هێزەكانی فەرەنسا بە تەواوی لە مالی كشانەوە

09:28 - 2022-08-18
ڕاپۆرت
641 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دیاری سابیر

دوای زیاتر لە نۆ ساڵ مانەوەیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گروپە جیهادییەكان لە مالی، هێزە سەربازییەكانی فەرەنسا بەهۆی ناكۆكییان لەگەڵ ئەنجومەنی سەربازیدا، بەتەواوی لە مالی كشانەوە ‌و رۆژی 15ی ئەم مانگە، دوایین هێزی فەرەنسا ئەو وڵاتەیان بەرەو نەیجەر بەجێهێشت.

پڕۆسەیەكی سەربازیی گەورەتر 
فەرماندەیی سوپای فەرەنسا لە بەیانامەیەكدا ئاشكرایكردووە: هەرچەندە بڕیار بوو كشانەوەی هێزەكانیان ماوەی شەش مانگ بخایەنێت، بەڵام پڕۆسەكە بەر لەو وادەیە كۆتاییهات ‌و هێزەكانیان، بنكەی سەربازیی غاوا-یان تەسلیمی سوپای مالی كردۆتەوە. 
ئاماژەی بەوەشداوە، كە فەرەنسا شانبەشانی هاوبەشەكانی لە ناوچەی كەمەر ‌و كەنداوی غینیا دەمێنێتەوە.
بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی گروپە تیرۆریستییەكان، كە چەند ناوچەیەكیان لە باكووری مالی كۆنترۆڵ كردبوو،  ساڵی 2013، فەرەنسا هێزەكانی رەوانەی ئەو ناوچانە كرد و ساڵی 2014، پڕۆسەی سەربازیی سیرڤال كۆتاییهات ‌و هێزەكانی فەرەنسا پڕۆسەی سەربازیی برخان-یان دەستپێكرد، كە پڕۆسەیەكی گەورەتر بوو.

لێدوانی ماكرۆن
دوای كودەتا سەربازییەكەی ئاسیمی غوێتا لە مانگی ئایاری 2021دا، پەیوەندیی نێوان فەرەنسا ‌و مالی كەوتە قۆناغێكی نوێوە ‌و گرژیی لێكەوتەوە، حكومەتی ئەو وڵاتەش داوای لە هێزەكانی فەرەنسا كرد، وڵاتەكەیان بەجێبهێڵن ‌و مانگی نیسانی رابردوو، رێكەوتننامەی سەربازیی نێوانیان كۆتاییهات.    
گرژیی نێوان مالی ‌و فەرەنسا دوای لێدوانێكی ئیمانوێل ماكرۆن هات، كە پلانێكی پاریسی ئاشكراكرد بۆ بڵاوەپێكردنی هێزە سەربازییەكانی فەرەنسا لە ناوچەی كەمەری ئەفریقا، لەگەڵ تەركیز خستنەسەر ناوچەی سنووریی نێوان مالی ‌و نەیجەر ‌و بوركینافاسۆ ‌و كەنداوی غینیا، كە جموجۆڵی گروپە تیرۆریستییەكان تێیدا چالاكبوو، ئەوەش دەسەڵاتدارانی حكومەتی راگوزەری مالی نیگەران كرد ‌و رایانگەیاند، كە لە پلانە نوێكەی فەرەنسادا، پرس ‌و رایان پێنەكراوە ‌و پاریس تاكلایەنە دەیەوێت هاوبەشی نوێ لە جەنگی دژە تیرۆردا بۆ خۆی پەیدا بكات.

ئەڵمانیا پڕۆسە سەربازییەكانی هەڵپەسارد
لەلایەكی دیكەوە، دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی مالی جارێكی دیكە رێگەیان نەدا بە نیشتنەوەی فڕۆكەكانیان، ئەڵمانیا بڕیاریدا بە هەڵپەساردنی پڕۆسە سەربازییەكانی لەو وڵاتە.
 وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاندووە: وڵاتەكەی بڕیاریداوە كە تا كاتێكی نادیار، بەشێكی زۆری پڕۆسە سەربازییەكانی كە لە چوارچێوەی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكاندان، لە مالی رابگرێت، چونكە سەرلەنوێ دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە رێگەیان نەداوە فڕۆكەكانیان بنیشنەوە.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

# فەرەنسا

بابەتە پەیوەندیدارەکان