وەفدێکی ئەوروپا گەیشتە تورکیا و داوای دیداری ئۆجەلان دەکات

11:43 - 2025-07-02
جیهان
46 جار خوێندراوەتەوە

وەفدێکی ئەوروپا کە پێکهاتووە لە 39 کەس بە دروشمی «دەمەوێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان بناسم» گەیشتنە تورکیا و لەڕێگەی فەرمانگەی یاسایی (عەسر)ەوە داواکارییەکی رەسمیی پێشکەشی تورکیا کرد بۆ دیدار لە گەڵ ئۆجەلان. چاوەڕوانیش دەکرێت زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ کەسایەتییە سیاسی و حکومییە جیاوازەکانی تورکیا و باکووری کوردستان ئەنجام بدات.
وەفدەکە بە نوێنەرایەتیی پلاتفۆرمی ئازادیی و ئاشتیی ئەوروپا (EFPP)  کە لە ئەکادیمیست و رۆشنبیران و سیاسەتمەداران و رۆژنامەنووسان پێکهاتووە، لەگەڵ نووسینگەی دەزگای عەسر، کە دەزگایەکی یاساییە و ئەرکی بەرگریکردنە لە ئۆجەلان کۆبووەوە، ئیبراهیم بیلمەز لە فەرمانگەی یاسایی عەسر رایگەیاند: ئەم هەنگاوە بەرزدەنرخێنین و سوپاسی پاڵپشتیی بەردەوامیی وەفدەکە دەکەین بۆ چارەسەری ئاشتییانە و دادپەروەرانە بۆ پرسی کورد».
فرانسیسکا سێراسانی پەرلەمانتاری ئیتاڵیا بەناوی وەفدەکەوە قسەی کرد و وتی: ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ پشتگیریکردنی گەلی کورد و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، هیوادارین ئەم دەستپێشخەرییە هەنگاوێکی کۆنکرێتی بێت بەرەو کردنەوەی گفتوگۆیەکی هەمەلایەنە، ئێمە پەیامێکی روونی پاڵپشتیمان لە ئەوروپاوە لەگەڵ خۆماندا هەڵگرتووە.
بە وتەی رێکخەرانی وەفدەکە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە تورکیا و باکووری کوردستان دەکەن کە نوێنەری حکومەت و پارتە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لەخۆدەگرێت، بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی چارەسەری دیموکراسیی گشتگیر و ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
ئاژانسەکان، ئازاد ئیبراهیم

بابەتە پەیوەندیدارەکان