بەڕێوەبەری پرۆژەی ئاوی خاس، باس لەوە دەكات كە مەترسیی كەمئاویی لەسەر پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ نەماوە، بەهۆی ئەوەی چەند رۆژێکە كۆماری ئیسلامیی ئێران ئاوی زێی بچووكی بەرداوەتەوە و تائێستاش بەردەوامە.
مارف مەحمود بەڕێوەبەری پرۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە رۆژی 30ی مانگی رابردووەوە، كۆماری ئیسلامیی ئێران ئاوی زێی بچووكی لە دیوی خۆیەوە بەرداوەتەوە، كە زێیەكە بەتەواوی وشكی كردبوو و ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی قەڵادزێ لەبەردەم كەمبوونەوەی تەواوەتی و هەڕەشەدا بوو، راشیگەیاند: ئێستا ئەو مەترسییە نەماوە و ئاوی پێویست بۆ پرۆژەكە هەیە، جگەلەوەش زێیەكە بەتەواوی پاكبووەتەوە، كە بەهۆی كەمبوونەوەی ئاو و وشكبوونەوە، زەرد ببوو.
هەر لەوبارەیەوە، سپاردە محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەكانی ئاوی راپەڕین لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، ئەوەی خستەڕوو كە لەنێوان كۆماری ئیسلامی و هەرێمی كوردستاندا هیچ هەماهەنگییەك نییە بۆ دیاریكردنی كاتی بەردانەوەی ئاو و بەردەوامیپێدانی، یان گرتنەوەی، بەڵام ساڵانی پێشوو ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە هەبوو بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و سەروماڵیان.
باسی لەوەشكرد لە رابردوودا رێككەوتن و لێكتێگەیشتن لەسەر پرسی ئاوی زێی بچووك لەنێوان ئێران و ئیدارەی راپەڕیندا ئیمزاكرا، بەڵام تائێستا هیچ هەماهەنگییەك لەوبارەیەوە نەكراوە.
رانیە، جێگر خدر