رێککەوتووە لە گوندەکاندا ئاش هەبێت.
دوای ئەوەی گەنم دەکرێت بە ئارد، ئیتر ئیشی کەیبانوو (ژنی جووتیار) دەستپێدەکات، لە کانی بە کوننە یان بە تەنەکە ئاو دەهێنێت و دەست دەکات بە هەویر شێلان، تەنوور دادەخات یان نانی ساجی بە دار ئامادە دەکات، هەمیشە نان و کولێرەی گەرم ماڵی جووتیاری ئاوەدان دەکردەوە، ئەم نان و کولێرەیە تەنها بۆ جووتیار و خێزانەکەی نەبوو، بەڵکو لێی دەبەخشرا بە دراوسێ و رێبوارانیش.
دەبوو وەک وەفایەک و بۆ رێزگرتن لە ماندووبوون و قوربانییەکانی جووتیاران، رۆژێک بکرێت بە رۆژی جووتیاری کورد، ئەو رۆژەش وا باشترە لە نیوەی یەکەمی پایزدابێت، لەبەرئەوەی سەرەتای وەرزی کێڵان و گەنم کردنە.