رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، لە دوێنێوە شەڕ چووە قۆناغی کۆتاییەوە و ئەمڕۆ رۆژێکی نوێیە بۆ تورکیا. پەرلەمان لیژنەیەک پێکدەهێنێت و پێداویستییە یاساییەکان بەجێدەگەیەنێت.
ئەردۆغان لە کۆبوونەوەى راوێژکارى حزبەکەیدا باسى لەو پرۆسەیە کرد کە ئێستا لە تورکیا بەڕێوەدەچێت و وتی، پە.کە.کە لە رێوڕەسمێکدا خۆی هەڵوەشاندەوە و دوێنێ چەکی دانا، لە دوێنێوە بەڵای شەڕ بۆ ماوەی 47 ساڵ چووەتە قۆناغی کۆتایی و بۆ تورکیا ئەوە ماوەیەکی دوورودرێژی و پڕ ئازار بوو، داخرا.
ئەردۆغان وتیشى، ئەمڕۆ رۆژێکی نوێیە، لاپەڕەیەکی مێژووی نوێ هەڵدرایەوە و سەدەی تورکیا و دەروازەکانی هەتا هەتایە کرانەوە. بە پێویستى زانى هەموو تاکێکی تورکیا ئەم هەنگاوەی پە.کە.کەی پێخۆشبێت و جەژن بگێڕیت.
ئەردۆغان وتیشی، لە ساڵی 1984ەوە زیاتر لە 10 هەزار ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و 50 هەزار کەسیش گیانیان لە دەستداوە. زیاتر لە دوو ترلیۆن دۆلاریشیان خەرجکردووە.