پ.ی.د.زانا عەبدولرەحمان
ئاشكرایە كە مێشك سەرەكیترین بەشی جەستەیە و دروستبوونی هەر گرفتێك تەواوی فەرمانەكانی جەستە شێواو دەبێت، زانا عەبدولرەحمان محەمەد پسپۆڕی نەخۆشییەكانی مێشك و دەمار، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانكۆی سلێمانی و سەرۆكی بەشی مێشك و دەمار لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی هەندێك لە كێشە و گرفت و چارەسەرەكانی دەخاتەڕوو.
دكتۆر زانا عەبدولرەحمان بە لاپەڕەی تەندروستی راگەیاند: هۆكاری جەڵدەی مێشك بریتییە لە گیرانی یان پژان یەكێك لەو بۆرییانەی كە دەچێت بۆ بەشێك لە بەشەكانی مێشكی مرۆڤ، لە كاتی گیران یان پژان ئەو بەشەی مێشكی مرۆڤ ئەو بەشەی جەستە یان ئەو فەرمانەی كە هەیەتی لە كاردەكەوێت بەمە دەوترێت جەڵدەی مێشك یاخود پێیدەوترێت (STROCK).
گرنگترین هۆكار بۆ تووشبوون بەم نەخۆشییە بریتییە لە تەمەن و ئەو هۆكارانەی كە وا دەستكاری نەكراون و ناتوانین رووبەڕووی ببینەوە كە لەگەڵ هەڵكشانی تەمەندا رێژەی رەقبوون و گیران و ناسك بوونەوەی بۆرییەكانی مێشك زیاد دەكات و دەبێتەهۆی گیران یان پژان ئەو بۆرییانە، كەواتە تەمەن یەكێكە لە هۆكارە هەرە سەرەكییەكانی توشبوون بە جەڵدە.
هۆكارێكی تری بریتییە لە بەرزەپەستانی خوێن واتە نەخۆشی شەكرە و بەرزبوونەوەی چەورییەكان و لەگەڵ شێوازی ژیان كە بریتییە لە جگەرەكێشان و قەڵەوەیی و وەرزشنەكردن و لە هەمان كاتدا نەخۆشییەكانی (دڵ)یش بەشێوەیەكی گشتی یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكان، واتە ئەوانەی نەخۆشی دڵییان هەیە یان كارەبای دڵیان كێشەی هەیە زیاتر ئەگەری توشبوونیان هەیە بە جەڵدەی مێشك.
زۆربەی ئەو نەخۆشانەی كە سەردانی نەخۆشخانەكانی فێركاری دەكەن لە بەشی فریاكەوتن حاڵەتەكانیان بریتین لە جەڵدەی مێشك و هەوكردنی پەردەی مێشك بەهۆكاری تر جگە لە جەڵدەی مێشك لەگەڵ گەشكە، ئەوانەی روو لە كلینینك دەكەن بەهۆكاری ئازاری پشت و سەر ئێشە و قاچ ئێشەش، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئەوهۆكارانەی وادەكەن نەخۆش سەردانی دكتۆر بكات سێ هۆكارەكەی یەكەم بوو.
باوترین جۆری سەرئێشە ئەو جۆرەیە كە هۆكاریان نییە، لە بواری پزیشكیدا بە سەرئێشە و شەقیقەی ناودەبەین كە زیاتر لە تەمەنی 14 بۆ 40 ساڵی روودەدات، ئەمە مانای ئەوە نادات كە تەمەنەكانی تر تووشی ئەم جۆرە نەخۆشییەی سەرئێشە نەبن، بەڵام زیاتر لەنێو گەنجان بڵاوە، هەروەها ئەو جۆرە سەرئێشانەی تر كە هۆكاریان هەیە بریتین لە گرێی مێشك و هەوكردنی مێشك و جیوبەكانی لووت و بەربوونی خوێنی مێشك ئەمانە بەشێوەیەكی گشتی هۆكارن.
ئایا چۆن خۆمان لە جەڵدەی مێشك بپارێزین؟
بێگومان خۆپارێزكردن لە جەڵدەی مێشك دەوەستێتە سەر ئەو هۆكارانەی كە باسمان كرد كە چۆن خۆمانی لێبپارێزین، چونكە هۆكارەكان دەستكاری دەكرێن و دەتوانین خۆمانی لێبپارێزین، ئەویش بە كۆنتڕۆڵكردنی پەستانی خوێن و شەكرەكان و چەورییەكان و دابەزاندنی كێش و كەمكردنەوەی جگەرە و ماددە كهولییەكان.