هاووڵاتییانی رانیە داوای خزمەتگوزاری زیاتر دەکەن و بەرپرسانیش پلانەکانیان دەخەنەڕوو

10:02 - 2025-07-03
ڕاپۆرت
29 جار خوێندراوەتەوە
رانیە فراوان بووە و پێویستی بە خزمەتگوزاری زیاترە

سەرەڕای جێبەجێکردنی چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاریی گرنگ بۆ شاری رانیە، بەڵام بەهۆی فراوانبوونی ناوچەکە و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانەوە، ناوچەکە بەردەوام پێویستی بە ‌پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاترە، بەشێک لە پرۆژەکانی قەزاکە بە تەواونەکراوی بەجێهێڵدراون، ئەمەش نیگەرانیی دانیشتووانەکەی لێ کەوتۆتەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بەشێک لە هۆکاری تەواونەکردنی پرۆژەکان بۆ قەیرانی دارایی دەگەڕێننەوە.
ئیسماعیل ئیبراهیم سەرۆکی موختارەکانی ئیدارەی راپەڕین بە کوردستانی نوێی راگەیاند: شەقامی دوو سایدی نێوان دەربەندی رانیە – ژاراوە یەکێکە لە پرۆژە گرنگەکانی شارەکە، کە بە تەواونەکراوی بەجێهێڵدراوە و بەهۆیەوە چەندین رووداوی هاتوچۆ لەو شەقامەدا روویانداوە، هاوکات شەقامی مەفرەقی چوارقوڕنە تا دەگاتە گوندی قوڕەگۆ پێویستی بە چاککردنە.

داواکارییەکانی هاووڵاتییان
شاری رانیە 25 هەزار ماڵی تێدایە و 123 هەزار کەسی تێدا دەژی.
حەسەن پیرۆت دانیشتووی رانیە بۆ کوردستانی نوێ وتی: گەڕەکی رزگاری یەک و دوو تەنها یەک خوێندنگەی تێدایە کە هەزار خوێندکار تێیدا دەخوێنن، ئەمەش فشارێکی زۆری لەسەر خوێندکاران و مامۆستایانی خوێندنگەکە دروستکردووە، لەبەرئەوە داوا دەکەین قوتابخانەیەکی 12 پۆلی لە گەڕەکەکەماندا دروست بکرێت، هاوکات ژمارەیەک لە خوێندنگەکانی دیکەی شارەکە پێویستیان بە تازەکردنەوەیە.
وتیشی: بەشی زۆریی گەڕەکەکانی رانیە پارک و بنکەی تەندروستییان تێدا نییە و داوای دروستکردنیان دەکەین.
دارستانی رانیە لە نزیک دەربەندی رانیە و کێوەڕەش شوێنێکی گەشتیاریی شارەکەیە و هاووڵاتییان گلەییان لە پشتگوێ خستنی هەیە.
وەستا مەحمود دانیشتووی رانیە، بۆ کوردستانی نوێ وتی: هەندێک لە هاووڵاتییان مەڕ و ماڵاتەکانیان دەکەنە ناو دارستانەکە ئەوەش بووەتە هۆی شکاندنەوەی بەشێک لە درەختەکان، داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەین رێگە لەو دیاردە دزێوە بگرێت و پەرژین بە دەوری دارستانەکەدا دروست بکات.
سەرۆکی شارەوانی وەڵامی بەشێک لە گلەیی و داواکارییەکانی هاووڵاتییان دەداتەوە و هۆکاری کەموکوڕییەکان ئاشکرا دەکات.

بەدواداچوونی شارەوانی
بەرهەم رەسوڵ سەرۆکی شارەوانی رانیە بە کوردستانی نوێی راگەیاند: ئێستا کارکردن لە شەقامی نێوان رانیە - سەرکەپکان دەستیپێکردووە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا تەواو بکرێت، کە بودجەکەی چوار ملیار دینارە.
لە بارەی دروستنەکردنی پارک لە گەڕەکەکانی شارەکەدا سەرۆکی شارەوانی دەڵێت: ئێستا لە قەیرانێکی دارایی گەورەداین کە هۆکارە بۆ دروستنەکردنی پارک لە گەڕەکەکاندا، ئەگەرچی درێغیمان نەکردووە و جگە لە پارکە گەورەکەی دەروازەی راپەڕین، لەناو شاریش پارکێکی جوان و سەردەمیانەمان دروستکردووە و بە گشتیی لە شارەکەدا 44 پارک هەیە، هەروەها لە بەرنامەماندایە پارکی سەرچاوەی رەشەمێرگ لەسەر رووبەری 14 دۆنم زەوی دروست بکەین، هاوکات گۆڕەپانی راپەڕینمان دروستکردووە کە قۆناغی یەکەمی کۆتایی هاتووە و چاوەڕوانی رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانین بۆ ئەوەی لەسەر داهاتی خۆمان قۆناغی دووەمی گۆڕەپانەکە تەواو بکەین.
وتیشی: بەدواداچوونمان بۆ گلەیی هاووڵاتییان کردووە لەسەر لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات لە دارستانی رانیە و لێپرسینەوەمان لە خاوەنەکانیان کردووە، هەروەها کارمان بۆ دروستکردنی دیواربەندێک کردووە بە دەوری دارستانەکەدا.
شارەوانی رانیە ئێستا سەرقاڵی کۆنکرێت و قیرتاوکردنی گەڕەکەکانی ئەندازیاران، رووناکی، شارەوانی، کاروخ و ئاشتییە، هەروەها پلانی قیرتاوکردنی رێگەی دووسایدی رانیەیان هەیە تا دەگاتە بەردەم مزگەوتی مستەفا عەلی.
لە بارەی دروستکردنی بینای قوتابخانە لە گەڕەکەکانی رزگاری یەک و دوو سەرۆکی شارەوانی راگەیاند: هەرکات وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا خوێندنگەیان بۆ دروست بکات، ئێمە ئامادەین زەوی بۆ تەرخان بکەین. 

نەخۆشخانە 291 قەرەوێڵەییەکەی رانیە
پرۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی 291 قەرەوێڵەیی رانیە، کە ساڵی 2012 دەست بە دروستکردنی کرا و  بڕیاربوو لە ماوەی 700 رۆژدا تەواو بکرێت، تائێستا بە تەواو نەکراوی بەجێهێڵراوە، لەبەر گرنگیی پرۆژەکە تەواوکردنی یەکێکە لە داواکارییە سەرەکییەکانی دانیشتووانی شارەکە.
هیوا قەرەنی عەبدوڵڵا سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین بە کوردستانی نوێی راگەیاند: لە کاتی کارکردن لە پرۆژەکەدا هەندێک کێشە و گرفت لە نێوان ئەندازیارانی وەزارەتی تەندروستی و ئاوەدانکردنەوەدا دروست بوو لەسەر چۆنیەتی دروستکردنی پرۆژەکە و بووە هۆی وەستانی کارکردن لە پرۆژەکەدا، پاش یەکلاییکردنەوەی کێشەکە، قەیرانی دارایی و شەڕی داعش هاتنەپێشەوە و بووە هۆکاری وەستانی تەواوەتی پرۆژەکە، لە ماوەی رابردوودا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەکی باڵای پێکهێنا و بڕیاریدا ئەو پرۆژەیە لە بەڵێندەرەکە وەربگیرێتەوە، دەرخستەیەکی نوێی بۆ بکرێت و بڕیارە بەم نزیکانە دەست بە پرۆژەکە بکرێتەوە.

 

محەمەد رەزا

بابەتە پەیوەندیدارەکان