لەگەڵ چڕبوونەوەی ململانێی نێوان وڵاتان و زلهێزەکان، سەرکردەکان و چاودێران پرسیارێکی سەرنجڕاکێش و گرنگ دەوروژێنن: ئایا جیهان لە لێواری جەنگی سێیەمی جیهاندایە؟.
ویتۆڵد رێپیتۆویکز رۆژنامەنووسی پۆڵەندی پێیوایە قسەکردن لەسەر جەنگی سێیەمی جیهانی بە جۆرێك لە جۆرەکان زیادەڕەوییە و وەك وتنەوەی دروشمێك وایە لە دەستپێکردنی هەر جەنگێك لە سەردەمی تازەدا.
لەم بەدواداچوونەدا زانیاری لەسەر پرسیاری: ئایا جەنگی سێیەمی جیهانی روودەدات؟ دەخرێتەڕوو.
تێڕوانینەکان چین؟
پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی ئەمدواییەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان ئێران و ئیسرائیل و بەردەوامیی جەنگ لەنێوان روسیا و ئۆکرانیا، وایکردووە شرۆڤەکاران لە دوای کۆتاییهاتنی دووەمین جەنگی جیهانییەوە بە یەکێك لە ناجێگیرترین ساتە جیۆپۆلەتیکەکان لە مێژوودا لە قەڵەمی بدەن، بەهۆی ئەوەی وڵاتە زلهێزەکان، کە خاوەن چەکی ئەتۆمن، بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشدارن لەو ناکۆکیانەدا، بۆیە نیگەرانییەکان لەبارەی شەڕێکی فراوانترەوە چیتر بە شتێکی گریمانەیی دانانرێت و دەکرێت لە هەر ساتێکدابێت رووبدات.
ئاماژەکان بەو شێوەیەنین
د. ئەژی ئازاد ئەبوبەكر پسپۆڕ لە مێژووی هاوچەرخی ئێران سەبارەت بە سێیەمین جەنگی جیهانی بۆ کوردستانی نوێ قسەی کرد و وتی: سەرباری ئەوەی لەم چەند ساڵەی دواییدا ژمارەی جەنگەكان زیادیانكردووە، بەشێك لەو جەنگانەش درێژخایەنن وەك جەنگی روسیا-ئۆكرانیا و ئیسرائیل لە غەززە، بەڵام ئاماژەكان لە ئێستادا بەرەو ئەگەری روودانی جەنگی سێیەمی جیهانی ناڕۆن، لەبەر چەند هۆكارێك:
ئابووری: زۆرینەی پێشبینی و ئایندەبینییەكان بەرەو ئەوە دەچن، كە ژیانی مرۆڤ سەرباری هەموو هەوڵەكانی بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەكان، بەرەو سەختتربوون دەچێت، ئەمەش وایكردووە ئابووریی وڵاتان زیاتر لە رابردوو وابەستەی یەكتربێت. زۆربوونی رێگە بازرگانییە كۆریدۆرەكان و رێڕەو و نۆكەندەكان وایانكردووە، ئابووری و وزەی وڵاتان بەیەكەوە ببەسترێنەوە و روودانی هەر جەنگێك قەیران بۆ وڵاتانی بەشداربوو-راستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ- دروستبكات.
سیاسی: هاوشێوەی لایەنی ئابووری و وزە، لە بواری سیاسیشدا، لەئێستادا هیچ وڵاتێك نییە لەگەڵ چەند وڵاتێكدا هاوپەیمانی یان هاوبەرژەوەندییەكی هاوبەشی نەبێت. ئەمە بەو واتایە دێت كە مەترسی و هێرش بۆ هەر وڵاتێك، ناڕاستەوخۆ مەترسی و هەڕەشەیە بۆ وڵاتە هاوپەیمانەكانی، ئەمەش وا دەكات هیچ جەنگێك، تەنیا دوو لایەنە نەبێت. بۆیە سەرباری هەموو شەڕە میدیایی و دەروونییەكان لە پاڵپشتی یان ئیدانەكردنی لایەنەكانی جەنگێك، بەڵام لە پشت پەردەوە «دیپلۆماسییەكی بەردەوام» بوونی هەیە. جەنگی ئەمدواییەی ئێران-ئیسرائیل، سەرباری هەموو هەڕەشەكانی هەردوولا بۆ یەكتر سڕینەوە، بەڵام دواجار هەوڵە دیپلۆماسییەكان سەركەوتووبوون لەوەی لانیكەم ئاگربەستێك بێتەكایەوە، ئەگەر ئاشتیش نەبێت.
سەربازی: جیا لەوەی وڵاتانی (ئەمریکا، روسیا، چین، فەرەنسا، بەریتانیا، هیندستان، پاکستان و بە ئەگەرێكی زۆر ئیسرائیل) چەكی ناوەكییان هەیە، وڵاتانی دیكەش سەرباری رێگرییە جیهانییەكان وەك پەیماننامەی نەهێشتنی چەکی ناوەکی (NPT)، هەوڵی بەدەستێهنانی دەدەن، كە ئەمەش وا دەكات، چیتر هیچ وڵاتێك نەتوانێت بە رەهایی بڕیاری هێرشكردنەسەر وڵاتێكی خاوەن چەكی ناوەكی یان بەكارهێنانی ئەم چەكە بدات، چونكە دواجار كاولكارییەكی گەورە بۆ هەردوولای بەشداربووی جەنگەکە دەبێت. تەنانەت هەوڵی وڵاتان بۆ گەیشتن بە نوێترین و كوشندەترین چەك، فڕۆكە، درۆن و تەنانەت پێشكەوتن لە جەنگی سایبری، سەرجەمیان ئاماژەن بەوەی لانیكەم لە ئاست وڵاتانی زلهێز و خاوەن چەكی بەهێز، جەنگی راستەوخۆ روونەدات.
دووەم شەڕی سارد
ویتۆڵد رێپیتۆویکز نوسەر و رۆژنامەنووسی پۆڵەندی بۆ کوردستانی نوێ دوا و دەڵێت: قسەکردن لەسەر سێیەمین جەنگی جیهانی بە جۆرێک لە جۆرەکان زیادەڕەوییە و وەک وتنەوەی دروشمێک وایە لە دەستپێکردنی هەر جەنگێک لە سەردەمی نوێدا. وێنەی سێیەمین جەنگی جیهانی لە فیلمەکانی جەنگی سارددا بریتییە لە ململانێ و جەنگێکی ئەتۆمی، ئەمەش لەئێستادا حاڵەتێک نییە کە هەبێت و رووبدات. ئەوەی بەڕاستی دەگوزەرێت دووەمین شەڕی ساردە، بەڵام بەشێوەیەکی تێکەڵ لەنێوان دوو جیهاندا کە جیهانی دیموکراسیی ئازادیخوازە لەلایەک و جیهانی روسیا و چین لەلایەکی ترەوە. ئامانجی روسیا بەدیهێنانی خەونێکی نیوئیمپریالییە، کە نەک تەنها شوێنێک بۆ ئۆکرانیای سەربەخۆ نییە، بەڵکو بۆ دەوڵەتانی باڵتیک و تەنانەت پۆڵەنداش.
ئاسایشی نیشتمانی
ویتۆڵد لە درێژەی قسەکانیدا بۆ کوردستانی نوێ وتی: ئاسایشی جیهانی بە دووەمین شەڕی سارد لەنێوان روسیا/چین و وڵاتانی خۆرئاواوە بەندە و وێنا دەکرێت، هەروەها ئەگەر درز لە پەیوەندییەکانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکادا هەبێت، تەنها شتێکی کاتییە و ئەو پەیوەندییە زۆر بەهێزە و هەردوولا پێویستییان پێیەتی.
سەبارەت بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش وتی: بە ناسەقامگیریی دەمێنێتەوە، بەڵام ئەگەری روودانی شەڕێکی گەورە بە دوور دەبینرێت و روونادات.
هەروەها لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، چین ناوێرێت هێرش بکاتەسەر تایوان و پێی وابوو ئەوانە هۆکارە سەرەکییەکانی ئاسایشی جیهانین.
ترەمپ و سێیەمین جەنگی جیهانی
پێشتریش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەڵوەستەی لەسەر ململانێ بەردەوامەکانی جیهان کرد و سەبارەت بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی روسیاو ئۆکرانیا هۆشداری داوە و وتی: سێیەمین جەنگی جیهانی هێندە دوورنییە. بەڵام ئاماژەی بەوە کرد لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا هەرگیز رێ نادات ئەو جەنگە رووبدات.
لێدوانەکانی سەرۆکی روسیا
لە ماوەی رابردوودا ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا لێدوانی لەبارەی زیادبوونی هەڕەشەکان دا و وتی: روسیا دەستەوەستان دانانیشێت لەکاتێکدا خۆرئاوا دوژمنەکانی ئێمە چەکداردەکات. رایگەیاند، نیگەرانە لەوەی جیهان بەرەو سێیەمین جەنگی جیهانی دەڕوات.
کوردستانی نوێ، باهۆز ئاسۆ