د.ئەرسەلان بایز: جیاوازییەكی زۆر لە پەروەردە و پەرەپێدانی كادراندا دەبینم

12:34 - 2025-07-03
کوردستان
35 جار خوێندراوەتەوە

د.ئەرسەلان بایز، لە سیمینارێكدا باسی لە راگەیاندنی یەكێتی و ئەزموونی خەبات و كاری حزبیی خۆی كرد و وتی: راگەیاندنی یەكێتی، لە هەموو قۆناغەكاندا یەكێك بووە لە چەكە گرنگەكان و سەرۆك مام جەلال-یش لە سەردەمی شاخەوە تا دوای راپەڕینیش پێیوابوو دەبێت راگەیاندنێكی ئازادمان هەبێت و ببێتە سەكۆیەك بۆ رای ئازاد، ئەوەش بەتایبەت لە دوای راپەڕین لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ-دا زیاتر رەنگیدایەوە.
دوێنێ، لە ئەكادیمیای پەروەردە و پەرەپێدانی كادران، پێشوازی لە كەسایەتی و تێكۆشەری دێرینی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان د.ئەرسەلان بایز، كرا و بەئامادەبوونی د.یوسف گۆران لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتی و ستران عەبدوڵڵا لێپرسراوی سكرتاریەتی مەكتەبی سیاسی و د.مۆفەق خالید لێپرسراوی ئەكادیمیای پەروەردە و پەرەپێدانی كادران، سیمینارێك بۆ خوێندكارانی دبلۆمی باڵای كاری حزبی رێكخرا، كە بەڕێزیان باسی لە ئەزموونی كاری سیاسی و شۆڕشی نوێی گەلەكەمان بەگشتی، كرد.
لە سیمینارەكەدا، لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتی، وتەیەكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: خۆشحاڵین بە دیداری كەسایەتی و تێكۆشەری دێرین د.ئەرسەلان بایز، كە لە دەیەی شەستەكانی سەدەی رابردووەوە بێدابڕان و ماندوونەناسانە لە رۆژگاری سەخت و دژواری گەلەكەماندا، بەردەوامبووە و جێدەستی لە قۆناغی سەردەمی شاخ و دوای راپەڕینیش تا ئەم ساتەوەختە، دیاربووە، وتیشی: د.ئەرسەلان بایز، جگەلەوەی وەك سیاسی و تێكۆشەرێكی ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان دەناسین، نووسەر و راگەیاندنكارێكی دیاری ناو شۆڕشی نوێ و دوای راپەرینیش بووە و كاروانی خەباتی بەڕێزیان لەو بوارەدا لە رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان و رێبازی نوێ تا رۆژنامەی كوردستانی نوێ درێژبووەتەوە، ئێمەش كە لێرەین دەمانەوێت لە قۆناغی نوێی پەروەردەی كادراندا، لە ئەزموونی بەڕێزیانەوە زۆر شت فێربین و بیزانین.
پاشان، د.ئەرسەلان بایز، لە سیمینارەكەدا، دڵخۆشی بە دەستپێكردنەوەی خولی پێگەیاندنی كادران، دەربڕی و رایگەیاند: جیاوازییەكی زۆر لەنێوان ئێستا و رابردوودا سەبارەت بە پەروەردە و پەرەپێدانی كادران دەبینم، كە كادرانمان دەتوانن لەو ماوە درێژەی خوێندنی دبلۆمی كاری حزبیدا، زۆر شت فێرببن و ببنە كادری نەوعی لە ئۆرگانەكانی حزب و حكومەتدا و لە داهاتوودا رۆڵی خۆیان بگێڕن.
پاشان، باسی لە قۆناغەكانی ژیانی سیاسیی خۆی و هەڤاڵەكانی كرد و وتی: لە شەستەكانی سەدەی رابردووەوە لەناو دنیای سیاسەت و كاری حزبیدام و لە سەرەتای دەیەی حەفتاكاندا بوومەتە ئەندامی كۆمەڵەی ماركسی-لینینی و دواتریش لێپرسراوی كۆمەڵە لە هەولێر، كە قۆناغی سەرەتای كاركردنم لە ناو كۆمەڵەدا، سەخت و دژوار بوو. دواتر باسی لە ئاشكرابوونی رێكخستنەكانی كۆمەڵە و رۆیشتنی شەهید شەهاب و هاوڕێكانی بۆ دەرەوەی وڵات و دەستگیركردنیان كرد و رایگەیاند: لەو قۆناغەدا كۆمەڵە رووبەڕووی زەڕبەیەكی گەورەی سیاسی و رێكخراوەیی بووەوە.
لە ئاماژەكردنیش بە رۆڵی راگەیاندنی یەكێتی لە شاخ و هەموو قۆناغەكاندا، د.ئەرسەلان بایز، دووپاتیكردەوە كە راگەیاندنی یەكێتی، لەپاڵ خەباتی چەكداریدا، یەكێك بوو لە چەكە گرنگەكانی هێرشكردنە سەر رژێمی بەعس. ئەوەش وایكردبوو خەڵك گوێ لە رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان بگرن و هەواڵ و زانیارییەكانی شۆڕش و یەكێتی، لەوێوە بزانن، وتیشی: سەرۆك مام جەلال لەسەردەمی شاخەوە تا دوای راپەڕینیش پێیوابوو دەبێت ئێمە راگەیاندنێكی ئازادمان هەبێت و ببێتە سەكۆیەك بۆ رای ئازاد، ئەوەش بەتایبەت لەدوای راپەڕین و لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ-دا زیاتر رەنگیدایەوە.
لە كۆتاییشدا، ئامادەبووان و خوێندكاران بە سەرنج و پرسیارەكانیان بەشداربوون و د.ئەرسەلان بایز، وەڵامی پێویستی دانەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان