گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەستیپێكردەوە

11:44 - 2025-07-02
کوردستان
66 جار خوێندراوەتەوە

دوای وەستانی گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ ماوەی چەند رۆژێك بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێرانەوە، ئێستا بەشێكی گەشتەكان دەستیپێكردۆتەوە و لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانییش دەڵێت: تەنها كۆمپانیای ماهانی ئێرانی ماوە خشتەی گەشتەكانمان بۆ بنێرێت، ئەگەرنا كۆمپانیاكانی تر گشتەكانیان لە فڕۆكەخانەی سلێمانی دەستپێكردووەتەوە. 

 
دانا محەمەد لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوای جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران و ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی روویدا لە ناوچەكەدا، كە بووە هۆی داخستنی ئاسمانی عیراق بە رووی جووڵەی فرۆكەوانیدا، ئەمەش بووە هۆی داخستنی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بەڵام پاش ئاساییبوونەوەی دۆخەكە و بە بڕیارێكی  دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی شارستانی، ئیستا ئاسمانیی عیراق بە رووی جووڵەی فڕۆكەوانیدا كراوەتەوە، یەكەم هێڵی ئاسمانی كە گەشتەكانی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەستپێكردەوە هێڵی ئاسمانیی عیراقی بوو كە خشتەی گەشتەكانی ناردووە و گەشتەكانی دەستپێكردۆتەوە، دوای ئەویش هێڵی ئاسمانیی شاهانەی ئوردنی و هێڵی ئاسمانی فلای دوبەی و هێڵی ئاسمانی قەتەریش خشتەی گەشتەكانی ناردووە، سەرلەبەیانیی دوێنێش گەشتەكانی فڕۆکەخانە دەستیپێكردۆتەوە  و هەموو رۆژەكانی هەفتە لە فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە گەشتیان هەیە. 
ئەوەی ماوەتەوە گەشتەكانی دەستپێبكاتەوە تەنها هێڵی ئاسمانی ماهانی ئێرانییە و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا و دوای خۆڕێكخستنەوەیان خشتەكی گەشتەكانمان بۆ بنێرن.
دەستپێكردنەوەی گەشتەكان گرنگە
وتیشی: هێڵی ئاسمانیی عیراق گەشتی بۆ بەشێك لە وڵاتانی ناوچەكە هەیە وەك (ئیمارات، میسر و لوبنان) و گەشتە ناوخۆییەكانیش ئەنجام دەدات و هێڵی ئاسمانیی قەتەری و شاهانەی ئوردنی و فلای دوبەی و ماهان بە ترانزێت بۆ هەموو وڵاتانی جیهان گەشتیان هەیە و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیەوە دەتوانن گەشت بكەن، دەستپێكردنەوەی گەشتەكان گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە بەتایبەتی لەم كاتەدا كە وەرزی گەڕانەوەی كوردانی تاراوگەیە، ئێستا بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و ئێرانەوە خشتەی ئامارەكانمان تێكچووە و لە داهاتوویەكی نزیكدا ئامارەكان بڵاودەكەینەوە كە لە هەفتەیەكەدا چەند گەشت بە چوون و هاتن لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە ئەنجامدەدرێت. 
كاریگەریی جەنگ لەسەر فڕۆکەخانە و کەرتی گەشتیاریی
د.محەمەد ئەمین نووسەر و پسپۆڕی ئابووری رایگەیاند: ئەو جەنگە ئاسمانییەی كە لە ناوچەكەدا دروستبوو، زیانێكی زۆری هەبوو لە رووی مادییەوە لەسەر كەرتەكان بە گشتی و گەشتیاری و ئاسمانی بەتایبەتی، جگە لەمانە جموجۆڵی بارزگانیشی تووشی كێشەی گەورە كرد، چونكە زۆر بابەت و پێداویستی كە لە دەرەوە دەهاتە ناو كوردستان و بەشێكی زۆری کۆمپانیاکان كارەكانیان وەستا، تائێستا كاریگەریی جەنگەكە ماوە، زیانەكانیشی كاریگەری لەسەر هەموو كەرتەكان هەیە وەك (گەشتیاری، بازرگانی). ئێستا بازرگانان ناتوانن كاڵای زۆر بهێنن بەهۆی ئەوەی ترسیان لە كاڵاكانیان هەیە ساغ نەبێتەوە یان درەنگ بە دەستیان بگات، تا دۆخەكە بە تەواوی جێگیر و ئاسایی دەبێتەوە زیانەكانی جەنگەكە بەردەوام دەبێت، كەرتەكانی تریش وەك كشتوكاڵ و پیشەسازی هەریەكێکیان بە ئەندازەی خۆیان كە بەرهەمەكانیان و پێداویستییەكانیان لە دەرەوە دێت بەتایبەتی لە ئێرانەوە، زیانیان بەرکەوتووە، بەردەوامیشی دەبێت تا ئەوكاتەی دۆخەكە بەتەواوەتی ئاسایی دەبێتەوە.
كوردستانی نوێ – هیوا كازم 

بابەتە پەیوەندیدارەکان